لە ئیتاڵیا و بۆسنیا 26 قاچاخچی دەستگیر دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە ئیتاڵیا، بۆسنیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپا هەڵمەتێکی فراوان بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچی و ساختەکارانی بەڵگەنامە فەرمییەکان دەستیپێکردووە.
تاوەکو ئێستا 9 کەس لە ئیتاڵیا و 17 کەس لە بۆسنیا و ژمارەیەکی دیکەش لە وڵاتانی ئەوروپا دەستگیرکراون.
دوو هەفتەی رابردوو بۆ قاچاخچی و ساختەکاران سەخت تێپەڕیون. پۆلیسی ئەوروپی (یۆرۆپۆل) و پۆلیسی بۆسنیا هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە و زۆر کەس دەستگیرکراون. لە بۆسنیا پۆلیس لە 3 شارۆچکە 17 کەسی دەستگیرکردووە کە گومان دەکرێ قاچاخچی بن.
ئۆپەراسیۆنەکە ئامادەکاریی زۆری بۆ کراوە و دەیان دووکان و کۆگا و ماڵ پشکندراون. پۆلیسی بۆسنی دەڵێت، پارەیەکی زۆری کاش و بەڵگەنامەی ساختە و مۆبایلیان دەست بەسەردا گرتووە، بەڵام بڕەکانیانی ئاشکرا نەکردووە.
تەنیا ئەوە ئاشکرا کراوە کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتییەکی خەڵکی سووریایە. ئەوەش گوتراوە کە ئەو قاچاخچییانە کۆچبەری نایاساییان لە تورکیاوە هێناوە و ویستوویانە بە وڵاتانی بالکاندا بیانگەیەننە نێو یەکێتیی ئەوروپا.
دەزاندرێ کە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری خەڵکی باشووری کوردستانیش لە بۆسنیان، بەڵام هیچ زانیارییەک نییە کەسیان دەستگیرکرابن.
لە ئیتاڵیاش یۆرۆپۆل بە هاوکاریی پۆلیسی ئیتاڵیا و ماڵتا 9 کەسیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارن بە قاچاخچێتی و ساختەکردنی بەڵگەنامە و گواستنەوەی پارەی کاش بە رەش.
یۆرۆپۆل ناسنامەی دەستگیرکراوەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت کۆچبەرانی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقایان لە ئیتاڵیاوە و بە پاسپۆرتی ساختە رەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کردووە. پاش ئۆپەراسیۆنەکەش ژمارەیەکی زۆر پاسپۆرتی ساختە لە بەلجیکا و سویسرا و فەرەنسا و ئیتاڵیا دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەر سەرەتای ئەم مانگە یۆرۆپۆل رایگەیاند، کە 15 کەسی دیکەیان دەستگیر کردووە بە تۆمەتی ئەوەی بەشێوەی ساختە هاوسەرگیرییان لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکە کردووە و خەڵکیان لەوێوە بەناوی هاوسەرگیرییەوە هێناوەتە نێو یەکێتیی ئەوروپا.