ترەمپ: دیموکراتەکان ناهێڵن چاودێری جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەین

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکانی وەک پەنسلڤانیا، جۆرجیا و نیڤادا بەردەوامە. دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکانیش، دیموکراتەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە ناهێڵن چاودێریی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە دیموکراتەکانی بە هەوڵدان بۆ ساختەکاری لەو ویلایەتانە تۆمەتبار کرد کە بوونەتە شوێنی کێبڕکێی تووندی هەردوو بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بە تایبەت، جۆرجیا، پەنسلڤانیا و نیڤادا، هەروەها گوتی دیموکراتەکان لە ئاریزۆناش خەریکی فێڵکردنن و رێگە نادەن کەس چاودێری پرۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکان بکات.
 
بەربژێری کۆمارییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو تەنیا هەڵبژاردنێکی پاک و بێ ساختەکاری دەوێت، پرسەکەش پەیوەندی بەوە نییە کێ براوە دەبێت، بەڵام نابێت ئەمریکا لە پرۆسەیەکی وەهادا تووشی شەرمەزاری ببێت.
 
جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەر سێ ویلایەتی پەنسلڤانیا، جۆرجیا و نیڤادا بەرەو کۆتایی دەچن و دەنگی هەردوو بەربژێری کۆمارییەکان و دیموکراتەکان زۆر لە یەکدییەوە نزیکن، بەڵام تائێستا چانسی دەرچوونی بایدن زیاترە.
 
تائێستا 99٪ی دەنگەکانی ویلایەتی جۆرجیا جیاکراونەتەوە و رێژەی دەنگی هەردوو بەربژێرەکە یەکسانن، واتە هەردووکیان 49%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. بەڵام ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بە 1775 دەنگ لە پێش بایدنەوەیە. 
 
لە ویلایەتی پەنسلڤانیا کە یەکێکە لە ویلایەتە یەکلاکەوەرەکان،  90%ی دەنگەکانی جیاکراونەتەوە. ترەمپ بە 26 هەزار و 132 دەنگ لە پێش بایدنەوەیە. 
 
ویلایەتێکی دیکە کە هەردوو بەربژێرەکە شەڕی لەسەر دەکەن، ویلایەتی نیڤادایە، هەرچەندە بایدن بە بردنەوەی تەنیا ئەو ویلایەتە دەگاتە کۆشکی سپی، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆری دەنگی ئەو ویلایەتە ماون بژمێردرێن.
 
تائێستا 84٪ی دەنگەکانی ویلایەتی نیڤادا جیاکراونەتەوە، جۆ بایدن بە 11 هەزار و 438 دەنگ لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە. لەو ویلایەتە تائێستا جۆ بایدن 49.4%ی دەنگەکان و دۆناڵد ترەمپ 48.5%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.