چی روودەدات ئەگەر ترەمپ واز لە دەسەڵات نەهێنێت؟
رووداو دیجیتاڵ
ئەم پرسیارەی سەرەوە، ئێستا لە هەموو کات زیاتر مێشکی چاودێرانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکای داگیرکردووە، چونکە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکانی سێشەممەی رابردووی ئەمریکا، وردە وردە هەموو هەواڵەکان لەسەر سەرکەوتنی جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات چڕ دەبنەوە. لەگەڵیدا هەڵمەتەکانی دۆناڵد ترەمپ و خودی سەرۆکی ئێستا، لە چەندین لاوە گومان لەسەر ئاراستەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دووپاتدەکەنەوە.
بەشێوەیەکی گشتی، دۆخەکە لە ئەمریکا وا دێتە بەرچاو، دۆناڵد ترەمپ، وا بەئاسانی خۆی بەدەست ئەنجامەکانەوە نادات و کۆشکی سپی چۆڵناکات، ترەمپ چەندینجار گومانی خستووەتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، هەموو ئەمانە دەمانخاتە بەردەم پرسیاری ئەوەی: سیناریۆکانی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چۆن دەبن؟ یاسا و دەستووری ئەو وڵاتە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆکێکدا دەکەن کە ئامادەنییە بەخۆشی خۆی، واز لە دەسەڵاتەکانی ناو کۆشکی سپی بهێنێت؟
لەبەردەم بێسەرەوبەرەییدا
لە مانگەکانی نزیک لە وادەی هەڵبژاردنەکان، ترەمپ وەک ئامادەسازییەک بۆ خولقاندنی کەشی گشتی لەئەمریکادا، چەندینجار دووپاتیکردەوە ئەو براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت. لە دوای دەنگدانی گشتی وڵاتیش دڵنیاییدا لە سەرکەوتنەوەی، ئەوەشی گوت هەر ئەنجامێک باس لە شکستی ئەو لە هەڵبژاردنەکان بکات، 'گوماناوییە' بەهۆی 'ساختە و دەستکاریی'ەوە.
بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، ترەمپ پەیڕەو لە ستراتیژیەتی بێنەوبەرە دەکات، لە بری وەڵامێکی قەڵەمبڕانە لەبارەی رادەستکردنی دەسەڵاتەوە بەبێ کێشە ئەگەر هەڵبژارنەکانی دۆڕاند، ئەمە هەمان ئەو شێوازەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی 2016دا پەنای بۆ برد، کاتێک گوتی، "تەنیا ئەگەر براوەبم" ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵدەکەم.
بیانووی سەرەکی بۆ گومانکردنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان، دەنگدانە لە رێگەی پۆستەوە بەهۆی پەتای کۆرۆنا، ئەو لە چەندین کۆنگرەی خۆی و چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، بەهۆی دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە، دیموکراتەکان دەستبەسەر دەیان ملیۆن دەنگدا دەگرن و بەوەش ئەنجامەکان ساختە دەکەن.
بۆ پتەوکردنی هەڵوێستەکەی لە بەرامبەر جەماوەری ئەمریکیدا، ترەمپ راگرتنی پارەدارکردنی 'دەستەی پۆستەی ئەمریکا'ی سەر بە حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی راگەیاند، ئەو دەستەیە دەستەیەکی فیدراڵی سەربەخۆیە و بەدەست تەنگژەی داراییەوە دەناڵێنێت. ترەمپ گوتی "ئەوان پێویستیان بەو پارەیە هەیە کە حکومەت دەیدات بەو دەستەیە بۆ ئەوەی لە کارەکانیان بەردەوام بن، بەوەش ملیۆنان کارتی دەنگدان دەنێرن، بەڵام ئەگەر نەگەینە رێکەوتن لەگەڵیان، ئێمە پارەکەیان رادەگرین".
دەنگدان بەپۆست، میکانیزمێکە هەل بۆ دەنگدەر دەڕەخسێنێت بۆ دەنگدان و پڕکردنەوەی کارتی دەنگدانەکەی بەبێ ئەوەی بچێتە بنکەی دەنگدان.
میکانیزمەکانی دەنگدانی بەپۆست، لە ویلایەتەکانی ئەمریکادا جیاوازە، لە هەندێکیاندا لیژنەی تایبەت بەهەڵبژاردن، لە رێگەی فەرمانبەرەکانییەوە، کارتی دەنگدانەکان بەسەر ماڵی دەنگدەرەکاندا دابەشدەکات و پاشان هەمان ئەو فەرمانبەرانە، کارتەکان کۆدەکەنەوە. لە هەندێک ویلایەتی دیکەشدا، دەنگدەرەکان پاش دەنگدان و دانانی کارتی دەنگدانەکەیان لە نێو زەرفی تایبەتدا، کارتەکانی دەنگدان دەنێرنەوە بەردەستی لیژنەی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکان، لە ویلایەتەکەی خۆیان.
دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە، پێشینە بە دیموکراتەکان دەدات، چونکە ئەو جۆرە دەنگدانە، ژمارەی دەنگدەرانی کەمینەکان و هەژارانی وڵاتەکە زیاد دەکات، ئەو چینانە زۆرینەیان لایەنگری دیموکراتەکانن و ئەمجارە دەنگیان بەبایدن داوە. ئەمە رووداوێکی مێژووییە لە هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دیموکراتەکان زۆرینەیان لە رێگەی پۆستەوە دەنگدەدەن و کۆمارییەکانیش وایان پێباشە، خۆیان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و راستەوخۆ دەنگەکانیان بخەنە ناو سندووقەکانەوە.
ترەمپ دەنگدان بەپۆست رەتدەکاتەوە، چونکە بەهۆکارێکی ئاسانی ساختەکاریی دەبینێت، لەکاتێکدا 65 لەسەدی ئەمریکییەکان دەنگدانیان لەرێگەی پۆستەوە پێباشترە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا، لە کۆی نزیکەی 100 ملیۆن ئەمریکی کە بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختەدا کرد، زیاتر لە 65 ملیۆنیان بە پۆستە دەنگیانداوە.
یاکۆب ورچڤتەر، رۆژنامەوانە و پێشتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریکردووە، ئەو بە 'سیاسە پۆست'ی راگەیاندووە، ترەمپ بۆیە داننان بەشکست لە هەڵبژاردنەکاندا رەتدەکاتەوە، چونکە دەستووری ئەمریکا و سیستمی هەڵبژاردن دەسەڵاتی تەواوی نادەنێ بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکان.
ئەو رۆژنامەڤانە ئەمریکییە پێیوایە، ئەوپەڕی دەسەڵاتی ترەمپ لە بەرامبەر ئەنجامەکاندا، داوای سەرلەنوێ جیاکردنەوەیانە، ئەگەر لە هەندێک ویلایەتدا دەنگەکانی نێوان هەردوو بەربژێر زۆر لەیەکتری نزیکبوون. ئەو دەڵێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرمانگە یان بەڕێوەبەرایەتییەکی بۆ لیژنەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی نییە کە سەرپەرشتی کۆی پرۆسەکە بکات، لەبەرئەوە هەڵبژاردنەکان لەلایەن بەرپرسانی حکومی ناوخۆیی ویلایەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، نەک بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵییەوە، ئەمەش وادەکات بابەتی گومانکردن لە ئەنجامەکان "زەحمەت و نالۆژیکی بێت".
ورچڤتەر و زۆرینەی ئەمریکییەکان ئێستا لەوە دەترسن، گرووپە چەکدارە تووندڕەوە راستەکان، هەوڵبدەن لە ئێستا بەدواوە هەندێک پشێوی بنێنەوە. ئەو دەڵێ بۆی هەیە ئەوەی لێیدەترسین رووبدات، باشترین بەڵگەش رووداوی دەستگیرکردنی گرووپێک بوو لەلایەن 'ئێف بی ئای'ەوە، کە هەوڵیاندابوو حاکمی ویلایەتی میشیگن بفڕێنن و بیکوژن، کە خۆی سەر بە پارتی دیموکراتە و لەگەڵ ترەمپدا ناکۆکە لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا.
سێ سیناریۆکەی بەردەستی ترەمپ
تادێت دۆناڵد ترەمپ، زیاتر مەیل بەلای رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە دەردەخات، هەڕەشەی چوونە دادگای فیدراڵی دەکات و دەنگۆی ئەوەش لەئارادایە کە ئامادەنییە دەسەڵات رادەست بکات، چەندینجاریش باسی لەتانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کردووە، ئەگەر بیدۆڕێنێت.
ئەم رەتکردنەوە پێشبینیکراوە، ئاسەواری نێگەتیڤی سیاسی و یاسایی لەسەر سیستمی سیاسی ئەمریکا دروستدەکات، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەخاتە بەردەم بێسەروبەرییەوە، ئەمە سیناریۆیەکە ماوەیەکی بەرچاوە دامەزراوەکانی یاسادانان و دادگەری ئەمریکا و تیمی یاسایی جۆ بایدنیش خۆیان بۆ ئامادەکردووە.
کاتێک ترەمپ رۆژی 4ی ئەم مانگە و پاش تەنیا 24 کاژێر لە دەنگدانی گشتی گومانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کرد و گوتی، لە چەندین ویلایەت دەنگەکانم دزراون، هەڕەشەی کرد پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵی کرد، بەڵام ئەوکات تیمی یاسایی هەڵمەتەکەی بایدن ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو سیناریۆیەکی یاسایی، خستە روو.
ئاراستەکانی ئەگەری رەتکردنەوە لە رووی یاسایی و سیاسییەوە، لەگەڵ سیناریۆکانی ئەو مانۆڕانەی پێشبینیدەکرێت لەمڕۆ بەدواوە ترەمپ پەنای بۆ ببات لەبەردەم ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چەندین ئەگەری کراوە دەهێننە ئاراوە:
رادەستنەکردنی دەسەڵات
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ رادەستکردنی دەسەڵات رەتبکاتەوە، بەبیانووی 'ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان' یاخود بەهۆی پێشێلکردنی یاسای دەنگدانی پۆستەوە، وەک ئەوەی کە ئێستا بەردەوام قسەی لەسەر دەکات، ئەم ئاراستەیە ئەگەر ترەمپ بیگرێتەبەر، خراپترین ئاسەواری سیاسی و یاسایی لەسەر دیموکراتیەتی ئەمریکا و سیستمە سیاسییەکەی دروستدەکات.
لەم دۆخەدا دەستووری ئەمریکا قسە دەکات: "کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆک و جێگری سەرۆک لە پاشنیوەڕۆی رۆژی 20ی کانوونی دووەم دەبێت".
یاکۆب ورچڤتەر دەڵێ، "جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی و یاسای ویلایەتەکان بەشێوەیەکی گشتی، ئازادی رەها بە سەرۆک و لایەنگرەکانی نادات بۆ گۆڕینی شێوازی باوی رادەستکردنی بێکێشەی دەسەڵات، کە تائێستا زۆرینەی ئەمریکییەکان شانازی پێوە دەکەن".
ئەو زیاتر دەڵێ ئەندامانی 'دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی کۆشکی سپی'، دەبێ ترەمپ ناچاربکەن بەخۆشیی خۆی دەسەڵات رادەست بکاتەوە، هەروەها دەڵێت ئەو کەسە ئاسایشپارێزانە "وەک پاسەوانە کەسییەکانی سەدام حوسێن نین، بەڵکو ئەوان پۆلیسی پڕۆفیشناڵن و سیاسی نین، ئەوان چۆن ترەمپ و پێنسی جێگری دەپارێزن، ئاوها بایدن و هاریسیش دەپارێزن".
بروس ریدل، راوێژکاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ چەندین ساڵ، دەڵێ پێشتر رووینەداوە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا رادەستکردنەوەی دەسەڵات رەتبکاتەوە، خۆ ئەگەر ترەمپ ئەوە بکات، ئەمریکا و ناوچەکەش دەخاتە بەردەم چارەنووسێکی نادیارەوە.
ریدل کە وەک شرۆڤەکار لە 'ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) کاریکردووە و ئێستا لە سەنتەری برۆکینگزە، دەڵێ "رژێمی ئەمریکی رەگی قووڵی هەیە، لە کانوونی دووەمی داهاتوودا، ترەمپ کۆشکی سپی بەجێدەهێڵێت ئەگەر بدۆڕێت، تەنانەت ئەگەر کاربگاتە ئەوەی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی بەزۆریش ئەو ببەنە دەرەوەی کۆشکی سپی".
ریدل ئەو سیناریۆیە بەدوور دەزانێت، لەبەر چەند "ئەگەرێک" کە پەیوەندییان بە ترەمپ و ئەندامانی ماڵباتەکەیەوە هەیە، کە تێکەڵی کۆمەڵگای بزنس و سیاسەت بوون، دووپاتیدەکاتەوە، چوونە دەرەوەی باوکیان بەو شێوەیە لە کۆشکی سپی، رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر باوبانگی ئەوان دەبێت لە نێو کۆمەڵگەی بزنسمانەکانی وڵاتدا.
سوپا و هەڵبژاردن
لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ هەوڵیداوە سوپای ئەمریکا لە ململانێ سیاسییەکانی خۆیەوە بگلێنێت، بەوەش هێڵێکی بەرگریی بەهێزی لەپێشی خۆیدا لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا دروستکردووە، ئەو هێڵە بەشێوەیەکە گوێ بە دەقە دەستوورییەکان نادات، کە پێویستی دەکات دامەزراوەی سوپا بە سیاسی نەکرێت و ئەرکی ئەو تەنیا بریتییە لە پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەبەردەم مەترسییەکانی دەرەوە و پاراستنی دەستوور.
ئەوەی ترەمپ پەنای بۆ بردووە، هەوڵەکانی ئەوە لە ساڵانی 2017 و 2018 لە بەشداریپێکردنی سوپا لە نمایشە سەربازییەکاندا لەپێناو پڕوپاگەندەی سیاسی، یان دەستتێوەردان لە کەمکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە دەرەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە سیاسییەکان.
سوپا لەسەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا، لە ناوخۆشدا بەکارهێنرا، ئەو لە کارێکدا کە رەتکردنەوە و تووڕەبوونی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بڕیاریدا 10 هەزار سەربازی وڵاتەکە لە ناوچەیەکی واشنتنی پایتەخت بڵاوە پێبکات، پاش ناڕەزایەتییەکانی کوژرانی جۆرج فلۆیدی رەشپێست.
یەکەم ئاماژە ئاشكراکانی بە سیاسیکردنی سوپا، دەرکەوتنی ژەنەراڵ مارک میلی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا بوو بە جلوبەرگی سەربازییەوە بە یاوەری ترەمپ، لە گەشتێکی دەرەوەی کۆشکی سپیدا بەنێو بڵاوەبووانی ناڕەزایەتییەکان، لە دیمەنێکدا کە پێشێلی نەریتێکی باو و دێرین بوو کە هەموو بەرپرسە گەورە سەربازییەکان، لە کاتی سەردانکردنی کۆشکی سپیدا پەیڕەویان دەکرد (ئەوان هەمیشە بەرگی سڤیل دەپۆشن لەکاتی سەردانی کۆشکی سپیدا)، ئەمە بەدەستتێوەردانی سوپا لە سیاسەتی ئەمریکادا لێکدرایەوە، بەوەش ناوبرا کە پشتگیری ترەمپە لە کۆتاییهێنان بەخۆپێشاندانەکان لەرێگەی هێزەوە.
بەڵام ژەنەراڵەکە پاشەکشەی کرد و داوای لێبووردنی لە دیمەنەکە کرد، بڵاوکراوەیەکی راگەیاند و تێیدا ئەو سوێندەی بیرهێنایەوە کە سەربازەکان خواردوویانە بۆ پاراستنی دەستوور، کە لای خۆیەوە پارێزگاری لە مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکات.
ئەو هەوڵانە، نیگەرانی گەورەیان لە هەڵوێستەکان لە بەرامبەر دامەزراوەی سەربازیی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتوو دروستکردووە، هەروەها ئەگەری بەکارهێنانی ترەمپ بۆ سوپا وەک پڕوپاگەندە، یان بەکارهێنانی بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی بایدن بە دەسەڵات، ئەگەر هەڵبژاردنەکانی بردەوە، تەماشا دەکرێت.
ئاسەوارەکانی ئەو نیگەرانییە لەسەر هەریەکە لە ئیلیسا سلۆتکین و میکی شیریل دەرکەوتن، کە دوو ئەندامی دیموکراتی ئەنجوومەنی نوێنەرانن و پرسیاری نووسراویان ئاراستەی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، مارک ئیسپەر و مارک میلی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا کرد و تێیدا پرسییان، هەڵوێستیان چییە ئەگەر ترەمپ دەستی بەدەسەڵاتەوە گرت؟ یان هەوڵیدا جەنگەکە بەشێوەیەک بەکاربهێنێت خزمەتی بکات لە مانەوە بۆ کۆشکی سپی، هەرچەندە بایدنیش هەڵبژاردنەکان بباتەوە.
بەڵام سەرۆکی ئەرکان، مشتومڕەکەی یەکلاکردەوە و گوتی: "پێشبینی ناکرێت سوپا هیچ رۆڵێکی لە پرۆسەی هەڵبژاردن، یان یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەدا هەبێت کە بەهۆی هەڵبژاردنەکانەوە دێتە ئاراوە".
دەستوور هیچ رۆڵێکی بەسوپا نەداوە لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا، تەنانەت هیچ دەسەڵاتێکی نەداوەتێ بۆ کۆتاییهێنان بەهەر ناکۆکییەکی نێوان بەربژێرەکان. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رێوشوێنی تووند لە دژی تێوەگلانی ئەندامانی سوپای ئەمریکا لە کاروباری سیاسیدا پەیڕەو دەکات، رێگریدەکات لە هەر دیاردەیەک لە دیاردەکانی لایەنگیریی سوپا، دووپاتیدەکاتەوە دەبێ هەموو ئەندامەکانی پەیڕەوی رێنوێنییەکانی سەرکردە سڤیلەکان و کۆنگرێس بکەن، بەبێ ئەوەی بیر لە هەڵوێستی سیاسیی ئەوان بکەنەوە.
ورچڤنەر دەڵێ سوپای ئەمریکا پابەندە بە چەندین بنەماوە کە رێگریدەکات لە بڵاوەپێکردنی لەناو نیشتمانی ئەمریکیدا، یان دەستخستنە ناو کاروباری سیاسییەوە، بەڵام ئەوەش دەڵێت: "لەوانەیە سەرۆکێکی دیکە کە گەلویستییەکی گەورەتری هەبێت، وا بکات گەورە ژەنەراڵەکان نەریتە باوەکان پێشێل بکەن و دەستێوەردان لە بەرژەوەندیی ئەو بکەن".
ئەو دووپاتیدەکاتەوە پەیوەندی ترەمپ لەگەڵ هەموو ئەفسەر و سەربازەکاندا 'زیانی بەرکەوتووە'، بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی، کە بووە هۆکاری پتەوبوونی بیرۆکە رەگەزپەرستییەکان، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەوەدا کە ئەمریکییە بنەچە لاتینی و ئەفریقییەکان لە نێو سوپای ئەمریکادا، تادێت زیاتر و زیاتر دەبن، ئەوان ئەو توێژەن کە بەهۆی گوتارە رەگەزپەرستییەکانی ترەمپەوە، زیانمەندبوون.
تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لەبەردەم دادگادا
سیناریۆی دووەم کە بۆی هەیە لە حاڵەتی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە لەلایەن ترەمپەوە پەنای بۆ ببرێت، پەنابردنە بەر دادگاکانی ئەمریکایە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ئەگەر تەنگژەیەک لە جیاکردنەوەی دەنگەکاندا روویدا، بەو مەرجەی دەنگەکانی ویلایەتەکان لە نێوان هەردوو بەربژێردا نزیکبن لە یەکترییەوە.
ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆکاری دواکەوتنی سەرۆکی داهاتووی وڵات، تاوەکو ئەوکاتەی دادگا بابەتی ناکۆکییەکە یەکلادەکاتەوە و ئەوەش پێویستی بە چەند مانگێک هەیە.
تاکە رێگە بۆ دەربازبوون لە مانۆڕەکانی ترەمپ لە دوای هەڵبژاردنەوە، کە خۆی بۆ ئامادە دەکات لە ویلایەتە دوودڵەکاندا، ئەوەیە بایدن بە جیاوازی زۆر سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و بەوەش رێگری بکات لەپەنابردنی ترەمپ بۆ دادگاکان. ترەمپ خۆی بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادەکردووە و نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری هەڵمەتەکەی لە تیمە یاساییەکەیدا خەرجکردووە، لە کۆی نزیکەی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا کۆی کردووەتەوە.
تیمە یاساییەکەی ترەمپ لە پارێزەرانی ناوخۆیی و پارێزەرانی کۆمپانیای 'جۆنز دای' لە واشنتن پێکدێت، هەروەها کۆمپانیای 'چارلز هاردەر' لە لۆس ئەنجلس، کە تایبەتمەندە بە دۆسێیەکانی سووکایەتی بە دەزگاکانی راگەیاندن.
ریچارد هیسین، مامۆستای کۆلێژی مافی زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێ، دەکرێ "ئێمە ململانێیەکی درێژخایەن لە دوای هەڵبژاردنەکان لە دادگاکان و شەقامیشدا ببینین، ئەگەر ئەنجامەکان نزیکبن لە یەکترییەوە"، ئەو روونیدەکاتەوە "ئەوە رووکەشی داڕووخانی هەڵبژاردنەکان دەبێت".
سیناریۆیەکی هاوشێوە لە ساڵی 2000دا روویدا، کاتێک دادگای باڵای ئەمریکا ململانێی هەڵبژاردنی لە نێوان سەرۆکی ئەوکاتی وڵات جۆرج بووشی کوڕ و ئال گۆری رکابەریدا یەکلاکردەوە، لە بەرژەوەندی یەکەمیان لە دوازدەی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، واتە دوای زیاتر لە مانگێک لە هەڵبژاردنەکان.
بەپێی دەستوور ئەگەر دەستنیشانکردنی سەرۆک دواکەوت و نەیتوانی لە کاتی دەستنیشانکراو بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتەکانی دەستبەکاربێت، یان سەرۆکی هەڵبژێردراو شکستی هێنا لە وەرگرتنی دەسەڵاتەکانی، وەک ئەوەی کە ترەمپ پەنا بباتە بەر دادگا، ئەوکات جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو دەسەڵاتە یاساییەکانی سەرۆکی پێشوو وەردەگرێت تاوەکو دادگا دۆخەکە یەکلادەکاتەوە.
خۆ ئەگەر سەرۆک یان جێگرەکەی لە رووی یاساییەوە توانای لە ئەستۆگرتنی ئەرکەکانیان نەبوو، کۆنگرێس بۆی هەیە کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بکات، هەروەها دەسەڵاتی یاسایی ئەمریکا، دەسەڵاتەکانی پێدەدات بە سیفەتی سەرۆک تاوەکو ئەوکاتەی سەرۆک یان جێگرەکەی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئامادە دەبن.
ماوەی مراوییە شەلەکە
دوا سیناریۆ لەبەردەمی ترەمپدا، بەکارهێنانی ماوەی کاربەڕێکارییە لە پۆستەکەیدا، ئەو ماوەیە بریتییە لە ماوەی نێوان راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەم، تاوەکو وادەی رادەستکردنی دەسەڵات لە 20ی کانوونی دووەمدا، ئەوکات دەتوانێ زنجیرەیەک بڕیار دەربکات، ئەرکی ئیدارەی نوێ بە سەرپەرشتی جۆ بایدن، زەحمەت بکات.
ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات بە 'مراوییە شەلەکە' ناونراوە، ئەمە کارێکە دیموکراتەکان لێیدەترسن، لەبەر پەنابردنی ترەمپ بۆ دەرکردنی ژمارەیەک بڕیاری گرنگ، کە ئەنجوومەنی پیران پشتگیریدەکات لە کاتێکدا ئەنجوومەنی پیران، بەدەست کۆمارییەکانەوەیە، ئەو بڕیارانە بەشێوەیەک دەبن، ئیدارەی داهاتووی وڵات بە سەرپەرشتی جۆ بایدن، بە ئاسانی ناتوانێ گۆڕانکارییان تێدا بکات.
بەڵام ئەوەی بۆی هەیە رۆڵی یەکلاکەرەوە لەو ئەگەرەدا بگێڕێت، هێزە چەکدارەکانە کە رایانگەیاندووە پابەندی هیچ بڕیارێکی نادەستووریی نابن لە دوای بیستی کانوونی دووەمەوە، لەبەرئەوەی ئەوکات سەرۆک ماوەی دەسەڵاتە یاساییەکانی کۆتاییانهاتووە و حکومەتی ئەمریکی لە ژێردەستی ئەودا نییە.
ورچڤتەر سیناریۆیەکی دیکە دەخاتە روو، ئەو دەڵێ لەوانەیە ئەمەیان زیاتر نیگەرانی دروستبکات، ئەویش بریتییە لەوەی ترەمپ دەستلەکاربكێشێتەوە لە پۆستەکەی، ئەگەر بزانێت لە هەڵبژاردنەکاندا شکستیهێناوە، ئەوکات مایک پێنسی جێگری بە سەرۆک دەستنیشاندەکات، تاوەکو کۆتایی ماوەی گواستنەوەی دەسەڵات، ئەوکات پێنس کاتێک دەبێتە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لێخۆشبوونێکی سەرۆکایەتی بۆ تاوانەکانی ترەمپ و ماوەی ویلایەتەکەی دەردەکات، دەکرێ ئەو هەندێک بڕیار دەربکات کە رێگریدەکات لەوەی دیموکراتەکان ترەمپ بدەنە دادگا.
تێكشکاندنی نەریتێکی تەمەن 250 ساڵ
ئێستا ئەمریکا بەهەموو توێژەر و شارەزاکانییەوە، تاوتوێی سیناریۆکانی رەتکردنەوەی رادەستکردنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە دەکات، هەمووان بەدوای لێکدانەوەی یاسایی و سیاسیی ئەو بڕیارەدا دەگەڕێن، کە بۆی هەیە ترەمپ بەهۆیەوە گۆڕانکاری زۆر لە مێژووی سیاسەتی وڵاتەکەدا دروست بکات.
گۆڤاری 'زە ئەتلانتیک'ی ئەمریکی سیناریۆکە بەدوور نازانێت، هەڵوەستە لەسەر ئەوەش دەکات کە 250 ساڵە لە مێژووی ئەمریکادا رووینەداوە سەرۆکێک بەبێ کێشە، دەسەڵاتەکانی رادەست بکات.
گۆڤارەکە دەڵێ ماوەی 250 ساڵە، هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا رێزیان لەدەستوور گرتووە، کە ناهێڵی هیچ سەرۆکێک بۆ زیاتر لە دوو ماوەی سەرۆکایەتی لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە، ئەمە لە دەستکاری 22ی دەستووردا ئاماژەی بۆ کراوە. گۆڤارەکە دەڵێ، تەنانەت ئەو سەرۆکانەش کە لە هەڵبژاردنەکاندا دووچاری شکستی ئابڕووبەرانە بوون، بێ کێشە لە کۆشکی سپی هاتوونەتە دەرەوە.
'زە ئەتلانتیک' کە ئاوڕی لە کولتووری جوانی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی نێوان سەرۆکەکان داوەتەوە و چەندین نموونەی هێناوەتەوە، لەشێوەی ئەو نامەیەی جۆرج بووشی باوک بۆ بیل کلنتنی بەجێهێشت و پیرۆبایی هاتنە کۆشکی سپی لێکرد، ئاماژەی بەوەداوە کە سیناریۆی رادەستنەکردنی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە، دەمێکە کاری لەسەر دەکرێت.
وەک گۆڤارەکە دەڵێ، لایەنگرەکانی ترەمپ باس لە ماوەی سێیەمی سەرۆکایەتی ئەو دەکەن نەک دووەم. نموونەی بە تویتێکی مایک هاکابی، حاکمی پێشووی ویلایەتی ئارکنساس هێناوەتەوە کە تێیدا دەڵێ "سەرۆک ترەمپ گونجاوە بۆ ئەوەی بۆ سێیەمجار لە سەریەک ببێتەوە سەرۆک، ئەمەش بەهۆی هەوڵە نایاساییەکانی جەیمس کۆمی و دیموکراتەکان و میدیاکان کە داوای کارکەنارکردنی ئەو دەکەن".
قسەکانی ئەو سەرکردە کۆمارییە کاتێک بڵاوکراونەتەوە، کە کۆنگرێسی ئەمریکا هەوڵی کارکەنارکردنی ترەمپی دەدا بەهۆی دەستتێوەردانی رووسیاوە لەهەڵبژاردنەکانی 2016ی وڵات.
هاکابی یەکەم کەس نییە ئەو هۆشدارییەی دابێت، لە مانگی ئایاردا، جیری فالۆیل، سەرکردەنی ئینجیلییەکان بەروونی گوتی "من پشتگیری دەنگدانێک دەکەم بۆ ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک ترەمپ دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، لە بەرامبەر ئەو کاتە زۆرەدا کە دیموکراتەکان لە وڵاتدا خەرجیان کرد، هەروەها بەهۆی کۆدێتای شکستخواردووی گەندەڵانەی ئەوانەوە".
پارێزەرەکەی ترەمپ پێشتر نیازەکەی ئاشکرا کردووە
ئێستا ئیدی هەڵدانەوەی ئەو پەڕە دێرینانەی ئاماژەدەدەن بەرازینەبوونی ترەمپ بەرادەستکردنی دەسەڵاتەکانی، وردە وردە دەردەکەوێت. لە ئاداری رابردوودا مایکڵ کۆهین، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، لە قسەکردنی لەبەردەم لیژنەیەکی کۆنگرێسدا ترسی خۆی لەوە نەشاردەوە، ترەمپ دەسەڵاتەکانی رادەست نەکات.
ئەو پارزێزەرە گوتی "بەپێی ئەزموونی خۆم لە کارکردن لەگەڵ ترەمپ، ترسم لەوە هەیە ئەگەر هەڵبژاردنەکانی 2020 بدۆڕێنێت، دەسەڵاتەکانی بەئاسانی رادەست ناکات".
ئەوە هەر پارێزەرەکەی ترەمپ نییە ئەو بۆچوونەی دەربڕیووە، بەڵکو نانسی بیلۆسی دیموکرات و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەرۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی راگەیاندبوو، پێویستە ئەمریکا خۆی بۆ سیناریۆی رازینەبوونی ترەمپ بەبەجێهێشتنی کۆشکی سپی، ئامادە بکات.
کۆهین باسی لە سیناریۆکانی ئەو ئەگەرە کردووە، بەتایبەت کە دەستووری ئەمریکا بەڕوونی دەستنیشانی نەکردووە چی روودەدات، ئەگەر سەرۆک بەچوونە دەرەوە لە کۆشکی سپی، رازینەبوو.
میدیاکانی ئەمریکا بەبیری دەهێننەوە کە ترەمپ، خۆیشی پێشتر ئاماژەی بەهەمان ئەو سیناریۆیە داوە، ئەو لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە کانوونی یەکەمدا گوتی "لەماوەی 5 ساڵ، یان 9 ساڵ یان 21 ساڵ یان 29 ساڵدا، پۆستەکەم بەجێدەهێڵم" بەڵام دواتر خۆی قسەکانی وەک نوکتەیەک ئاماژە پێدا و گوتی، تەنیا ویستم میدیاکان بەو قسەیە "شێت" بکەم.
ترەمپ لەوە وردتر مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد کە بیری لێدەکرێتەوە، ئەو چەند رۆژێک بەر لە گوتارەکەی پێنسلڤانیا گوتبووی "زۆر کەس دەڵێن گوایە من پۆستەکەم بەجێناهێڵم.. کەواتە دەبێ لەئێستاوە خۆمان بۆ ئەوە ئامادەبکەین، چونکە من بیرۆکەکە بە خراپ نازانم".
میدیاکان دەڵێن، ئەوەی ترەمپ پێشتر کردوویەتی لە زۆر دووپاتکردنەوەی ئەو سیناریۆیە، تەنیا بۆ ئەوەیە شتەکە لای شەقامی ئەمریکی بەئاسایی وەربگیرێت و کاتێک بڕیاریدا لە پۆستەکەی نەڕوات، خەڵک بەشۆکەوە وەرینەگرن.
دەسەڵاتەکان ئەو لە کۆشکی سپی دووردەخەنەوە
ئەو سیناریۆ رەشبینە پێشبینیکراوە، لای هەمووان جێگەی ترس نییە، چونکە هەرچەندە دەستوور بەڕوونی باسی لە یاخیبوونی سەرۆک لە رادەستکردنی دەسەڵات نەکردووە، بەڵام یاساکانی دیکە رێوشوێنەکانیان دەستەبەرکردووە، بۆ لێخستنی سەرۆکی دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکاندا.
سەرۆکی ئێستا، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، دەستبەجێ هەموو دەسەڵاتەکانی لەدەستدەدات و دواتر هیچ دەزگایەکی وڵاتەکە و لە نێویاندا 'دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی' کە بەرپرسی دابینکردنی ئاسایشی سەرۆکە، گوێ بۆ هیچ فەرمانێکی سەرۆک ناگرێت. سەرۆک هەروەها دەسەڵاتی دەرکردنی فەرمانی سەربازی بۆ بەرگریکردن لەخۆی لەدەستدەدات، لەبەرئەوەی پۆستی فەرماندەی گشتی هێزە سەربازییەکانی نامێنێت، هەموو دەسەڵاتەکانی بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێ دەگوازرێتەوە.
خۆئەگەر پێویست بکات، جێگرەوەکەی ترەمپ، بەپێی یاسا دەتوانێ فەرمان بە کارمەندانی 'دەزگای خزمەتی نهێنی' ناو کۆشک بکات، بۆ دوورخستنەوەی و دەرهێنانی لە کۆشکی سپی. ئەوکات لەبەرئەوەی هیچ پارێزبەندییەکی نەماوە، بەئاسانی دادوەران دەتوانن پەلکێشی بەردەم دادگای بکەن و دەستگیری بکەن بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر ماڵوموڵکی کەسانی دیکە، لە کۆشکی سپیدا.