مامۆستایەک لە چین بیرکاری و ئینگلیزی فێری سەگەکانی دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری سوژوو لە چین مامۆستایەک وانەی ئینگلیزی، چینی، بیرکاری و وەرزش فێری سەگەکانی دەکات. 
 
مامۆستا ژوو یۆنگمینگ نزیکەی 15 سەگی لە پۆلەکەیدا هەیە، سەرجەمیان بە گوێڕایەڵییەوە لەسەر کورسی دادەنیشن، کە مامۆستا پرسیارێک دەکات هەر هەموویان دەست بەرزدەکەنەوە.
 
سەگەکانی ئەو مامۆستایە لە وانەی بیرکاری زیرەکن، کە مامۆستا پرسیار دەکات بۆ نموونە دەڵێت 3+4 دەکاتە چەند، ئەو سەگەی وەڵامدەداتەوە حەوت جار دەحەپێنێت.
 
ژوو یۆنگمینگ، مامۆستای ئاژەڵی ماڵییە، دەڵێت، "ئاداری ئەمساڵ پۆلێکم بۆ سەگەکانم کردەوە. وانەی چینی، بیرکاری، ئینگلیزی فێری سەگەکانم دەکەم وەکو هەر خوێندکارێک کە لە قوتابخانەدا شت فێر دەبێت."
 
سەگەکانی ئەم پیاوە حەزیان بە وانەی وەرزشە، لە یاری پەتپەتێن زۆر گورج و گۆڵن و زوو زوو خۆیان بەسەر پەت و بەنێو بازنەکاندا بازدەدەن. کاتێک کە مامۆستاکە وانە شی دەکاتەوە، سەگەکان گوێدەگرن و قسەناکەن تاوەکو کاتی پرسیارکردن دێت.
 
مامۆستا ژوو یۆنگمینگ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئێمە هەمیشە سەگەکانمان بە تاکتیکی جیاواز رادەهێنین ئینجا ئەمە دەگەڕێتەوە سەر کەسایەتی و خووەکانیان. لە بری فێربوون خواردنیان وەکو پاداشت پێدەدەم".
 
مامۆستاکە لە تیکتۆک ڤیدیۆی وانە گوتنەوەکەی بڵاودەکاتەوە، تاوەکو 95 هەزار کەس بینەری ڤیدیۆکانین.
 
هەر لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە خەڵکی دیکەش سەگی خۆیان بۆ راهێنان دەبەنە ئەو قوتابخانە تایبەتە و مامۆستاکەش لە بەرامبەر فێرکردنی سەگەکانیان پارەیەکی باشیان لێوەردەگرێت.