ترەمپ هێرش دەکاتە سەر بەریتانیا: پێویستمان بەو کەسانە نییە کە دوای سەرکەوتن دێن
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بەریتانیای بۆ ناردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەتکردەوە و رایگەیاند، ئیدی "درەنگە" و پێویستیان پێیان نییە.
رۆژی شەممە، 07-03-2026، ترەمپ لە پۆستێکدا لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "بەریتانیا دواجار بە جیدی بیر لە ناردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکاتەوە. ئاساییە، سەرۆکوەزیران ستامەر، ئێمە چیدی پێویستمان پێیان نییە."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "بەڵام ئێمە ئەم هەڵوێستەمان لەبیر دەمێنێت. ئێمە پێویستمان بەو کەسانە نییە، کە دوای ئەوەی جەنگەکەمان بردەوە، دێنە ناو جەنگەکەوە."
ئەم لێدوانەی ترەمپ کەمێک دوای بەشداریکردنی هات لە رێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو 6 سەربازە ئەمریکییەی لە هێرشێکی ئێرانی بۆ سەر کوێت کوژران، رێوڕەسمەکە لە بنکەی ئاسمانیی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلاوێر بەڕێوەچوو.
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، هێزی دەریایی شاهانە خەریکی ئامادەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (HMS Prince of Wales) بووە لە بەندەری پۆرتسمس بۆ ئەوەی رەوانەی ناوچەکەی بکات، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، بە "هەڵوێستەکانی بەریتانیا دڵخۆش نییە" و بە گاڵتەجاڕییەوە لەبارەی کییەر ستامەرەوە گوتبووی: "ئەوەی ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین وینستن چەرچڵ نییە."
ستارمەر لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە 28ـی شوباتدا، رەتیکردبووەوە هیچ رۆڵێکی هەبێت لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران. بەڵام دواتر رەزامەندیی نیشاندا کە ئەمریکا تەنیا دوو بنکەی سەربازیی بەریتانیا بۆ "مەبەستی بەرگریی دیاریکراو و سنووردار" بەکاربهێنێت.