بەهۆی كێشەی دارایی نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان لە رووسیا داخرا

رووداو- هەولێر

نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رووسیا راگەیاند، بەهۆی كێشەی داراییەوە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لە رووسیا بە یەكجاری داخستووە.

ئاسۆ جەنگی بورهان، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رووسیا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئۆفیسی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رووسیا بەكرێ بوو، گواستمانەوە بۆ شوێنێكی هەرزانتر، بەڵام چارەسەری كێشەكەی نەكرد و بەهۆی كێشەی داراییەوە بە یەكجاری دامانخست. كەلوپەلی ئۆفیسەكەشمان لە كۆگایەك داناوە".

ئاسۆ شێخ جەنگی دەڵێت، نزیكەی ساڵێكە بودجەی 11 مانگیان بۆ خەرجنەكراوە و جگە لە كرێی ئۆفیس مووچەی كارمەندان و خۆیشی نەدراوە.

نوێنەری هەرێمی كوردستان لە رووسیا گوتیشی "هیوادارم رێگاچارەیەك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزرێتەوە، هەوڵی زۆر دراوە تاوەكو ئەم نوێنەرایەتیانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە كراونەتەوە، بە داخستنی نوێنەرایەتییەكان حكومەتی هەرێم بەڕووی دەرەوە دادەخرێت".

لەبارەی شێوازی كاركردنی داهاتوویان، ئاسۆ جەنگی گوتی "ئەوەی لە توانادا بێت لەڕێگای تەلەفۆن و ئینتەرنێت دەكرێت".

بەگوتەی نوێنەرەكەی هەرێمی كوردستان لە رووسیا، چەند جارێك فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی چارەسەری داوە، بەڵام كێشە تەنیا نوێنەرایەتیەكەی رووسیا نییە، بەڵكو لە زۆربەی نوێنەرایەتییەكان هەمان كێشە هەیە.

بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، ئاسۆ جەنگی پێشنیاز دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان چاو بە نوێنەرایەتیەكاندا بخشێنێتەوە و بودجەكانیان كەمبكاتەوە، بەڵام دانەخرێن.

لەبارەی باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا، ئاسۆ شێخ جەنگی گوتی "باڵیۆزخانەی عێراقیش كێشەیان هەیە، بەڵام ئەوان باشترن لە ئێمە، 30%ی بودجەكانیان كەمكراوەتەوە، پاشكۆی ئابووری هێنراونەتەوە بۆ نێو باڵیۆزخانە و  بە پێدانی كرێی ساڵێك پێشەكی 30% داشكاندنیان بۆ كرێی خانووەكانیان كراوە".

پێشتلا فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووداوی ئاشكراكردبوو، خەرجی نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوە ساڵانە 15 ملیۆن دۆلارە.

فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئەیلوولی 2006 بە بڕیاری ژمارە 143ی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. ئەركی سەرەكی ئەم فەرمانگەیە دامەزراندن و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخستنی پەیوەندییەكانی وڵاتانی بیانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان 14 نوێنەرایەتی لە وڵاتانی (ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمریكا، ئێران، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، نەمسا، رووسیا، پۆڵۆنیا، ئوسترالیا، سوید، بەلجیكا و سویسرا) هەیە. خەرجی نووینەرایەتییەکان لە ساڵێکدا 15 ملیۆن دۆلارە.