د. گوڵبەهار بێکێت: سەرسامم بەوەی لە هەرێمی کوردستان زانکۆی زۆر هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

مامۆستایەکی زانکۆی ئیۆوای ئەمریکا دەڵێت، پێویستە فێربوون تێکەڵ بە تەکنەلۆژیا بکرێت و لە رێگەی پرۆژەوە خوێندکار فێربکرێت، کاتی ئەوە نەماوە خوێندکار تەنیا لە رێگەی لەبەرکردنەوە فێربکرێت، بەڵکو دەبێت فێربکرێت چۆن بیربکاتەوە و بیرۆکەکانی دابڕێژێت. 
 
پرۆفیسۆر د. گوڵبەهار بێکێت، مامۆستایەکی زانکۆی ئیۆوای ئەمریکا لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیای رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هەست دەکرێت کە گەنجەکانی بەباشی پەروەردە دەکات و گوتی: "سەرسامم لە هەرێمی کوردستان زانکۆی زۆر هەیە، بەتایبەت لە هەولێر، کە زانکۆی زۆرت هەبێت، واتە گەنجی پەروەردەکراوی زیاترت هەیە، ئەمەش وا دەکات کە زانیاری زیاتر بێت و هەولێر و هەرێمی کوردستان بەرەو پێشەوە دەڕوات." 
 
د. گوڵبەهار بێکێت کە بۆ بەشداری لە یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی لە بارەی پەروەردە، توانادارکردن و کارسازی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە هەولێر و لێکوڵینەوەیەکی خۆی کە تایبەت بە فێرکردن لە رێگەی پرۆژەوە پێشکێش دەکات، بە رووداوی گوت: "کۆنفرانسەکە گرنگە و مامەڵە لەگەڵ چۆنیەتی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و تێکەڵکردنی لەگەڵ پەروەردە و هاوکاریکردنی گەنجان لەم ناوچەیەدا بۆ ئەوەی کار بدۆزنەوە دەکات". 
 
دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆی سەڵاحەدین یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بارەی پەروەردە، توانادارکردن و کارسازی لە رۆژانی 6 تاوەکو 8 ـی ئایاردا سازدەکات، کە چەندین مامۆستای زانکۆ لە چەندین وڵاتی جیهانەوە بیرۆکە و پرۆژەکانیان بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکەن. 
 
د. گوڵبەهار بێکێت باس لە لێکۆڵینەوەکەی دەکات و دەڵێت، "ئەمە نەخشە رێگەیەکە لە ئەمریکا، کەنەدا و ئەوروپا بەربڵاوە و کاری پێدەکرێت، پرۆژەکەم بۆ زمانەکانی دیکە وەرگێڕاوە و پرۆگرامێکە بۆ 100 ساڵ دانراوە،  ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپا و ئاسیا ئەم شێوازی فێرکردن و پێدانی زانیاری لە سیستمی پەروەردەدا بەکاردێت، لەم سەردەمەدا پێویستە فێرکردن تێکەڵ بە تەکنەلۆژیا بکەیت و فێرکردن لەگەڵ عەقڵی خوێندکاران تێکەڵ بکەی، خوێندکار دەبێت بە کردار تێکەڵ بە پرۆسەکە ببن و فێرببن نەک تەنیا بە تیۆری و لەسەر کتێب بێت."
 
لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان سیستەمی بۆلۆنیا بەکاردێت، کە سیستەمێکە لە ساڵی 1999 وڵاتانی ئەوروپی بڕیاریان لەسەرداوە بکرێتە سیستەمی فەرمی 29 وڵاتی ئەوروپی لە رووی فێربوونی خوێندکار لە زانکۆکان، لەو سیستەمەدا خوێندکار ناوەندی فێرکردنە و کار بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان قوتابی و خاوەن کاردا دەکات. 
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆی ئیۆوای ئەمریکا باس لە چۆنیەتی فێرکردنی خوێندکار بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر دەکات و دەڵێت: "لەم سیستەمەدا خوێندکار زووتر فێردەبێت، چونکە زیاتر ئەو شتە فێر دەبێت، کە حەزیان لێیە، ئەو شتانە فێردەبن کە گرێدراوی ئەو کارەیە کە خۆیان بیری لێدەکەنەوە لە ئایندە ئەنجامی بدەن، ئەمە وەکو ئەو خوێندنە نییە کە تەنیا لە پۆلدا چەند وانە بە تیۆری وەربگری و دواتر بگەڕێیەوە ماڵەوە."
 
د. گوڵبەهار بێکێت هەروەها دەڵێت، خوێندکار بە کردار ئەو شتانە دەکەن، کە حەزیان لێیە و بیرۆکەکان چ لە زانست بێت یاخود هەر شتێکی دیکە تاوتوێ دەکەن و دەتوانن بە چەند زمانێکی دیکە فێرببن و وایان لێدێت چۆن بتوانن پلان دابنێن و بیرۆکەکانیان داڕێژن، تەماشای ئاڵنگارییەکان دەکەن تەنانەت هەندێجار تەکنەڵۆژیا بەکاردێنن، واتە تەنیا خوێندنەوە نییە لە نێو کتێبدا بەڵکو خوێندنەوە، نووسین، بینین و تاوتوێکردنە بە زمانی جیاواز، تەکنەڵۆژیا بەکاردێت بە کردار کار دەکەن."
 
لەبارەی جێبەجێکردنی فێرکردن لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە لە هەرێمی کوردستان، گوڵبەهار بێکێت ئاماژە بەوەدەکات، "ئەم پرۆژەیە دەکرێت لە هەر شوێنێکی جیهان جێبەجێ بکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، چونکە ئەو رێگەیەی کە ئێمە دەتوانین جێبەجێ بکەین راهێنانی مامۆستا و پرۆفیسۆرەکانە لەسەر سیستمەکە و دواتر ئەوان شۆڕدەکەنەوە بۆ خوێندکارەکانیان، مامۆستایانن کە رێبەرایەتیی ئەم سیستمە دەکەن و خوێندکارەکان ئاراستە دەکەن."