بێژەرێکی ئەمریکی لە پەخشی راستەوخۆدا جەڵتە لێیدەدات
رووداو دیجیتاڵ
جوولی چین، بێژەری هەواڵەکانی کەناڵی KJRH، کە کەناڵێکە لە تۆڕی کەناڵەکانی NBCی ئەمریکی، لەکاتی پێشکێشکردنی گەشتی هەواڵەکان جەڵتەی مێشک لێیدا و نەیتوانی بەردەوام بێت.
جوولی چین وەکو رۆژانی ئاسایی هەواڵەکانی دەستپێکی رۆژی لە پەخشی راستەوخۆدا پێشکێش دەکرد و لەناکاو تەندروستیی تێکچوو، بەشێوەیەک بینەری کەناڵەکە هەستی بە تێکچوونی تەندروستیی دەکات، چەند چرکەیەک لە قسەکردن و جووڵە وەستا و دواتر پێشکێشکاری هەواڵەکانی کەشوهەوا دەرکەوت و درێژەی بە گەشتی هەواڵەکان دا.
پاشان جوولی چین پۆستێكی لە فەیسبووک کرد و نووسیبووی ''رۆژانی داهاتوو ناڕوونن بۆ من، پزیشکەکانم لەو باوەڕەدان کە لە کاتی پێشکێشکردنی گەشتی هەواڵەکاندا تووشی جەڵتەی مێشک بووم."
لەبارەی رووداوەکەوە ئەو بێژەرە ئەمریکییە دەڵێت، ''وەکو هەر رۆژێکی ئاسایی چوومە سەر کارەکەم و هەستم بە هیچ ئاماژەیەکی ناتەندروست نەکردبوو، بەڵام لە نێوەڕاستی خوێندنەوەی هەواڵەکاندا هەندێک شتی نامۆ روویاندا."
چی بەسەر جوولی چین هات و چۆن باسی دەکات؟
جوولی چین لەو کاتەی هەواڵی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانی ناسای دەخوێندەوە، تەندروستیی تێکچوو و چەندین جار وشەکانی دووبارە دەکردەوە و دەڵێت، ''سەرەتا چاوێکم هیچی نەدەبینی، دواتر قۆڵێکم جووڵەی نەما، پاشان بە ئەستەم دەمتوانی لێوەکانم بجووڵێنم بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکان، بۆ چەند چرکەیەک نەمتوانی هیچ بڵێم، دەمزانی کار لە کار ترازاوە و ناتوانم بەردەوام بم و داوای لێبووردنم لە بینەران کرد و گوتم ئانی براون هەواڵەکانی کەشوهەواتان پێشکێش دەکات."
هاوکارەکانی زانییان جوولی چین تووشی شتێکی خراپ و ترسناک بووە و خێرا ئەمبوڵانسیان بانگکرد و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ویلایەتی ئۆکلاهۆما و چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا.
جوولی سوزان مۆنڤێز چین لەدایکبووی ساڵی 1970یە لە ئەمریکا، لە ساڵانی 2000 لەسەر تەلەڤیزیۆن دەرکەوتووە و کاری بۆ زۆر کەناڵ کردووە و چەندین بەرنامەی تایبەتی هەبووە.