ئەڵمانیا ناوەندێکی دیکە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە نایجیریا دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا سێیەمین ناوەندی کۆچبەرانی لە نایجیریا کردەوە، بەڵام بەپێچەوانەی بەریتانیا و ئیتاڵیاوە نایەوێ هیچ کۆچبەرێک لە ئەڵمانیاوە بنێرێتە ئەو ناوەندانە، بەڵکو دەیەوێ لەوێوە کۆچبەران ئامادە بکات بۆ چوونە ئەڵمانیا.
ئەم هەفتەیە ئەڵمانیا ناوەندێکی دیکەی بۆ کۆچبەران لە نایجیریا کردەوە. بەریتانیا لەگەڵ رواندا و ئیتاڵیا لەگەڵ ئەلبانیا رێککەوتنیان کردووە بۆئەوەی کۆچبەران بنێرنە ئەو وڵاتانە، بەڵام ناوەندەکەی ئەڵمانیا لە نایجیریا بۆ ناردنی کۆچبەران نییە بۆ ئەوێ و بەپێچەوانەوەیە.
وەک سڤێنیا شولتزە، وەزیری پەیوەندییە ئابوورییەکان و هاریکاری و پەرەپێدان لە حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵی لەکاتی کردنەوەی ناوەندە ئەڵمانییەکەدا لە نایجیریا روونیکردەوە، ئامانج لە کردنەوەی ناوەندەکە رێنیشاندان و راوێژدانە بەو کۆچبەرانەی دەیانەوێ بۆ کار بچنە ئەڵمانیا. کارێکی دیکەی ئەو ناوەندە یارمەتیدانی ئەوانەیە کە ئەڵمانیا خۆی دیپۆرتی کردوونەتەوە بۆ نایجیریا.
هەرچەندە زۆر کەس لە کوردستانەوە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دیاسپۆراوە دەکەن و پرسیاریان هەن سەبارەت بە کۆچی یاسایی بۆ کارکردن لە ئەڵمانیا، بەڵام لە پلانە راگەیەندراوەکانی حکومەتی ئەڵمانیادا هیچ زانیارییەک بڵاونەکراوەتەوە کە ئەو وڵاتە بیەوێ ناوەندێکی هاوشێوەی ئەوانەی نایجیریا لە هەرێمی کوردستانیش بکاتەوە.