باڵیۆزی یابان بۆ رووداو: لە دژی کۆریای باکوور پێشنیاری نهێنیمان هەیە
رووداو - نیویۆرک
باڵیۆزی یابان لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو بۆ یەکەمین جار ئاشکرای کرد کە یابان چەند پێشنیارێکی نهێنی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی کۆریای باکوور.
مۆتۆهیدی موشیکاوە، باڵوێزی یابانی لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بەزوترین کات پڕۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەربکرێت کە ناوەڕۆکێکی تۆکمەی هەبێت و بۆ سزای زیاتریش دەبێت گفتوگۆی لەسەر بکەین".
کەمتر لە 24 کاژێر دوای راگەیاندنی تاقیکردنەوەی بۆمبی هایدرۆجینی لە کۆریای باکوور، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان زۆربەی کۆبوونەوە ئاساییەکانی رەتکردەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بەپەلەی ئەنجامدا.
بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی " ئەم رەفتارە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری بۆ ئاسایشی ئیقلیمی و هەروەها پێچەوانەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە چەکە و من ئیدانەی ئەم کارە دەکەم".
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش رایگەیاند کە خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژە بڕیارێکە بۆ دانانی سزای ئابووری و سەربازی زیاتر لەسەر کۆریای باکوور.
ئێلبیۆ رۆسێلی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵیۆزی ئۆرگوای رایگەیاند "ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەزووترین دەستدەکەن بەکارکردن بۆ زیادکرندی سزا نێودەوڵەتییەکان لە پڕۆژە بڕیارێکی نوێدا".