ئەردۆغان بۆ بایدن: بەستنەوەی فڕۆکەی ئێف 16 بە پرسی ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، نادروستە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کرد و پێی راگەیاند، بەستنەوەی پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا لە بەرامبەر رازیبوونی وڵاتەکە بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ "کارێکی دروست نییە".
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 9-7-2023 بڵاوکرایەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا چەند پرسێکی وەکو ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، فڕۆکەی ئێف-16، یەپەگە و ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپایان تاوتوێکردووە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆری کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردەوە: "له په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و بایدن، پێگه‌ی ئۆكراینا له ناتۆ، ئه‌ندامێتیی سوێد له ناتۆ، راده‌ستكردنی فڕۆکە F-16ـه‌كان و ئه‌ندامێتیی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا باسیان لێوەکرا".
ئەردۆغان باسی لەوە کردووە بەستنەوەی داواكاریی توركیا سه‌باره‌ت به F-16 به بابەتی ئه‌ندامێتیی سوێد له ناتۆ، "كارێكی دروست نییه."
هەر بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئه‌ردۆغان گوتوویەتی: "له سوێد لایه‌نگرانی په‌كه‌كه/یەپەگە/په‌یه‌ده به‌رده‌وامن له‌خۆپێشاندانی پشتیوانیکردن له تیرۆر و ئه‌مه‌ش هەنگاوەکانی لەباربردووە".
هەروەها خواستی سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسەی ئه‌ندامێتیی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، یەکێک لەو بابەتانە بووە کە ئەردۆغان باسی لێوە کردووە. سەرۆککۆماری تورکیا ویستی خۆی بۆ دووبارە گیان بەربەرداکردنەوەی پرۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتییەکە نیشانداوە.