جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران چۆن دەستی پێکرد؟

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەیەک بەسەر جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت، پرسیارێکی سەرەکی بەسەر گفتوگۆی سیاسی لە واشنتن و دەرەوەی واشنتنیش دا زاڵە، ترەمپ چۆن ئەو بڕیارەیدا؟ تاوەکو چ رادەیەک ئیسرائیل کاریگەریی هەبوو لەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چوونە نێو شەڕەکەوە؟ زنجیرەی ئەو رووداوانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە دەگەڕێنەوە بۆ زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، کە بریتین لە گوشارە بەردەوامەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، گۆڕانی بەردەوام لە راپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و، زنجیرەیەک لێکدانەوەی ستراتیژی و سیاسی لەنێو کۆشکی سپی دا. دەرئەنجامەکەش یەکەم هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشی راستەوخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو دژی ئێران، کە هەنگاوێکە دەرئەنجامی قووڵی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەیە.
 
رووداوە سەرەکییەکان بەپێی ریزبەندیی کات

 

کانوونی دووەمی 2025
 
خولێکی نوێی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەست پێدەکات. بنیامین نەتەنیاهوو، گوشارەکانی بۆ کردەوەی سەربازی دژی ئێران نوێ دەکاتەوە.
 
نیسانی 2025
 
ترەمپ پێشنیازەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران رەتدەکاتەوە.
حوزەیرانی 2025
 
ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی ئێران. لە ماوەی یەک رۆژدا، ئەمریکا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکات و هێرش دەکاتە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران.
 
هاوین – پاییزی 2025
 
هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران تەنیا چەند مانگێک دواخراوە، لەوانەیە تاوەکو ساڵێک، سەرەڕای بانگەشەکانی ئەمریکا لەبارەی ئەوەی کە گوایە وێرانکراوە.
 
تشرینی یەکەم – تشرینی دووەمی 2025
 
نەتەنیاهوو فەرمان دەداتە سوپای ئیسرائیل کە خۆی بۆ هێرشێکی دیکەی بەرفراوان ئامادە بکات، کە ئەگەری هەیە لەنێوان نیسان و حوزەیرانی 2026دا رووبدات.
 
کانوونی یەکەمی 2025
 
نەتەنیاهوو لە کۆشکی مارالاگۆ چاوی بە ترەمپ دەکەوێت و دەڵێت کە ئێران بە هاوکاریی چین و رووسیا خەریکی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانیەتی لە بواری مووشەکی دا.

کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی 2025
 
ترەمپ رێگە بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا دەدات کە تێیدا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە و هاوژینەکەی دەستگیر دەکرێن.
 
کانوونی دووەمی 2026
 
خۆپێشاندانی جەماوەری سەرتاسەری ئێران دەگرێتەوە. ترەمپ بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە ئەمریکا دەستوەردانی سەربازی بکات بۆ پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندەران.
 
14ی کانوونی دووەمی 2026
 
نەتەنیاهوو داوا لە ترەمپ دەکات کردەوەی سەربازی دوابخات و دەڵێت کە هێشتا ئیسرائیل بۆ هێرشکردن ئامادە نییە.
 
شوباتی 2026
 
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێدەکەن و، پەرەدەستێنن بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر و، ژێرخانی ئەتۆمی، مووشەکی و سەربازیی ئێران دەکەنە ئامانج.
 
هەڵمەتە درێژخایەنەکەی نەتەنیاهوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
 
چەندین ساڵە بننیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوا لە ئەمریکا دەکات هێرش بکاتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران . سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا هەمیشە ئەو داواکارییانەیان رەتکردووەتەوە، چونکە نەیاندەویست جەنگێکی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران دەستپێبکەن.
 
بەڵام ئامانجەکەی نەتەنیاهوو هەر بە نەگۆڕی مایەوە، کە بریتیبوو لە هێرشێکی سەربازیی هاوبەش کە تێیدا تواناکانی هەواڵگریی ئیسرائیل لەگەڵ هێزی سەربازیی ئەمریکادا یەکبگرن.
 
رەتکردنەوەی سەرەتایی ترەمپ
 
کاتێک ترەمپ لە کانوونی دووەمی 2025دا گەڕایەوە سەر دەسەڵات، پلانی درێژخایەنی ئیسرائیلی خرایەوە پێش کە بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراو کە بۆ سەر ئێران ئامادەکرابوو.
 
سەرەڕای گوشارەکانی نەتەنیاهوو، لە سەرەتادا ترەمپ رەتیکردەوە بەشداری بکات.
 لە نیسانی 2025دا، توانی هەوڵەکان بەرەو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەش بوەستێنێت، بەوەش هەمان هەڵوێستی ئیدارەکانی پێشووی دووپاتکردەوە.
 
بەڵام پلاندانانی ئیسرائیل نەوەستا. ئامادەکارییەکان بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراو بەردەوام بوون کە دەکرا بە بەشداریی راستەوخۆی ئەمریکا یان بەبێ بەشداریی ئەمریکا بکرێت.
 
هێرشەکانی حوزەیرانی 2025
 
یەکەم هەڵکشانی گەورە لە حوزەیرانی 2025دا روویدا، کاتێک ئیسرائیل هێرشیکردە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ لە سەرەتادا بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی دەکرد، لە پێشڕەوییە سەربازییەکان و هەروەها کاردانەوە سیاسییەکان بەرامبەر بە هێرشەکان. لە کەناڵی فۆکس نیوزەوە بینی چۆن ئیسرائیل لە ماوەیەکی کورت دا دەستکەوتێکی سەربازیی گەورەی هەبوو، هەر بۆیە بڕیارەکەی خۆی گۆڕی. 
 
لە ماوەی یەک رۆژدا، ئەمریکا بەشداریی هەڵمەتەکەی کرد
 
هێزەکانی ئەمریکا سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێرانیان کردە ئامانج بە بەکارهێنانی بۆمبی تایبەتی حەشارشکێن کە توانای گەیشتنیان بەو دامەزراوە ژێرزەوینیانە هەبوو کە ئیسرائیل بەتەنیا نەیدەتوانی وێرانیان بکات.
 
دوای هێرشەکان، ترەمپ رایگەیاند کە پێگەکان "بەتەواوی و بە یەکجاری سڕاونەتەوە."  ترەمپ و هەروەهاش نەتەنیاهوو بە ئاشکرا رایانگەیاند کە هێرشەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان "نەوەیەک" گەڕاندووەتەوە دواوە.
 
دواتر هەڵسەنگاندنە سەربازییە نێوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەو بانگەشانە زیادەڕۆییان تێدا کراوە.
 
هەڵسەنگاندنەکانی زیانی جەنگ گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێونەبراوە. لە باشترین ئەنجام دا، لەوانەیە بەشەکانی تاوەکو ساڵێک دواخرابن. لە بوارەکانی دیکەدا، پاشەکشەکە بە چەند مانگێک دەخەمڵێندرا.
 
ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە خۆی لەڕووی تاکتیکییەوە بە سەرکەوتوو دادەنرا. هێرشەکان ئەو زیانەیان هەبوو کە پلاندانەران چاوەڕێیان دەکرد. جیاوازییەکە لەنێوان دەرئەنجامە تاکتیکییە سنووردارەکان و ئەو بانگەشە سیاسییە گەورانەدا دەرکەوت کە دواتر کران.
 
نەتانیاهوو گوشار بۆ جەنگی دووەم دەکات
 
دوای هێرشەکانی حوزەیران، وا دەردەکەوت کە ترەمپ پێیوایە پرسی ئێران تاوەکو رادەیەکی زۆر چارەسەرکراوە، بەڵام نەتەنیاهوو وای بیر نەدەکردەوە.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل بەردەوام بوون لەو گوتەیەی کە هەڕەشەکە ماوە. ئێران هێشتا توانای مووشەکی و بەشێک لە ژێرخانی ئەتۆمیی خۆی هەبوو.
 
تاوەکو پاییزی 2025، نەتانیاهوو فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کرد خۆی بۆ هێرشێکی گەورەی دیکە ئامادە بکات. پلاندانانەکە سەرنجی خستە سەر کاتێکی گونجاو بۆ ئۆپەراسیۆن لەنێوان نیسان و حوزەیرانی 2026دا.
 
هەروەها گوشارە سیاسییە نێوخۆییەکانیش دەرکەوتن. هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل نزیک دەبوونەوە و نەتەنیاهوو لە راپرسییەکاندا لە دواوە بوو. هێرشەکەی حوزەیران ئەو پاڵپشتییە سیاسییەی دروست نەکردبوو کە هیوای بۆ دەخواست.
 
کۆبوونەوەکەی مارالاگۆ
 
لە کانوونی یەکەمی 2025دا، نەتانیاهوو چوو بۆ مارالاگۆ بۆ ئەوەی چاوی بە ترەمپ بکەوێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، نەتەنیاهوو باسی لەوەکرد کە ئێران بە خێرایی سەرقاڵی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانیەتی لە بواری سەربازی دا. بەپێی ئەو دۆسیەیەی پێشکێشی ترەمپ کرا، چین کەرەستەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی بۆ ئێران دابین دەکرد، رووسیا هاوکاریی پەرەپێدانی سەربازیی ئێرانی دەکرد.
 
ئێران، بەپێی ئەم گێڕانەوەیە، خەریکی خۆکۆکردنەوە بوو و مەترسیدارتر دەبوو.
 
نەتانیاهوو پێشنیازی هێرشێکی سەربازیی دیکەی کرد و روونیکردەوە کە ئیسرائیل ئامادەیە هەنگاوبنێت، تەنانەت بەبێ ئەمریکاش. لە باشترین دۆخ دا، ئەو ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هاوبەشی دەویست. لە کەمترینیش دا، بەدوای رەزامەندیی ترەمپ و پاڵپشتیی ئەمریکادا دەگەڕا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دا.
 
دۆسیەی تایبەتی
 
هۆکارێکی دیکە کە دەگوترێت لەکاتی گفتوگۆکان دا باسکراوە، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانە بوون کە ئاماژەیان بەوە دەکرد ئێران هەوڵیداوە پیلانێک بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ رێکبخات.
 
راپۆرتەکان دەڵێن هەواڵگریی ئیسرائیل پیلانەکەی ئاشکرا کردووە و زانیارییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەشکردووە. پیلانە گوماناوییەکە پووچەڵ کرایەوە.
 
سەرەڕای ئەوەش، بانگەشەکە قورساییەکی سیاسیی هەبوو، چونکە هەڕەشەکەی ئێرانی بە رەهەندێکی شەخسی بۆ سەرۆکی ئەمریکا وێنا دەکرد.
 
ئێران لاوازە یان مەترسیدارە؟ 
 
دوو بیانووی لە رواڵەت دا دژبەیەک پێشکێش کران بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کردەوەی سەربازی.
 
لەلایەکەوە، ئێران بەهۆی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانییەوە وەک هەڕەشەیەکی گەشەسەندوو وێنا دەکرا. لەلایەکی دیکەشەوە، ئێران وەک وڵاتێکی بێوێنە لاواز وەسف دەکرا لەلایەن ناوەندە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە.
 
گرووپە لایەنگرەکانی ئێران لە ناوچەکەدا لاوازکرابوون. ژێرخانی مووشەکیی حیزبوڵڵا زیانی پێگەیشتبوو. لەهەمان کاتیش دا، خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی ئێران ئاماژەبوون بۆ ئەوەی کە حکومەت رووبەڕووی گوشاری نێوخۆیی بووەتەوە.
 
پێکەوە، ئەم هۆکارانە ئاماژەیان بە هەمان دەرئەنجام دەکرد لەلای ئەمریکا و ئیسرائیل : کاتەکە بۆ کردەوەی سەربازی زۆر گونجاوە.
 
ئۆپەراسیۆنی ڤەنزوێلا متمانەی ترەمپ بەهێزتر دەکات
 
کەمێک دوای کۆبوونەوەکەی مارالاگۆ، ترەمپ رێگەی دا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دراماتیکی لە ڤەنزوێلا.
هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەیان لە کاراکاس دەستگیرکرد و  یەکسەر گواستیانەوە بۆ ئەمریکا.
 
ئۆپەراسیۆنەکە ئەو تێڕوانینەی بەهێزترکرد کە کردەوەی سەربازیی بوێر دەتوانێت دەرئەنجامی خێرا و یەکلاکەرەوەی لێبکەوێتەوە.
وا دەردەکەوت کە سەرکەوتنەکە باوەڕی ترەمپی بەهێزترکردبێ، کە بەکارهێنانی دراماتیکییانەی هێز دەتوانێت رووداوە جیۆپۆلەتیکییەکان دابڕێژێتەوە.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران گێڕانەوەکە دەگۆڕن
 
لە کانوونی دووەمی 2026دا، خۆپێشاندان سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە.
 
ترەمپ بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەکرد کە لەوانەیە ئەمریکا دەستوەردانی سەربازی بکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو خۆپێشاندەرانەی رووبەڕووی حکومەتی ئێران دەبنەوە.
 
ئەمە پاساوێکی نوێی بۆ کردەوەیەکی چاوەڕوانکراوی سەربازی هێنایە ئاراوە: لاوازکردن یان تەنانەت رووخاندنی رژێمی ئێران.
بەڵام لە 14ی کانوونی دووەم دا، نەتانیاهوو داوای لە ترەمپ کرد کە جارێ هێرش نەکات. ئەوکاتە ئیسرائیل بۆ هیچ ئۆپەراسیۆنێک ئامادەنەبوو.
 
ترەمپ هەنگاوەکەی دواخست، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ هاوئاهەنگیی نزیکی نێوان ترەمپ و ناتانیاهوو .
 
پلاندانانی سەربازی خێراتر دەبێت
 
دوای نێوەڕاستی کانوونی دووەم، پلاندانانی سەربازیی هاوبەش چڕتر بوونەوە.
 
راوێژکارەکانی ترەمپ سیناریۆکانی جەنگییان بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی کردەوەی سەربازی دانا. هەڵسەنگاندنەکان هۆشدارییان لەبارەی مەترسییە گەورەکان دا، لەنێویاندا قوربانیانی ئەمریکی، تێکچوونی ئابووری و ئەگەری ململانێیەکی بەرفراوانتر لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
 
سەرەڕای ئەو هۆشدارییانە، ژمارەیەکی کەم لە راوێژکارەکان بەتووندی دژی کردەوەی سەربازی وەستانەوە. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لە سەرەتادا دوودڵ بوو، بەڵام لە کۆتاییدا بە ترەمپی گوت، ئەگەر هەر دەبێ بیکەین با "گەورە بێت".
 
گەڕان بەدوای پاساوێکدا
 
لە قۆناخی پێش جەنگەکەدا، چەندین روونکردنەوەی گشتیی جیاواز بۆ کردەوەی سەربازی خرانەڕوو.
 
یەکێک لە بیانووەکان ئەوەبوو کە ئێران هەڕەشەیەکی مووشەکیی راستەوخۆ لەسەر ئەمریکا دروست دەکات. ئەو بانگەشەیە لەلایەن شرۆڤەکارانەوە رەتکرایەوە، چونکە ئێران هەرگیز توانای ئەوەی نەبووە هێرش بکاتە سەر خاکی ئەمریکا.
 
بانگەشەیەکی دیکە ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئێران دەتوانێت لە ماوەی یەک هەفتەدا چەکێکی ئەتۆمی دروست بکات. ئەو قسەیەش گومانی زۆری لەسەر بوو.
 
لە کۆتاییدا، ئیدارەکە جەنگەکەی بە چوارچێوەیەکی مێژوویی بەرفراوانتر وێنا کرد. حکومەتی ئێران وەک رژێمێکی بەرپرس لە چەندین دەیە تیرۆر و دووژمنایەتیکردنی ئەمریکا وێناکرا، لە قەیرانی بارمتەکانی ساڵی 1979ەوە تاوەکو هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا.
 
جەنگەکە وەک رووبەڕووبوونەوەیەک پێشکێش کرا کە دەمێک بوو کاتی هاتبوو.
 
هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل
 
هەر کە جەنگەکە دەستیپێکرد، هاوکاریی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتە ئاستێکی بێوێنە.
 
فڕۆکەکانی ئەمریکا پاڵپشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلیان کرد، لەنێویاندا ئەرکەکانی پێدانی سووتەمەنی کە وای لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کرد ئامانجەکانی نێو قووڵایی ئێران بپێکن.
 
هاوئاهەنگیی ئۆپەراسیۆنیی نێوان هەردوو سوپاکە بەردەوام و زۆر تێکەڵ بوو.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، جیاوازییەکان لە ستراتیژدا وردە وردە دەرکەوتن.
 
ئاشکرایە کە ترەمپ حەزی لە ململانێ و شەڕێکی کورتخایەنە، بەڵام سەرکردەکانی ئیسرائیل دەڵێن کە چەند هەفتەیەکی دیکەی ئۆپەراسیۆن پێویستە بۆ ئەوەی زیانی هەمیشەیی بە ژێرخانی سەربازیی ئێران بگەیێنن.
 
کۆتاییەکی ناڕوون
 
سەرنجڕاکێشترین خەسڵەتی ململانێیەکە نەبوونی روونییە سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی ترەمپ.
 
روونکردنەوەی جیاواز خراونەتەڕوو: وێرانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، لەنێوبردنی توانا مووشەکییەکانی، لاوازکردنی رژێمەکە، پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندانە نێوخۆییەکان، یان لەکارلادانی دەسەڵاتدارانی ئێران.
 
مەرج نییە ئەو ئامانجانە لەگەڵ یەکدیدا یەکبگرنەوە
 
هەندێک لە لێدوانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە ئامانجەکە لەسەرکارلادانی سەرکردە باڵاکانی ئێران و دواتر راگەیاندنی سەرکەوتن بێت. هەندێکی دیکەش ئاماژە بە خواستێکی بەرفراوانتری لادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن.
 
تەنانەت لەکاتێکدا کە جەنگەکە بەردەوامە، کۆتاییە ستراتیژییەکەی بە نادیاری دەمێنێتەوە.
 
رووداوەکان رەنگدانەوەی تێکەڵبوونی پاڵنەرە ستراتیژی و سیاسی و کەسییەکانن.
 
بۆ ئیسرائیل، ئێران وەک مەترسیدارترین هەڕەشەی درێژخایەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەمێنێتەوە. سەرکردەکانی ئیسرائیل لەمێژە باوەڕیان وایە کە تەنیا کردەوەیەکی سەربازیی یەکلاکەرەوە، بەتایبەتی بە بەشداریی ئەمریکا، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو ئەو هەڕەشەیە لاواز بکات.
 
بۆ ترەمپ، ململانێیەکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ بەدەستهێنانی شتێک کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا لێی دوورکەوتبوونەوە. هەروەها ئەمە رەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ بەکارهێنانی زیاتری هێز بەشێوەیەکی تووندتر لەسەر گۆڕەپانی جیهانی دا.
 
بەڵام جەنگەکە مەترسیی گەورەشی لەگەڵدایە.
 
چەند رۆژێک بەسەر جەنگەکەدا تێدەپەڕێت، ئەمریکا و ئیسرائیل لەڕووی سەربازییەوە بە نزیکی لەپاڵ یەکدی ماونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پرسیارە گەورەکان هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە.
 
ئایا ململانێیەکە بەڕاستی تواناکانی ئێرانی لاواز کردووە؟ ئایا رژێمەکە لاواز دەکات یان بەهێزتری دەکات؟  ئایا جەنگەکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەقامگیر دەکات یان ناسەقامگیرتر؟