لە دەوحە لووتکەی ئاشتی ئەفغانستان بەڕێوەدەچێت

رووداو - هەولێر

ئەو لایەنانەی 18 ساڵە لە ئەفغانستان شەڕی یەکدی دەکەن، لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆدەبنەوە.

کۆبوونەوەکانی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و نوێنەرانی بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئامادەبوونی نێردەی ئەمریکا بۆ ئاشتی ئەفغانستان بەڕێوەدەچن. 

ئامانج لە کۆبوونەوەکان رێککەوتنە بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزی 18 ساڵی نێوان چەکدارانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان. ئەمریکاش دەڵێت، پاڵپشتی رێککەوتنی لەو جۆرە دەکات. 

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "شتێکی گەورەیە ببینیت نوێنەرە باڵاکانی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان و تاڵیبان لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە".

بەرپرسانی تاڵیبان دەڵێن، ئەزموونی نزیکەی 20 ساڵی رابردوو بۆ ئەمریکییەکانی سەلماند کە ناتوانن بە شەڕ بارودۆخەکە بەدڵی خۆیان یەکلابکەنەوە. 

مەلا عەبدولسەلام، نوێنەری باڵای تاڵیبان لە گفتوگۆکان گوتی "پێموایە ئەمریکییەکان دەزانن لەڕێگەی گوشار و بۆردوومانی وڵاتەوە نایبەنەوە، بۆیە ئێستا ئاشتییان دەوێت و ئێستا هاتوونەتە سەر ئەو بۆچوونە".

یەکەم هەنگاوی پراکتیکی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان لە رۆژی 10 ی ئایاردا بەڕێوەچوو، کە تێیدا حکومەتی ئەفغانستان 490 چەکدار و سەرکردەی تاڵیبانی ئازادکردن.

موتڵەق بن ماجید، نێردەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ کۆبوونەوەکان دەڵێت، دانوستاندن و گفتوگۆ باشترین رێگەی چارەسەری کێشەی ئەفغانستانە. 

لە ساڵی 2001 ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر ئەفغانستان و کۆتاییان بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە زۆربەی ئەفغانستان هێنا، بەڵام لەو کاتەوە شەڕ درێژەی هەیە و تاوەکو ئێستاش بەو هۆیەوە زیاتر لە 30 هەزار سڤیل کوژراون.