پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا بۆ رووداو: دەمانەوێ پشتگیری لە مانەوەی پەناخوازە عێراقی و ئێرانییەکان بکەین
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کوردی ئەڵمانیا دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت: "هاوڕێی نزیکی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە وەکو ئەندامانی خێزانەکەی وان."
سەردار یوکسەل، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و ئەندامی پێشووی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، قسەی بۆ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، "بە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ هاوسەنگیی جیهان تێکچوو، مرۆڤ لە بەیانی نازانێت بۆ ئێوارە چی روودەدات! ئەمە ئەو بیرۆکەیە دەدات کە پێویستە ئەورووپا خۆی لە خۆی و هێزی خۆی بڕوانێت."
یوکسەل دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت پشتگیری لەو پەناخوازانە بکەین کە عێراقی و ئێرانین، تاکو دیپۆرت نەکرێنەوە و ئاسۆیەکیان هەبێت بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ سەردار یوکسەل:
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵ ئێمەیت و پیرۆزە..
سەردار: زۆر سوپاس.. رۆژباش بۆ هاوڕێیان لە کوردستانیش
رووداو: تۆ ئێستا ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیت، دەتەوێت چی بکەیت لە نۆردراین؟
سەردار: گرنگ ئەوەیە حکومەت بەبێ شەڕ و لە دۆخێکی جێگیر دەوڵەت بەڕێوە ببات. دیموکراسییەت لە ئەڵمانیا لە مەترسیدایە، لە مانگەکانی رابردوودا ئەمەمان باش بینی، پارتێکی فاشیست و رادیکاڵ بەهێز بوو. ئێستا هاوپەیمانییەکی جێگیر هەیە، 72 رۆژ دوای هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی، ئێمە گەشبینین کە ئەمڕۆش ئەنجامی باش لە فریدریش مێرتس بەدەست بێنین.
رووداو: بە بۆچوونی تۆ، ئەم حکومەتە دەبێت چ کارێک بخاتە پێش هەموو کارەکان؟
سەردار: دوو بابەتی سەرەکی هەن. یەکەم، بەهێزکردنی ئەورووپایە. بە هەڵبژاردنی ترەمپ هاوسەنگیی جیهان تێکچوو. لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، مرۆڤ لە بەیانی نازانێت بۆ ئێوارە چی روودەدات! ئەمە ئەو بیرۆکەیە دەدات کە پێویستە ئەورووپا خۆی لە خۆی و هێزی خۆی بڕوانێت.
بابەتی دووەمیش ئەوەیە کە ئەمە سێ ساڵە ئەڵمانیا بە دۆخێکی ناجێگیری ئابووریدا تێدەپەڕێت، گەشەی ئابووریی ئەڵمانیا وەستاوە و لە پاشەکشەدایە. گرنگە ئابووریی ئەڵمانیا ببووژێنرێتەوە، تاوەکو ئەڵمانیا دیسان بەهێز ببێتەوە و لە بەرپرسیارێتی خۆیدا جێ بگرێتەوە.
رووداو: ئەگەر من لە ئەندامێکی CDU بپرسم، ئەوان دەڵێن دووەم بابەتی گرنگ بۆ ئەوان سیاسەتی کۆچبەرییە. ئەگەر من لە تۆ بپرسم، دەبێت چی لە سیاسەتی کۆچبەریدا بگۆڕدرێت؟ بەپێی یاسا، رێگەپێدراوە کە پەناخوازان لەسەر سنوورەکان رەتبکرێنەوە؟
سەردار: سنوورەکانی دەرەوەی ئەڵمانیا درێژییەکەیان سێ هەزار و 970 کیلۆمەترە، واتە لەگەڵ 9 وڵاتی دراوسێدا نزیکەی چوار هەزار کم سنوور هەیە. بۆیە هەرگیز گونجاو نییە سنوورەکانی دەرەوە دابخرێن یان کۆنترۆڵ بکرێن. دەبێت رێگەی یاسایی بۆ ئەڵمانیا هەبێت، بەبێ ئەوەی پێویست بکات کە داوای پەنابەری بکرێت. ئەگەر مرۆڤ بۆ کارکردن بیەوێت بێتە ئەڵمانیا، با رێگەی یاسایی بێت. ئەمە پشتگیری دەکرێت، بەڵام بە بەشداربوونی ئێمەش هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی کۆچبەریدا ناکرێت.
رووداو: سەبارەت بە دیپۆرتکردن چی دەڵێن؟
سەردار: بۆ ئەو کەسانەی کە مافی پەناخوازییان رەتکراوەتەوە ئێستاش دیپۆرتکردن جێبەجێ دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت پشتگیری لەو کەسانە بکەین کە عێراقی و ئێرانین، تاکو دیپۆرت نەکرێنەوە. و ئاسۆیەکیان هەبێت، تاکو لە ئەڵمانیا بمێننەوە. یاسایەکی نوێی مانەوە هەیە، بۆ ئەو کەسانەی رەتکراونەتەوە و لێرە کاردەکەن، بێتاوانن و پێشێلکاری یاسایان نەکردووە، دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنرێت بەردەوام لە ئەڵمانیا بمێننەوە.
رووداو: تۆ باوەڕ دەکەیت کە SPD دەتوانێت بڕیاری خۆی بسەپێنێت؟ لەبەرئەوەی CDU پێداگیرە و وەزیری نوێ گوتوویەتی، ئەرکی یەکەمی، کەمکردنەوەی کۆچبەرییە؟
سەردار: ئەو باسی کۆچبەریی نایاسایی دەکات، کە کۆچبەریی نایاسایی کەم بکرێتەوە. بەڵام ئەڵمانیا پێویستی بە هێزی کارە لە دەرەوەی وڵات. بەبێ هێزی کار لە دەرەوە، ئەڵمانیا ناتوانێت ئابووری خۆی ببوژێنێتەوە. بۆیە گرنگە، رێگەی یاسایی بۆ هاتن بۆ ئەڵمانیا هەبێت.
دەبێت کۆچبەریی نایاسایی کەم بکرێتەوە، ئەمە راستە، چونکە نابێت خەڵکێک بە رێگەی مەترسیدار بێن، وەکو بە کەشتی لە دەریای نێوەڕاست. تراژیدیای زۆر هەبوون. لەبەر ئەوە، بوونی رێگەی یاسایی گرنگە، کە خەڵکێک بە ڤیزەی کار بێنە ئەڵمانیا.
رووداو: کوردیش دەنگیان پێداویت، تۆ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا چی بۆ کورد دەکەیت؟
سەردار: بابەتی زۆر گرنگ بۆ من، بوونی پردێکە لە نێوان ئەڵمانیا و کوردستاندا، لە کاتێکی نزیکدا من دێمە کوردستان. من لەوێ هاوڕێی زۆرم هەن، ئەوان بۆ من وەک ئەندامانی خێزانێکن، خەڵکی کوردستان دەبێت بزانن ئەوان تەنیا نین، ئەوان لە پەرلەمانی فیدراڵی، لە بەرلین دەنگێکی بەهێزیان هەیە، من و پارتەکەم (SPD) شان بە شانی کوردەکانی باکووری عێراقین.
رووداو: دوای 60 ساڵ وەزیری دەرەوە لە پارتی CDU یە. ئەوان بە چ شێوەیەک سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە دەبەن؟ ئێوە بەڕێز ڤادفول چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
سەردار: ئەڵمانیا لە ساڵی 1945ـەوە بەردەوامیی هەیە، سەرەڕای گۆڕانی حکومەتەکان. ئەڵمانیا ئەندامی ئەورووپا و ناتۆیە، ئێمە دڵسۆزین لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، دەمانەوێت ببینە دراوسێی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێمان. وەزیری دەرەوە کارێکی باش دەکات، بۆیە من باوەڕ ناکەم گۆڕانکاری گەورە رووبدات. بەهێزکردنی ئەورووپا دەبێتە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی.
رووداو: زۆر سوپاس، بۆ بەشداریکردنت لەگەڵ ئێمە
سەردار: سڵاوی گەرمم بۆ کوردستان