سێ بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج: داوای بەشداریی کارای کورد دەکەین


‎رووداو دیجیتاڵ 

دوێنێ لە بەشێکی نەرویج هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکە دەستیپێکرد و ئەمڕۆش لە تەواوی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت. 8 بەربژێری کورد لە سێ پارت رکابەریی بەدەستهێنانی کورسی دەکەن. بەشێکیان بۆ رووداو دواون و داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن. 
 
‎بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی بە رووداو دراون، 8 بەربژێری کورد بۆ هەڵبژاردنەکە هەن کە سەر بە پارتەکانی سوور، سۆسیال چەپ و پارێزگارانن. 
 
‎سێ لەو بەربژێرانە لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی رووداودا پلان و بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان روونکردەوە و داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە دەکەن. 
 
‎نیگار عینایەتی: بەشداری لە هەڵبژاردن بەهێزکردنی پایەکانی دیموکراسییە 
 
‎نیگار عینایەتی، یەکێکە لە بەربژێرانی هەڵبژاردنەکە و لە پارێزگای ئاکەرشهوس لەسەر لیستی پارتی سوور بەربژێرە. 
 
‎ئەو هاونیشتمانییە داوای بەشداریی کارای کوردی دانیشتووی نەرویج لە هەڵبژاردنەکە دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە بەهێزکردنی پرۆسەی دیموکراسییە. هەربۆیە دەبێ گەل پشانی بدات کە خاوەنداریەتی دەنگی خۆی دەکات". 
 
‎ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوردی دانیشتووی نەرویج نییە، بەڵام وا دەخەمڵێندرێ ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار کەس بێ. 
 
‎ئەو بەربژێرە کوردە گوتیشی، هەوڵی ئابوورییەکی باشتر بۆ نەرویجیەکان بە گشتی و کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە بەتایبەت دەدات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کار بۆ "بە فەرمی ناساندنی هێرشی سەر هەڵەبجە و شنگال و سەردەشت وەک کۆمەڵکوژی/جێنۆساید دەکەین. لە مژاری رۆژئاوایشدا بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی رۆژئاوا وەک هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەر بەلامانەوە گرنگە."
 
‎ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەشکرد: "لە بابەتی ئێراندا نابێ تەنیا سەرنج لەسەر پرسی ئەتۆمی بێت، بەڵکو پێویستە مافی گەلانی ئەوێ بە فەرمی بناسێندرێ و گوشار لە ئێران بکەین بۆ لابردنی سزای سێدارە."
 
‎نەویسا فەلاحزادە: بەشداری کورد زۆر پێویستە
 
‎نەویسا فەلاحزادە ساڵی 2003 لە هەولێر لەدایکبووە. ئەو هاونیشتمانییە بەربژێری پارتی سوورە لە بازنەی هێدەرمارک. نەویسا بە رووداوی راگەیاند، بەشداریی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە لەم هەڵبژاردنەدا بۆ سەرخستنی داواکارییەکانیان زۆر گرنگە. 
 
‎ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، کار بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان، رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر و خوێندنی باشتر بۆ هەموو تاکەکانی نەرویج دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاسانکاری و هاندانی لاوان بۆ خوێندنی باڵا بە تایبەتی لاوانی کورد و پەنابەرانی دانیشتووی نەرویج یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی بەرنامەکەم". 
 
‎نەویسا کە خەڵکی مهابادە گوتی: "من و پارتەکەم بە تووندی پابەندین بە دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتی بۆ نەتەوەی کورد و گەلانی عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا. لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی ناوچەکە دەکەین."
 
‎ئەوین ساڵح: پارتەکەمان زۆرترین هەوڵی بۆ کورد داوە 
ئەوین ساڵح کە لە پارتی سوور و لە بازنەی تێئەمارک بەربژێرە، بە رووداوی راگەیاند، بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکەدا گرنگە. 
 
‎ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی پلانەکانی بۆدوای بوونە پەرلەمانتار گوتی: ''کێشەی وڵاتی نەرویج ئەوەیە کە خەڵکی هەژار و کەمدەست هەموو مافێکی نییە؛ دەمانەوێ دەوڵەتی نەرویج بۆ هەموو گرووپێک هەوڵ بدات و هەژار و دەوڵەمەند یەک مافیان هەبێت.''
 
‎ئەوین ساڵح رایگەیاند: ''ئێمە هەوڵی زۆر بۆ کۆچبەران دەدەین و دەمانەوێ هەموو کەس کە پێویستی بە یارمەتییە، هاوکاری بکەین؛'' ئاماژەی بەوەشکرد: ''دەمانەوێ یارمەتی پەناخوازان بدرێ بۆ ئەوەی دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن. سوودی زۆرمان لە کۆچبەران وەرگرتووە و دەمانەوێ پارتەکانی دیکەش هاوکاری کۆچبەران بکەن.''