ئۆکراینا تێکشکاندنی 41 درۆنی رووسیای راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، لە کۆی 48 درۆنی رووسیا، رێگریی لە 41یان کردووە و لە ئاسمانی وڵاتەکەی تێکیشکاندوون.
 
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە درۆنەکانی تێکشکاندووە و ئاماژەی بەوە کرد، "درۆنەکان هەموویان لە جۆری شاهیدی ئێرانی بوون".
 
وەزارەتەکە روونی نەکردووەتەوە ئەگەر پاشماوەی درۆنەکان هیچ زیانێکیان هەبووبێت، بەڵام ئاشکرای کردووە، درۆنەکان بەرەو ئاسمانی هەرێمەکانی کریمیا و کورسک لە ئۆکراینا ئاراستە کرابوون.
 
شەڕی رووسیا و ئۆکراینا ئەمڕۆ پێدەنێتە رۆژی 651ـەمەوە و هەردوولا خۆیان بۆ زستانی دووەمی جەنگ ئامادە دەکەن.
 
رۆژی 22-11-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام تراژیدیایە؛ بەدڵنیاییەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەو تراژیدیایە بووەستێندرێت".
 
سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت بەوەی گفتوگۆ بۆ وەستاندنی شەڕ رەت دەکەنەوە و گوتی، "رووسیا هەرگیز گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا رەتنەکردووەتەوە".
 
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی یاساکە، هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قەدەخە کرد.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچە دوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
 
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
  
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.