توونێلێک لە ژێر دیواری رووخێنراوی بەرلین دەکرێتەوە

 
رووداو - هەولێر 

 

لە 30ـەمین ساڵیادی رووخاندنی دیواری بەرلیندا، توونێلێک لە شەقامی بێرناوەر و لەژێر شوێنی دیوارەکەدا بەڕووی هاووڵاتیانی شارەکەدا کرایەوە.
 
توونێلەکە لە بنەڕەتدا لە کۆتاییەکانی ساڵی 1970 دا بە مەبەستی پەڕینەوەی هاووڵاتیان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا دروستکراوە، بەڵام پێش تەواوبوونی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات بەم هەوڵەیان زانی و توونێلەکە داخرا.
 
توونێلەکە 100 مەتر درێژە، ئێستا نۆژەنکراوەتەوە و وەک مۆزەخانەیەک خەڵکی دەتوانن سەردانی بکەن و زانیاری لەبارەی دیواری بەرلین و دۆخی سیاسی ئەو کاتە وەربگرن.
 
دیواری بەرلین  لە ساڵی 1961 لەلایەن ئەڵمانیای رۆژ‌هەڵات بە مەبەستی جیاکردنەوەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە و رێگەگرتن لە کۆچبەرانی ئەڵمانیای رۆژهەڵات لە چوونیان بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا دروستکرا. دیوارەکە بووە سەرەتایەک بۆ جەنگی سارد و دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە لە ساڵی 1989 دا دیوارەکە رووخێندرا.
 
ئولریچ پفیفەر ی تەمەن 84 ساڵ، یەکێکە لەو کەسانەی لە ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە هەڵات بۆ ئەڵمانیای رۆژئاوا و هاوکاری خەڵکی دیکەشی لە هەڵاتن کرد دەڵێت "یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانم، دەستگیرکردنی خۆشەویستەکەم بوو، ئەو تەمەنی 22 ساڵ بوو و بۆ ماوەی حەوت ساڵ زیندانیکرا، تەنیا بە هۆی هەوڵی هەڵاتنی دا".
 
هاووڵاتیانی ئەڵمانیا ئاماژە بە گرنگی کردنەوەی ئەم توونێلە و وەبیرهێنانەوەی دۆخی ئەو کاتەی وڵاتەکە و گرنگی دیموکراسییەت دەکەن.