بەرپرسێکی کۆشکی سپی: ترەمپ واژۆی لەسەر ئاگربەستی 45 رۆژەی ئێران نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رۆژی دووشەممە رایگەیاند، رەشنووسی رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 رۆژە لەگەڵ ئێران تاوتوێ دەکرێ، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا واژۆی لەسەر پێشنیازەکە نەکردووە.
پێشتر میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردبووەوە کە واشنتن پێشنیازێکی لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە پێگەیشتووە بۆ راگرتنی شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ 45 رۆژ.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "ئەمە یەکێکە لەو چەندین بیرۆکەیەی خراونەتەڕوو، بەڵام سەرۆک ترەمپ هێشتا واژۆی لەسەر نەکردووە؛ بۆیە ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا بەردەوامە."
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە سەرۆک ترەمپ کاژێر 1:00 پاشنیوەڕۆ بەکاتی واشنتن (کاژێر 8:00 شەو بەکاتی هەولێر) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا زانیاریی زیاتر لەبارەی جەنگەکە و ئەم پێشهاتانە ئاشکرا بکات.
وردەکاری پێشنیازەکە
ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگاداری ئەمریکی، ئیسرائیلی و ناوچەکە بڵاویکردەوە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن چڕکراونەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژی دابووە ئێران، رۆژی یەکشەممە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاژێری دیکە درێژکردەوە و لە "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت. ترەمپ بە ئەکسیۆسی گوت: "دانوستاندن هەیە و دەرفەتێکی باش هەیە، بەڵام ئەگەر ئێرانییەکان رێککەوتن نەکەن، هەموو شتێک دەتەقێنمەوە."
دانوستاندنەکان لە رێگەی نێوەندگیرانی پاکستان، میسر و تورکیاوە بەڕێوەدەچن. بەگوێرەی زانیارییەکان، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی نامەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە. رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە لە دوو قۆناخ پێکدێت:
قۆناخی یەکەم: راگەیاندنی ئاگربەستێکی 45 رۆژی بۆ دانوستاندن لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی جەنگ.
قۆناخی دووەم: واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی بۆ وەستاندنی جەنگ.
نێوەندگیرەکان پێیانوایە کێشەی "تەنگەی هورمز" و "کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران" تەنیا بە رێککەوتن چارەسەر دەبن. ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت لە قۆناخی یەکەمدا ئێران هەندێک هەنگاوی سەرەتایی لەم دوو پرسەدا بنێت بۆ دروستکردنی متمانە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، بەرپرسانی ئێران نیگەرانن لەوەی ئاگربەستەکە تەنیا سەر کاخەز بێت و وەک دۆخی غەززە و لوبنانیان بەسەر بێت. نێوەندگیرەکان هۆشدارییان داوەتە تاران کە "کات بۆ تەکتیکی دانوستاندن نەماوە" و ئەم 48 کاژێرە تەنیا دەرفەتە بۆ رێگری لە وێرانکاری.
سەرەڕای ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژی یەکشەممە هەڵوێستێکی تووندی نواند و رایگەیاند، دۆخی تەنگەی هورمز "هەرگیز ناگەڕێتەوە" بۆ دۆخی پێش جەنگ، بەتایبەت بۆ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.