یەكێتی ئەوروپا لە مالیكی دێتەدەنگ
رووداو- هەولێر
یەكێتی ئەوروپا هەڵوێستی مالیكی لەبەرامبەر پەرلەمان بە كودەتا ناودەبات و بەلێدانێكی قورسی پرۆسەی سیاسی دادەنێت لە عێراق، هەروەك داوای وەستاندنی كۆمەكە سەربازییەكان دەكات بۆ عێراق، تاوەكو ئەو چەكانە دژی گەلی عێراق بەكار نەهێنێت و نەبێتە مایەی بەهێزكردنی ئێران و گەرمكردنی ئاگری شەڕی تائیفی لە ناوچەكە.
داواشیكردووە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق لەژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەبچێت، چونكە بەبڕوای یەكێتی ئەوروپا لەژێر سایەی ئەو حكومەتەی ئێستا هەڵبژاردنەكە پاك و ئازاد نابێت.
یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەكەی 30 مانگی داهاتوو، هەنگاوێكی دیكەی بەرەو ستەم و دیكتاتۆریەت هەڵهێناوە، چونكە مالیكی زۆر بە شێوازێكی نابەجێ لە وتاری هەفتانەی خۆیدا گوتی "ماوەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی بەسەر چووە"، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە خۆی بە دەنگی ئەو پەرلەمانە بووةتە سەرۆك وەزیران.
مالیكی گوتوویەتی، بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمان لە بودجە داوە، ئەگەر پەرلەمان پەسنی بكات یان نا.
ستراوس ستیفنسۆن، سەرۆكی شاندى پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق، لە راگەیاندراوێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "مالیكی وەك هەموو دیكتاتۆرەكانی دیكە خۆی بە پێوانەی یاسا دادەنێت و وادەزانێت ئۆپۆزیسیۆن بوون یاسا شكاندنە، بە هەندێك هەڵسوكەوتیشی بە پێشێلكردنی یاساكان چەند تایبەتمەندییەكی یاسادانان لەدەستدەدات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا جەختدەكاتەوە، ئەو هەڵوێستەی مالیكی لە كودەتایەك زیاتر نییە، ئەوش دەسەلمێنێت كە چەندینجار جەختمان لێكردووەتەوە، ئەویش ئەوەیە مالیكی بە خۆ سەپاندنی بەسەر دەسەڵات و ئەو زوڵم و زۆرییەی دەیكات، خۆی سەرچاوەی كێشەیە لەعێراق، چونكە مالیكی پێشێلی دیموكراتیيەت دەكات و یەك بەدوا یەكی نەیارەكانی وەلا دەنێت، سوننەكان پاكتاو دەكات و شیعەكان ژێرپێ دەخات، لەژێر سایەی ئەودا شتێك نییە بەناوی یاسا و زیندانییەكان بەبێ دادگاییكردنێكی فەرمی دەنێردرێنە بەر پەتی سێدارە.
سەرۆكی شاندی پەیوەندییەكانی ئەوروپا لەگەڵ عێراق دەڵێت، یەكێتی ئەوروپا لە مانگی رابردوودا كۆنگرەیەكی فراوانی لە بارەگاكەی خۆیدا لە برۆكسل لەبارەی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئەنجامدا، كە بەشێكی زۆری سەركردە سیاسی و ئایینیەكان تێیدا ئامادەبوون و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی، كە مالیكی گوێ بە داواكارییەكانی سوننەكان نادات و بە هێرشكردنە سەر گۆڕەپانەكانی ناڕەزاییش رەوشەكەی ئاڵۆزتركرد، یەكێتی ئەوروپاش لەو كۆنگرەیەدا نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی لەو هەموو لەسێدارەدانەی لە عێراق دەكرێت و داوایكرد چاو بە بڕگە و یاساكانی لەسێدارەدان بگێڕدرێتەوە بۆ ئەوی خەڵك بڕوایان بە وڵاتەكەیان لەدەست نەدەن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوە رۆژنامەوانییەكەیدا ستراوس دەڵێت "پێویست كۆمەكی سەربازی بۆ مالیكی بوەستێنرێت، چونكە ئێرانی پێ پشت ئەستووردەكات و تەنیا لە بەرامبەر گەلی عێراق بەكاریدەهێنێت و شەڕی تائیفی پێ گەرمدەكات".
ستراوس داوادەكات هەڵبژاردن بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بێت، نەخاسمە كە هەردوو وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری لەژێر فەرماندەیی مالیكدان و فەرمانی راستەوخۆ لەو وەردەگرن و بۆ ئامانجەكانی خۆی بەكاریان دێنێت.
نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەوتارەی هەفتانەی خۆیدا، كە چوارشەممە پێشكەشیكرد، ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی بە كاركردن بۆ سەرنەكەوتنی حكومەت تۆمەتباركرد و پەرلەمانی بە ناشەرعی ناوبرد، گوتیشی دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكەین، ئەگەر پەرلەمان پەسەندیشی نەكات.
هەمان رۆژیش ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی مالیكی دایەوە و بە كودەتاكردن بەسەر شەرعیەتی دەستووری تۆمەتباریكرد.