یەکەم وێستگەی پڕکردنەوەی هایدرۆجین لە ئوسترالیا دامەزرا

رووداو دیجیتاڵ

دەیان هەزار ئۆتۆمبێلی هایدرۆجینی لەلایەن بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێل دروستکراون. ئۆسترالیا ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە هایدرۆجین کاردەکەن بردووتە وڵاتەکەی.
 
ئوسترالیا هەنگاوێکی گەورەی لە کەرتی گواستنەوە هاوێشتووە، دەیەوێت لە داهاتووێکی نزیکدا هایدرۆجین شوێنی گاسۆلین و غاز بگرێتەوە. ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە هایدرۆجین کاردەکەن، وزەیەکی پاک و بێگەرد بۆ دروستکردنی کارەبا و بەگەڕخستنی بزوێنەر دروستدەکەن.
 
سکۆت نارگەر، بەڕێوەبەری یەکەمی کۆمپانیای هیوندای بۆ داهاتووی ئۆتۆمبێل لە ئوسترالیا رایگەیاند: "ئێستا ئۆتۆمبێلەکە کاردەکات و بەتەواویش بێدەنگە. گوێبیستی هیچ دەنگێک نابیت. ئەمە هایدرۆجین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنێت، ئەو کارەبایە ئیشی خۆی دەکات و هێز دەداتە ئۆتۆمبێڵەکە وەکو ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی ئەوە نەبێت بە هایدرۆجین مەودایەکی درێژتر دەبڕی و پڕکردنەوەشی ئاسانە."
 
جیاوازیێکی دیکەی بەکارهێنانی هایدرۆجین لە ئۆتۆمبێل ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلە هایدرۆجینییەکان پڕکردنەوەیان لە وێستگەکان خێرایە و بۆ مەودایەکی درێژتریش لە ئۆتۆمبێلی گاسۆلین و کارەبایی دەڕۆن. پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر هایدرۆجین بەباشی ئیدارەی بدرێت، هیچ مەترسییەکی نییە.
 
ئالان فینکل، گەورەزانای ئوسترالی دەڵێت: "لە پلانماندایە هایدرۆجین بۆ کەرتی گواستنەوە بۆ ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و شەمەندەفەر و کەشتییەکان بەکاربێنین. هایدرۆجین دەبێتە بەشێک لە ئابووریمان. ئەمڕۆ بەشێکە لە داهاتووی ئابووریمان."
 
کارکردنی 20 ئۆتۆمبێلی ئوسترالیا بە هایدرۆجین هەنگاوێکی سەرەتاییە، وڵاتەکە بەنیازە ئۆتۆمبێلی زیاتر هاوردەبکات، ساڵی 2020 کۆریای باشوور 10 هەزار ئۆتۆمبێلی هایدرۆجینی فرۆشتووە.
 
لەگەڵ زیادبوونی وێستگەکانی هایدرۆجین و ئۆتۆمبێلی هایدرۆجینی، نرخی سووتەمەنییەکان لە ئوسترالیا دابەزیون، سوودێکی دیکەی هایدرۆجین ئەوەیە، لە بڵاوکردنەوەی دووکەڵ و پیسکردنی ژینگە بەدوورە.