شازادە فیلیپ لە تەمەنی 99 ساڵی کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
شازادە فیلیپ، شازادەی ئێدینبێرگ، هاوژینی شاژن ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا، لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
لە راگەیێندراوێكدا، کۆشکی بێکینگهام، کۆشکی شاهانەی بەریتانیا کۆچی دوایی شازادە فیلیپی راگەیاند و گوتی، بە خەم و پەژارەیەکی گەورەوە، شاژن ئیلایزابێس کۆچی دوایی هاوژینە خۆشەویستەکەی رادەگەیێنێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم بەیانییە شازادە فیلیپ لە کۆشکی ویندسۆر بە ئارامی کۆچی دواییکرد و خێزانی شاهانە هاوکات لەگەڵ خەڵک لە سەرانسەری جیهان، هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆیان دەردەبڕن.
شازادە فیلیپ لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، خۆی لە بەشداریکردن لە هەندێ رێورەسمی فەرمی شاهانە لەگەڵ شاژنی بەریتانیا خۆی بەدوور خستەوە و دوا دەرکەوتنی ئەو لە بەردەم خەڵک و میدیاکان لە کۆتایی ساڵی 2017دا بوو.
شازادە فیلیپ لە 10ی مانگی حوزەیرانی ساڵی1921 لە دوورگەی کۆرفو لە رۆژهەڵاتی یۆنان لەدایکبووە و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1947وە ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا پێکهێناوە.
شازادە فیلیپ و شاژن ئیلیزابێس خاوەن چوار منداڵن؛ شازادە چارلس، شازادەی وەیڵزە و تەمەنی 72 ساڵە؛
شازادە ئانە، تەمەن 70 ساڵ، هەروەها شازادە ئاندروو، شازادەی یۆرک تەمەن 61 ساڵ و چوارەم منداڵیشیان شازادە ئێدواردی تەمەن 57 ساڵانە.