بەهۆی باهۆزی بێریل لە ئەمریکا، نرخی نەوت بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا بەرزبووەوە بەهۆی ئەوەی لە ئەمریکا باهۆزی (بێریل) گەیشتووەتە ناوچە نەوتییەکانی تەکساس و ئەگەر هەیە بەرهەمهێنانی نەوت لەو ناوچەیە بپچڕێت.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 11 سەنت بەرزبووەوە و یەک بەرمیل بە 86 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 8 سەنت بەرزبووەوە و بە 83 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەندەرەکانی کۆرپۆس کریستی، گالوێستۆن و تەکساس رۆژی یەکشەممە داخران بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی باهۆزی بێریل.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئەگەری پچڕانی کارەبا و لەکارکەوتنی دامەزراوە نەوتییەکان لەئارادایە، بەتایبەتی ئەگەر باهۆزەکە بەهێز بێت."
بەپێی سایکامۆر، ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیەش قەبارەی نەوتی کۆگەکراو لە ئەمریکا کەم ببێتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت نزیکەی 2٪ بەرزبووەوە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگەکراو لە ئەمریکا.