یەكێتیی ئەوروپا نرخی ڤیزای شینگن گران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نرخی داواکردنی ڤیزەی شینگن گران دەکرێ. جاران نرخەکەی 80 یۆرۆ بوو، ئێستا پلان هەیە بکرێتە 90 یۆرۆ، بەڵام بۆ ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە نرخەکەی زۆرتر دەبێت.
کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێ نرخی داواکردنی ڤیزای شینگن زیاد بکات و بۆ کەسانی سەروو 18 ساڵ لە هەشتا یۆرۆوە بیکاتە 90 یۆرۆ. بۆ منداڵانیش لە 40 یۆرۆوە ببێتە 45 یۆرۆ. بەڵام ئەمە بۆ ئەو وڵاتانەیە کە دەزانرێ هاووڵاتییانیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و کێشەی ئەوەیان نابێ کە دوای بەسەرچوونی ڤیزاکانیشیان لە یەکێتیی ئەوروپادا بمێننەوە.
بۆ ئەو وڵاتانەی ڤیزاپێدانەکە زۆرجار کێشەی بەدوادا دێت نرخی داواکردنی ڤیزا دەگاتە 180 یۆرۆ.
جگە لەوەش ئەو دامەزراوانەی داوای ڤیزاکە بۆ خەڵک دەکەن دەتوانن نرخی زۆرتر لەمەش داوا بکەن. کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، هۆکاری گرانکردنی نرخی ڤیزا بۆ تێکچوونی دۆخی ئابووریی ئەوروپا دەگەڕێتەوە.