هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەڵمانیا؛ راستڕۆکان دەنگی زۆریان بەدەستهێناوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە ئەڵمانیا راگەیێندرا و هاوپەیمانیی یەكێتیی كریستیان دیموكرات و یەكێتیی سۆسیال كریستیان سەركەوتنی بەدەستهێنا و %30.2ی دەنگەكانی بردەوە، بەڵام پارتە راستڕۆ دژە كۆچبەرەكەش كە (پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا)یە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكان، پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا نزیكەی %16ی دەنگەكانی بردووەتەوە، ئەوەش واتای ئەوەیە رێژەی دەنگەكانی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێنج ساڵ لەمەوبەر %5 زیادی كردووە. 
 
ئەنجامەكە لەكاتێكدایە پارتەكە لە چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی كۆمەڵێک رەخنە و تۆمەت بووەوە.
 
دوو بەربژێری یەكەمی پارتەكەش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا رەخنەی ئەوەیان لێگیرا و تەنانەت تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ كە سیخوڕییان بۆ رووسیا كردووە.
 
ئەوەی پەیوەندی بە پارتەكانی دیكەوە هەیە، پارتی سۆسیال دیموكراتی ئولاف شوڵتزی راوێژكار %13.9ی دەنگەكانی بردووەتەوە و ئەوەش وەک شكستێكی گەورە دادەنرێت بۆی.
 
هەرچی سەوزەكانن كە لەگەڵ سۆسیال دیموكرات و دیموكراتە ئازادەكان حكومەتی ئەڵمانیایان پێكهێناوە %11.9ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و ئەوەش بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپای پێنج ساڵ لەمەوبەر %8.6ی دەنگەكانی كەمكردووە. پارتی دیموكراتە ئازادەكانیش دەنگێكی كەمی هێناوە كە تەنیا نزیكەی %5ـە.
 
ئەنجامی خراپی ئەو پارتانەی پێكەوە حكومەتی ئەڵمانیایان پێكهێناوە دەكرێت كاریگەری لەسەر پێكەوە كاركردنیان لە قۆناخی داهاتوودا هەبێت.
 
تەنیا لە ئەڵمانیا نییە راستڕۆكان دەنگی زۆریان هێناوە، بەڵكو لە بەشی زۆری وڵاتەكان هەمان رەوت دەبینرێ.