جەنگ رەنگی کریسمسی لە کیێڤ گۆڕیوە؛ خواست لەسەر کڕینی دیاری کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کەلوپەلی کریسمس لە مۆڵ و دووکانەکانی کیێڤ بۆ فرۆشتن دانراون؛ داری کریسمس و کەلوپەلی رازاندنەوە زۆرترین خواستیان لەسەرە، بەڵام لە هەمان کاتدا گرانیی بازاڕ، کڕینی ئەو پێداویستییانەی زەحمەت کردووە.
 
ئالبینا بەمەبەستی کڕینی داری کریسمس و دیاری بۆ خزم و دۆستەکانی سەردانی بازاڕی کردووە. ئەو یەکەمجارە بە پارەی رەنجی خۆی کەلوپەل دەکڕێت، ئەمە دڵخۆشی کردووە، بەڵام دەڵێت: "هیچ شتێک وەک رابردوو نییە."
 
ئالبینا، دانیشتووی کیێڤە و دەڵێت: "بەگشتی بەهۆی بەرزیی نرخەکانەوە، کڕین و دیاریبەخشین کەم بووەتەوە. دۆخەکە زۆر جیاوازە، چونکە بابەتەکە زیاتر پەیوەستە بە خۆڕاگرییەوە نەک خۆشگوزەرانی، ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەرباز دەبێت."
 
یوولیا، دانیشتووی کیێڤە و باس لەوە دەکات: "نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە، بەتایبەتی بۆ کەلوپەلی یاری، دیاری و خواردن، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان لەو شتانە بێبەش نەکەین، دەمانەوێت لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بین و هەموو شتێک بکڕین تاوەکو کەشوهەوای جەژنمان هەبێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکان، نرخی بەرهەمە نێوخۆییە تایبەتەکانی کریسمس بە رێژەی 20% و بەرهەمی هاوردە 45% گران بوون. پێش دەستپێکی جەنگ، 100 دۆلار بەرامبەر 2500 بۆ 2800 گریڤنا بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 4100 گریڤنا (دراوی ئۆکراینی).
 
تاتیانا، فرۆشیارە و ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە هەمیشە و لە هەر کاتێکدا لە خزمەت کڕیارانداین و هەوڵ دەدەین لە هەڵبژاردنی کاڵاکاندا یارمەتیدەریان بین. بێگومان خواستی کڕیاران بۆ کڕین گۆڕانی بەسەردا هاتووە؛ ئەوان تەنیا کاڵا پێویستەکان دەکڕن."
 
لە شەقام و بازاڕەکانی کیێڤ کەمتر ئامادەکارییەکانی سەری ساڵ دەبینرێن. لەو شوێنانەی جاران خەڵک دەوەستان تاوەکو وێنەی یادگاری لەگەڵ داری کریسمس بگرن، ئێستا بەنێو پاشماوەکانی جەنگدا پیاسە دەکەن و ئاوات بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ دەخوازن.
 
دانیشتوویەکی کیێڤ باس لەوە دەکات، "ئێمە بەڕاستی هیوادارین ئەم شەڕە زوو تەواو بێت، چونکە زۆربەی کەسوکار و خزمەکانی من هێشتا لە بەرەکانی جەنگن، لەوانە مام و برا گەورەکەم. بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەم شەڕە کۆتایی بێت و ئەوان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە. هەموو هاوڕێکانم و خەڵکی ئۆکراینا بەگشتی لە دۆخێکی وادان."
 
گرانی، بەردەوامیی جەنگ، دابڕان و لەدەستدانی کەسە نزیکەکان وای کردووە زۆربەی دانیشتووانی کیێڤ بە ساردی پێشوازی لە ساڵی 2026 بکەن.