وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: هێرشەکانمان پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق نین

رووداو دیجیتاڵ

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانیان لە عێراق پێشێلکاری نین بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق. 

رۆژی پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "ئێمە دوو دڵ نابین لە بەرگریکردن لە هاووڵاتییانمان و لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە زیان بە کارمەند و هێزەکانی ئەمریکا دەگەیێنن، ئەوەش لە کات و شوێنی دیاریکراوی خۆمان دا دەبێت."  
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە بە تەواوەتی رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرین.. ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق نییە و لێپێچینەوەیە لەو گرووپانەی کە ئێران پاڵپشتییان دەکات." 
 
ڤێدانت پاتێل لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، :ئەگەر بەردەوامبین لە بینینی هێرشی ئەم میلشیایانە، وەڵامیان دەدەینەوە و ئەوانەی کە بەرپرسن رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکەینەوە. شتێکی دیکە کە پێویستە لە بیرمان بێت، ئەوەیە بە نەبوونی هێرش دژی هێز و کارمەندانی ئەمریکا لەلایەن ئەم گرووپانەوە کە زۆریان لە عێراقن، بێگومان هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەم هێرشە ئاسمانیانەمان نابێت." 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە دوای 17ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ەوە، واتە دوای 10 رۆژ لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، 169 جار هێزەکانیان لە عێراق و سووریا لەلایەن گرووپێک بەناوی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە عێراق کراونەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکەی 28ـی مانگی رابردوو بەهێزترین بوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن.
 
شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، ئۆتۆمبێلێکی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی بە ناوی ئەبو باقر ساعدی کە فەرماندەیەکی باڵای کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقی بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی ئەرکان عەلیاوی کە بەرپرسی هەواڵگریی حیزبوڵایە کوژران، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکەی بەغدا راگەیاند.
 
شەوی 2ـی ئەم مانگەش ئەمریکا دوای هێرشێکی چڕ بۆ چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئەنبار، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، دەڵێت، "85 شوێن لەلایەن هێزەکانمان لە عێراق و سووریا کراونەتە ئامانج و 125 مووشەک تەقێندراون. هێرشەکان بۆ سەر چەند ناوچە و دامەزراوەیەکی گرنگی گرووپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 4-1-2024 بە هێرشێکی درۆنیی ئەمریکا لە بەغدا سێ چەکدار کوژران و حەوتی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لە کوژراوەکان ئەبو تەقوا بوو کە فەرماندەی لیوای 12ـی نوجەبای سەر بە حەشدی شەعبییە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێل: 
 
رووداو: سوپاس ڤێدانت، دەگەڕێمەوە سەر پرسیارەکانی ئالێکس و گیتا، ئێوە گوتتان کە ئامانجی ئەمریکا چاوترساندنی گرووپاکان و کەمکردنەوەی توانایانە، ئەمە بەمانای ئەوە دێت کە ئەمریکا لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت بۆ سەر ئەو گرووپانەی لە عێراقن و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپانەش لە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئێوە لە عێراق، سووریا و شوێنی دیکە بوەستن؟ 
 
ڤێدانت پاتێل: پێموایە ئەوەی گرنگە لە بیرمان بێت ئەوەیە کە ئێمە دوودڵ نابین لە بەرگریکردن لە خەڵکەکەمان و هەموو ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە زیانگەیاندن بە هێز و کارمەندەکانی ئەمریکا لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆمان رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکەینەوە. وەکو گوتم، ئەگەر بەردەوامبین لە بینینی هێرشی ئەم میلشیایانە، وەڵامیان دەدەینەوە و ئەوانەی کە بەرپرسن رووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکەینەوە. شتێکی دیکە کە پێویستە لە بیرمان بێت، ئەوەیە بە نەبوونی هێرش دژی هێز و کارمەندانی ئەمریکا لەلایەن ئەم گرووپانەوە کە زۆریان لە عێراقن، بێگومان هیچ هۆکارێکیش بۆ ئەم هێرشە ئاسمانیانەمان نابێت.
 
رووداو: ئێوە بەردەوام دەبن بێتواناکردنی ئەو گرووپانە تاوەکو تەواو بێتوانا دەبن؟ 
 
ڤێدانت پاتێل: من پێشبینی بۆ هیچ کاتێک ناکەم.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە، دوو رۆژ بەر لە ئێستا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەبووە لە نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیر بلینکن، باسیان لە هێرشەکانی ئەمریکا لە عێراق کردووە کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق هەژمارکراون، هەروەها باس لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر بانکەکانی عێراقی کراوە، دەڵێت ئەمریکا هیچ روونکردنەوەیەکی پێنەداوین، نازانین ئەگەر هۆکاری سیاسی بێت یان پرسێکی یاسایی، ئەمریکا وردەکاریمان پێنادات، هەروەها من هیچ راگەیێندراوێکیشم لە وەزارەتی دەرەوە نەبینی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی دکتۆر فوئاد و وەزیر بلینکن؟
 
ڤێدانت پاتێل: سەرەتا و پێش هەموو شتێک رێگەم بدە بڵێم کە ئێمە بە تەواوی رێز لە سەروەریی عێراق دەگرین. حکومەتی عێراق خۆی، دژایەتیی خۆی بۆ هێرشەکانی سەر راوێژکارانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێشانداوە کە لەلایەن میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانەوە دەکرێن. هیچ زانیارییەکی نوێم نییە لەسەر بەرنامەی سزاکانمان و بە خۆشحاڵییەوە لە راگەیێندراوی نێوان وەزیرانی دەرەوە دەکۆڵمەوە بۆ ئەوەی بزانم چ زانیارییەکی نوێمان هەیە.
 
رووداو: دواین پرسیارم، پێتانوایە هێرشەکانی ئێوە لە عێراق پێشێلکارین بەرامبەر بە سەرەورەی خاکی عێراق کە حکومەتی عێراق وادەڵێت؟ 
 
ڤێدانت پاتێل: ئێمە رێزی تەواومان هەیە بۆ سەروەریی عێراق و حکومەتی عێراقیش بە خۆی ئەم جۆرە هێرشانەی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاپەیمانی رەتکردووەتەوە. ئامانج لەم هێرشە ئاسمانییانە، ئەوەیە کە ئەوانە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەینەوە ئەوانەی کە دەیانەوێت زیانی کوشندە بە کارمەند و هێزەکانمان بگەیێنن، کە هەندێ جار واشیان کردووە.
 
رووداو: ئەم هێرشانە پێشێلکاری نین بەرامبەر بە سەروەری عێراق؟
 
ڤێدانت پاتێل: نەخێر، پێشێلکاری سەروەری نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە گرووپە شەڕەنگێزەکانی لایەنگری ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە لە بەرامبەر رەفتاری ملهوڕانە و بێباکانەیان.