حەوت کورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا بەربژێرن
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی پێنجشەممەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا دەستیپێکردووە و تاوەکو 9ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، حەوت کورد لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەربژێرن. یەکێک لەو بەربژێرانەش دەڵێت، "ئەگەر دەربچم پرسی کورد دەبەمە نێو پەرلەمان."
ئوزلەم دەمیرەل لە پارتی چەپی ئەڵمانیا
ئوزلەم دەمیرەل ساڵی 1984 لە مەڵەتی باکووری کوردستان بووە. ساڵی 1989 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچی کردووە ئەڵمانیا. لە زانکۆی بۆن، زانستە سیاسییەکان و مێژووی خوێندووە.
ئوزلەم دەمیرەل ساڵی 2019 لەسەر لیستی پارتی چەپی ئەڵمانیا خۆی بەربژێر کرد و بووە ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا. ئێستاش جارێکی دیکە خۆی بەربژێر کردووەتەوە.
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە 720 کورسیی پێکدێت، ئەڵمانیا زۆرترین کورسی لە پەرلەمانەکەدا هەیە، کە 96 کورسییە، پارتەکەی ئوزلەم دەمیرەل خاوەنی پێنج کورسیییە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا.
ئۆزلەم کوردی نازانێت، بە چەندین وێستگەی سیاسیدا تێپەڕیوە، ساڵی 2014 تاوەکو 2018 گوتەبێژی چەپەکان بووە لە هەرێمی نۆدڕاین ڤێستفالن. ساڵی 2017 بەربژێری سەرەکی پارتەکەی بووە لەو هەرێمەدا.
دەمیرەل ساڵی 2000 بۆ 2004 ئەندامی دەستەی کارگێڕی ئەنجوومەنی نوێنەرانی خوێندکارانی هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفاڵن بووە. هەروەها ساڵی 2011 بۆ 2012 ئەندامی پەرلەمانی هەرێمەکە بووە. دوو ساڵیش (2007 و 2008) ئەندامی گرووپی هاوئاهەنگی ئەنجوومەنی ئاشتیی ئەورووپا لە تورکیا بووە.
ئەو بەربژێرە کوردە پۆستی دیکەشی هەبووە، ساڵی 2013 بۆ 2014 سەرۆکی فیدراڵی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کرێکارانی دیموکراتییەکان بووە.
ئۆزلەم دەمیرەل دژی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر کەرتی غەززە و داوا لە ئەمریکا دەکات هاوکارییەکانی بۆ سوپای ئیسرائیل رابگرێت.
دوو ژنە کوردە بەربژێرەکەی سوێد
هەڵبژاردنەکە لە هەر 27 وڵاتەکەی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە 370 ملیۆن ئەورووپی مافی دەنگدانیان هەیە. لە سوێد کە 21 کورسی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا هەیە، دوو کورد بەربژێرن. ئەوانیش ئەڤین ئینجیر و دیانە غەفوورن لە پارتی سۆشیال دیموکراتی سوێد، کە پارتەکەیان ئێستا خاوەنی پێنج کورسییە لە پەرلەمانی ئەورووپا.
ئەڤین ئینجیر، ساڵی 1984 لە ئامەدی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لە سوێد دەژی. ساڵی 2013 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی ئۆپسالا تەواو کردووە. لە هەڵبژاردنی رابردوو توانی لەسەر لیستی پارتەکەی بگاتە پەرلەمانی ئەوروپا.
ئەو بەربژێرە کوردە پاشخانی سیاسی بۆ نێو گەنجانی سۆشیال دیموکرات دەگەڕێتەوە کە لە تەمەنی 22 ساڵیدا پۆستی جیاوازی وەرگرتووە. ماوەیەک لە دامەزراوەی ئۆلاف پاڵمە کاری کردووە. ماوەیەکیش یاریدەدەری سکرتێری سۆشیال ئینتەرناشناڵ بووە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە سوێد لە 9ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کە دوایین رۆژی هەڵبژاردنەکەیە، فەرهەنگ شێخ محەممەد، ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموکراتی سوێد لە بەرنامەی دیاسپۆرای رووداودا گوتی: ''جیاواز لە وڵاتانی دیکە لە سوێد، دەنگدەران سەرپشکن دەنگ بە لیستەکان بدەن یان لە نێو لیستەکەدا دەنگ بە بەربژێرێکی تایبەتیش بدەن.''
بەگوتەی فەرهەنگ شێخ محەممەد، هەر بەربژێرێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ریزبەندییەکەی لە لیستی حیزبەکەیدا، ئەگەر 5٪ـی دەنگی کۆی لیستەکە بەدەستبهێنێت، ئەوە بە دەنگی خۆی دەتوانێت ببێتە ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا کە ئەمەش بە "زۆر ئەستەم'' دەزانێت.
دیانە غەفوور: پرسی کورد دەبەمە پەرلەمانی ئەورووپا
بەربژێرێکی دیکەی سۆسیال دیموکراتەکانی سوێد دیانە غەفوورە، کە ساڵی 1997 لە باوکێکی کوردی باشوور و دایكێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سوێد لە دایکبووە.
دیانە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە تێكەڵ بە سیاسەت بووە. ئەو دەڵێت، نەهامەتییەکانی دایک و باوکی بەهۆی کوردبوونیانەوە لە عێراق و ئێران، وای لێکردووە توخنی سیاسەت بکەوێت و پرسی کورد بگەیێنێتە ناوەندە سیاسییە گرنگەکانی ئەورووپا.
دیانە کە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خوێندووە بە رووداوی گوت: "ئەگەر هەڵبژێردرام، دەمەوێت کار لەسەر مافی کەمینەکان لە ئەورووپا بکەم، لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوە؛ ئەوە ئەو دوو بوارەن کە حەز دەکەم کاریان تێدا بکەم."
ئەو کچە کوردە گوتیشی: "ئەگەر بچمە پەرلەمانی ئەورووپا، دەمەوێت پرسی کورد لە پەرلەمان بوروژێنم و زیاتر بە ئەورووپییەکانی ئاشنا بکەم. هیواخوازم بتوانم کار بکەم بۆ پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی ئەورووپی – کوردی، تاوەکو بتوانرێت لە رێگە ئەو کۆمەڵەیەوە، پرسی کورد بهێنینە نێو پەرلەمانی ئەورووپاوە."
دیانە هەر لە منداڵییەوە حەزی بە سیاسەت هەبووە و بە قسەی خۆی لە ساڵی 2011وە چووەتە نێو سیاسەت، لە تەمەنی 14 ساڵی بووەتە ئەندام لە گرووپی گەنجانی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوێد.
لە دانیمارک چوار کورد بەربژێرن
زۆرترین بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە دانیمارکن. ئەو وڵاتە 14 کورسیی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا هەیە و رۆژی نۆی ئەم مانگە نوێنەرەکانی بۆ ئەو پەرلەمانە هەڵدەبژێرێت و بۆ ئەم خولەش کورسییەکی وڵاتەکە زیاد دەبێت.
هەدیە تەمیز، کە لە ساڵی 1999 لەو وڵاتە لەدایکبووە، لەسەر لیستی پارتی چەپی رادیکاڵ (Radikale Venstre) خۆی بەربژێر کردووە.
هەدیە لە خێزانێکی کوردی شاری کۆنیای تورکیا لە دایکبووە، ساڵی 2018 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئالبەرتسلوند لە کۆپنهاگن. سەرۆکی لیژنەی کولتوورە لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکە.
ئیبراهیم بەنلی، بەربژێرێکی کوردە لەسەر لیستی یەکگرتووی دانیمارک، کە پارتێکی چەپە و یەک کورسییان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپادا هەیە. بەنلی ساڵی 1979 لە ئەنقەرە لە دایکبووە، لە تەمەنی 21 ساڵییەوە لە دانیمارک نیشتەجێیە، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
بەربژێرێکی دیکەی کورد لە دانیمارک، تانەر گەنجە لەسەر لیستی پارتی گەلی سۆشیالست، کە پارتەکەی ئێستا خاوەنی سێ کورسییە لە پەرلەمانی ئەورووپا.
گەنج، ساڵی 1985 لە ئەنقەرە لە دایکبووە، ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی شاری بالەروپە Ballerup
ئەو بەربژێرە کوردە لە بانگەشەکانیدا زۆر جەخت لەسەر پرسی ژینگە و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی پاریس لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکاتەوە.
باریکان ئیسماعیل، لەسەر لیستی پارتی مۆدێرات خۆی بەربژێر کردووە. باریکان ساڵی 1987 لە باوكێکی شنۆیی و دایكێکی رواندزی لە دایکبووە. وانەبێژە لە بەشی بارزگانی و بەڕێوەبردن لە زانکۆی ئالبۆرگ. وەک راوێژکار و گوتاربێژ لەگەڵ رێکخراوەکان کاردەکات
باریکان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە لە دانیمارک دەژیت. بەکالۆریۆسی لە سۆسیۆلۆجی، بەڕێوەبردنی بازرگانیدا هەیە. ماستەری لە رێکخستن و ستراتیژیدا هەیە. لە پرۆگرامی (Lead the Talent) بە سەرکردەی دواڕۆژ هەڵبژێردراوە
باریکان کە بەربژێری ژمارە پێنجە لە لیستی حیزبەکەی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "ئەو هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە ئەورووپا گرنگترین هەڵبژاردنە، کە ئایندەی ئێمە دیاری دەکات، بۆیە پێویستە دەنگ بدەیت."
باریکان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باسی کێشەکانی ئەورووپا دەکات و دەڵێت: "جەنگ لە ئەورووپا زیندوو بووەتەوە، ئەورووپا رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی دیکە دەبێتەوە، وەکو کێشەی ژینگە، تەندروستی و ئابووری. ئێستا لە ئەورووپا تۆوی دووبەرەکی تۆو نییە، ئێستا درەختە. ئەو درەختەش رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات، ئەوانە هۆکارن کە یاساکان بۆ کەسانی وەکو من و تۆ کە فرەکولتوورین سەختر بن."