بەهۆی خنکانی 94 کۆچبەر سزای 20 ساڵ بەندکردن بەسەر قاچاخچییەکی تورک دا سەپێنرا

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە، 7-2-2024، قاچاخچییەکی تورکیا لە دادگەیەکی ئیتاڵیا سزای 20 ساڵ زیندانی و سێ ملیۆن یۆرۆی پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرا، دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر بەلەمەکەی ژێرئاو کەوت و 94 کۆچبەر تێیدا خنکان.
 
قاچاخچییەکە ناوی گیون ئوفوکە و خەڵکی تورکیایە، شوباتی رابردوو 180 کۆچبەری لە رۆژئاوای تورکیا بە بەلەمێک بەرەو ئیتاڵیا برد و بەلەمەکە لە نزیک شارۆچکەی کوترۆ لە ئیتاڵیا ژێرئاوکەوت و، 94 کەس خنکان.
 
ئوفوک تۆمەتی دادگەی رەتکردەوە و رایگەیاند "من، ئەوکات وەک ئەوانیدی لەسەر بەلەمەکە بووم و لەژێر سیاسەتی دەسەڵاتی تورکیا رامکرد."
 
ئوفوک مانگێک دوای رووداوەکە لە نەمسا دەستگیرکرا و دوێنێ (چوارشەممە) دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەیەوە دا.
 
سەلڤاتۆر فالکۆن، پارێزەری گیون ئوفوک رایگەیاند "بریکارەکەم قوربانیی شکستی دەزگە فریاگوزارییەکانە کە نەیانتوانی کۆچبەرەکان رزگار بکەن." 
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی میدیای ئیتاڵیا، ئوفوک ئەوکات بەلەمەکەی کۆچبەرانی لێدەخوڕی کە ناوی 'سەمەر لەڤ' بووە و لە رێگەی ئایپادێکەوە لەسەر نەخشە پێیڕاگەیاندوون، ئەوان زۆر نزیکن لەوەی بگەنە ئەوروپا.
 
هەر بەگوێرەی میدیاکانی ئیتاڵیا، ئاژانسی چاودێریی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا (فرۆنتێکس) بە دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیای راگەیاند، بەلەمێکیان بینیوە و گومان دەکەن کۆچبەری هەڵگرتبێت، ئەوکات دوو بەلەمی پۆلیسی ئیتاڵی چوونە کەناراوی کوترۆ، بەڵام لەبەر نالەباریی کەشوهەوا نەیانتوانی بەلەمەکە بدۆزنەوە و گەڕانەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لە ساڵی 2023ـدا 155 هەزار و 754 کۆچبەر بە رێگەی ئاوی خۆیان گەیاندووەتە ئیتاڵیا، ئەو ژمارەیە لە 2022ـدا 108 هەزار و 846 کۆچبەر بوون، بەمشێوەیە ژمارەی کۆچبەران ٪50 زیادی کردووە.
 
ئەو وەزارەتەی ئیتاڵیا دەڵێت، توونسییەکان زۆرترینی ئەو ژمارەیە پێکدەهێنن، لە 2023ـدا 17 هەزار و 203 کۆچبەری توونسی چوونەتە ئەو وڵاتە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "لە 2023ـدا زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆچبەر لە رێگەی چوون بەرەو ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون."