ئەمریکا دوو هەزار پاسەوانی نیشتمانی لە لۆس ئەنجلس بڵاوە پێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە بڵاوەپێکردنی دوو هەزار سەربازی پاسەوانیی نیشتمانی لە شەقامەکانی لۆس ئەنجلس کرد، ئەوەش دوای ئەوەی خۆپیشاندانی پڕ لە تووندوتیژی بەهۆی هەڵمەتەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچەوە سەری هەڵدا.
سەرۆکی ئەمریکا کۆنترۆڵی فیدراڵی بەسەر هێزی سەربازیی ویلایەتی کالیفۆرنیادا سەپاند بۆ ناردنی سەربازان بۆ دووەم گەورەترین شاری وڵات، کە دەکرێ رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە.
ئەم پێشهاتە دوای دوو رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە هات کە تێیدا هێزە فیدراڵییەکان نارنجۆکی دەنگی- رووناکی و گازی فرمێسکڕێژیان بە ئاراستەی ئەو خەڵکە بەکارهێنا کە تووڕە بوون لە دەستگیرکردنی دەیان کۆچبەر لە شارێکدا کە دانیشتووانێکی زۆری بە رەچەڵەک لاتینی هەیە.
گرتە ڤیدیۆییەکان ئۆتۆمبێلێکیان نیشان دەدا کە لە چوارڕیانێکی قەرەباڵخدا ئاگری تێبەردرا بوو، لە کاتێکدا لە ڤیدیۆیەکی بڵاوبووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پیاوێک بە کڵاوێکەوە دەبینرێت کە بەرد دەگرێتە ئۆتۆمبێلە خێراکانی هێزەکانی فیدراڵی.
لە دیمەنی دیکەدا، خۆپیشاندەران یارییە ئاگرینەکانیان دەهاویشتە ریزی هێزە ئەمنییە نێوخۆییەکان کە بانگ کرابوون بۆ ئەوەی هەوڵی پاراستنی ئارامی بدەن.
کارۆلاین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی رایگەیاند: "سەرۆک ترەمپ یاداشتێکی سەرۆکایەتیی واژۆ کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی دوو هەزار سەربازی پاسەوانی نیشتمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بێسەروبەرییەی رێگەی پێدراوە پەرەبسێنێت،" و ئەوەشی خستە پاڵ سەرکردە "بێکەڵکە" دیموکراتەکانی کالیفۆرنیا.
"ئیدارەی ترەمپ سیاسەتی سفر لێبووردنی هەیە بەرامبەر رەفتاری تاوانکاری و تووندوتیژی، بەتایبەتی کاتێک ئەو تووندوتیژییە ئاراستەی ئەو ئەفسەرانە دەکرێت کە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان دەدەن."
'ئاژاوەگێڕانی بەئەنقەست'
پاسەوانی نیشتمانی - کە هێزێکی یەدەگی سەربازییە - زۆرجار لە کارەساتە سرووشتییەکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک دوای ئاگرکەوتنەوەکانی لۆس ئەنجلس و هەندێک جاریش لە کاتی نائارامیی مەدەنیدا، بەڵام هەمیشە بە رەزامەندیی سیاسەتڤانە نێوخۆییەکان بەکاردەهێندرێ.
گاڤین نیوسەم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا کە نەیارێکی بەردەوامی ترەمپە و لە پارتی دیموکراتە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەی لە فەرمانەکەی کۆشکی سپی گرت.
نیوسەم لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسی: "ئەو هەنگاوە تەنیا گرژییەکان زیاتر دەکات."
نیوسەم گوتی: "حکومەتی فیدراڵی کۆنترۆڵی پاسەوانی نیشتمانیی کالیفۆرنیا دەکات و دوو هەزار سەرباز لە لۆس ئەنجلس بڵاودەکاتەوە نەوەک لەبەر ئەوەی کەمیی هێزی یاسا هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەیانەوێت نمایشێک ساز بکەن. ئەو نمایشەیان پێ مەدەن. هەرگیز تووندوتیژییە بەکارمەهێنن. بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەنگتان هەڵبڕن."
بیڵ ئیسەیلی، داواکاری گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ناوچەی نێوەڕاستی کالیفۆرنیا گوتی، پاسەوانەکان "لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا" لە شوێنەکانیان جێگیر دەبن.
پیت هێگسس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هۆشداریی دا کە هێزی سەربازیی ئاسایی بەشداری بکەن.
هێگسس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسی: "ئەگەر تووندوتیژی بەردەوام بێت، سەربازانی هێزی دەریایی (مارێنز) لە کامپی پێندڵتنیش ئامادە دەکرێن، ئەوان لەوپەڕی ئامادەباشیدان."
دەستگیرکردنەکان
لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی یەکدا، ترەمپ بەڵێنێکی جێبەجێ کردووە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تووند دژی چوونەژوورەوە و مانەوەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە، کە بە "دڕندە" و "ئاژەڵ" ناوی بردوون.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای کۆچ و گومرگ (ICE) لە لۆس ئەنجلس لەم هەفتەیەدا بوونەتە هۆی دەستگیرکردنی "118 بیانی، لەنێویاندا پێنج ئەندامی باندەکان."
رۆژی هەینی، هێزەکانی دەزگاکە هەڵیانکوتایە سەر چەند شوێنێکی کار لە بەشە جیاوازەکانی لۆس ئەنجلس، کە بووە هۆی ناڕەزایی خەڵکێکی زۆر و چەندین کاژێر رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەوە.
کارین باس، سەرۆکشارەوانیی لۆس ئەنجلس، دانی بەوەدانا کە هەندێک لە دانیشتووانی شارەکە "هەست بە ترس دەکەن" دوای هەڵمەتەکانی جێبەجێکردنی یاسای کۆچی فیدراڵی.
باس لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "هەموو کەسێک مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی هەیە، بەڵام با روون بم: تووندوتیژی و وێرانکاری قبووڵکراو نییە و ئەوانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."
دان بۆنگینۆ، جێگری بەڕێوەبەری FBI گوتی، چەندین کەس دوای پێکدادانەکانی رۆژی هەینی دەستگیرکراون.
بۆنگینۆ لە ئێکس گوتی: "ئێوە پشێوی دێنن، ئێمەش کەلەپچە دێنین. یاسا و رێسا سەردەکەوێت."
میدیای نێوخۆیی دەڵێت، رۆژی شەممە هەندێک لە خۆپیشاندەران ئاڵای مەکسیکیان بەرزکردبووەوە و هەندێکی دیکە ئاڵای ئەمریکایان سووتاند.