پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا: ئێران لە رووی سەربازییەوە بەهێزە و بە چەند بۆمبێکی ئاسمانی ناگۆڕدرێ
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی دەڵێ، ئێران لە رووی سەربازییەوە "زۆر بەهێزە" و بە بۆمبی ئاسمانی ناگۆڕدرێ. ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران "پێویستە گەل خۆی راپەڕێت. ئەڵمانییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەبێت".
بیتریس فۆن شتۆرش، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا AFD لە پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندێستاگ)، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا، باسی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "سۆزی ئێمە بۆ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنە نەک رژێم".
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گوتی، ئەوان دەیانەوێ دەسەڵاتی ئێستای ئێران نەمێنێت؛ "بەڵام بەشداریی سەربازیی ئەڵمانیا لەو شەڕەدا کارێکی دوورە و پێموایە لێرە لە پەرلەمان هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە هاوڕان؛ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیاش پشتگیریی ئەوە ناکات و ئێمە لە دۆخێکی وەهادا نین کە بتوانین ئەوە بکەین".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پارتەکەی ئێوە و بەڕێزت دەڵێن چی سەبارەت بەوەی کە ئەڵمانیا دەڵێت بە هیچ شێوەیەک نامانەوێ بەشداریی ئەو شەڕە (شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران) بکەین؟
بیتریس فۆن شتۆرش: ئێمە ئاواتی ئازادی بۆ گەلی ئێران دەخوازین، دەمانەوێ رژێمی مەلاکان نەمێنێت، بەتایبەت بۆ ناوچەکە و بۆ هەموو جیهانیش ئەوە زۆر گرنگ دەبێت، چونکە لە ئێرانەوە تیرۆرێکی گەورە بۆ جیهان بڵاو دەبێتەوە. بەڵام بەشداریی سەربازیی ئەڵمانیا لەو شەڕەدا کارێکی دوورە و پێموایە لێرە لە پەرلەمان هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە هاوڕان؛ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیاش پشتگیریی ئەوە ناکات و ئێمە لە دۆخێکی وەهادا نین کە بتوانین ئەوە بکەین.
رووداو: ئەی دەبێت حکومەتی ئەڵمانیا چی بکات؟
بیتریس فۆن شتۆرش: ئەوەی ئێمە لە حکومەتی فیدراڵیی دەخوازین ئەوەیە کە ئەو کارانە بکات کە لە توانایدایە، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی ئەو لێکەوتانەیە کە هەڕەشەن. یەکەمیان پرسی کۆچبەرییە؛ ئێمە بە روونی دەڵێین دەبێت کێشەکە لەو شوێنە خۆی چارەسەر بکرێ، ئەگەر جووڵەی کۆچبەری هەبوو، دەبێت هێزە ناوچەییەکان کۆچبەرەکان بگرنە خۆیان. دووەمیان پرسی نرخی وزەیە؛ ئێمە ناتوانین کاریگەریمان لەسەر نرخی نەوتی خاو لە جیهاندا هەبێت، بەڵام دەتوانین لێرە کاریگەریمان لەسەر نرخ هەبێت، چونکە بەشێکی زۆری نرخ لای ئێمە پەیوەندی بە باجەوە هەیە. حکومەت دەتوانێت باج کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لێکەوتەکانی قەیرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نرخی وزەدا هەستی پێ نەکەن.
رووداو: هەندێک بەرپرسی ئەمریکی و ترەمپیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە باش دەبێت ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەهێز بکرێت، بۆ نموونە کورد. بۆچوونی ئێوە چییە و ئایا پارتەکەتان "پلانی بی" هەیە بۆ داهاتووی ئێران؟
بیتریس فۆن شتۆرش: دەبێت ئەوانەی لەوێ کار دەکەن پلانی "بی"یان هەبێت نەک ئێمە. روونە کە ئێمە دەمانەوێت گۆڕینی رژێم رووبدات و ئەوەش دەبێت لە نێوخۆوە بێت. بزووتنەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش هەر ئەوەیان دەوێ. هەندێک ناوەندی راپرسی لە دەرەوە هەن کە دەریدەخەن گومانی زۆر لەسەر گۆڕینی رژێم لە رێگەی دەستوەردانی دەرەکییەوە هەیە. رژێمی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە زۆر بەهێزە و بە چەند بۆمبێکی ئاسمانی ناگۆڕدرێ، بۆیە پێویستە گەل خۆی راپەڕێت. ئەڵمانییەکان بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کاریگەرییان لەسەر ئەوە هەبێت.
رووداو: ئایا پارتەکەتان پەیوەندیی دیپلۆماسی یان گفتوگۆی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێراندا هەیە سەبارەت بە داهاتووی ئەو وڵاتە؟
بیتریس فۆن شتۆرش: بەڵێ، لەگەڵ هەندێک گرووپ قسەمان کردووە، بەڵام نەک لەبەردەم کامێراکان. ئێمە زانیاریمان کۆکردووەتەوە و من خۆشم پەیوەندیم هەبووە بۆ ئەوەی وێنەیەکی روونم لا دروست بێت. ئەوەی پشتڕاست بووەتەوە ئەوەیە کە دۆخەکە زۆر قورسە، بەڵام بێگومان سۆزی ئێمە بۆ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنە نەک رژێم.
رووداو: ئایا لەگەڵ ئەوەدان حکومەتی ئەڵمانیا پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆن بکات بۆ ئەوەی دەسەڵات بگۆڕدرێ؟
بیتریس فۆن شتۆرش: ئێمە وەک پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا بە گشتی زۆر بە گومانین لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان. پشتگیریکردنی میلیشیای چەکدار بۆ هاوکاریی خەڵکی سڤیل بە کارێکی پڕ لە کێشە دەبینین. تێدەگەین کە هەندێک کەس ئەوەیان دەوێ، بەڵام دەبێت بیر لە لێکەوتەکان بکرێتەوە و پێموایە ئێمە ئێستا لە پێگەیەکدا نین بڕیاری لەو شێوەیە بدەین.