مێژوو لە بۆندستاگ نووسرایەوە؛ راوێژکار لە گەڕی دووەمی دەنگدان متمانەی پێبەخشرا

 رووداو دیجیتاڵ

بۆندستاگ یان پەرلەمانی فیدراڵ رۆژێکی مێژوویی و شۆکهێنەری تێپەڕاند. بۆ یەکەمینجار لە مێژووی ئەڵمانیادا، راوێژکاری پێشنیازکراو لە خولی یەکەم دەنگی تەواوی بەدەستنەهێنا، ئەمەش نەک هەموو سیاسییەکان، بەڵکو بازاڕی بۆرسەی جیهانیشی هەژاند.
 
فرێدریش مێرتس بۆ بوون بە راوێژکار پێویستی بە 316 دەنگ بوو؛ پشت ئەستوور بەوەی حیزبەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکەی 328 کورسییان هەیە، دڵنیابوو لە متمانەوەرگرتن، بەڵام تەنیا 310 دەنگی بەڵێی پێدرا و هەڵبژاردنی راوێژکار چووە گەڕی دووەم.
 
ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) دەڵێت، "من خۆم بەڕاستی چاوەڕێی ئەمەم نەدەکرد، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا مێژووییە. مێرتس زۆر ناخۆشەویستە، چونکە ساختەکارە لە هەڵبژاردنەکاندا و ئەوەی ئەمڕۆ روویدا بە تەواوی لۆژیکی بوو".
 
بەپێی دەستوور، لەماوەی 14 رۆژدا پێویستە گەڕی دووەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەم شۆکە گشتییەی ئەڵمانیا و ناوچەکەی گرتبووەوە، بووە هۆکار گەڕی دووەمیش هەمان رۆژ بەڕێوەبچێت.
 
یان ڤان ئاکن، هاوسەرۆکی پارتی چەپەکان لەبارەی دەنگدانەکە باس لەوە دەکات، "ئەمە خراپترین دەستپێکە کە راوێژکارێک هەیبووە. ئەو تەنانەت ناتوانێت هاوپەیمانێتی حکومەتی خۆی لە پشت بێت و دەنگی خۆی کۆبکاتەوە. ئەو سیاسەت دابەش دەکات، وڵات دابەش دەکات. کەسێکی وا نابێت ببێتە راوێژکاری ئەلمانیا."
 
دوای زیاتر لە 10 کاژێر گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان فراکسیۆنەکان، لە گەڕی دووەم، فرێدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات بە 325 دەنگ بووە راوێژکاری ئەڵمانیا.
 
دۆرۆتێ بێر، وەزیری تویژینەوە و تەکنەلۆژیا لە کابینەی مێرتس دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "من خۆشحاڵم کە ئێستا فرێدریش مێرتس بووەتە راوێژکاری ئەڵمانیا. ئەمە پەیامێکی زۆر بەهێزە، نەک تەنیا بۆ ئەڵمانیا، بەڵکو بۆ سەرتاسەری ئەورووپاش. بێگومان ئەمە کاریگەری جیهانیشی دەبێت. جیهان چاوی لە ئێمەیە. ئەڵمانیا گەورەترین وڵاتە لە ئەورووپا و ئێمە دەبێت بەشداری لە سەقامگیری بکەین."
 
دەستبەکاربوونی مێرتس لەکاتێکدایە، ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی 302 کورسیی لە بەرامبەر هاوپەیمانی "رەش و سوور" هەڵکەوتووە و جگە لە جیاوازی بەرفراوانی پلان و بەرنامەیان، جیاوازی دەنگیان نزیکە و تەنیا 26 کورسییە.