لە ژاپۆن یادی کارەساتی ناگاساکی دەکرێتەوە
رێورەسمەکە لە شاری ناگاساکی و بە ئامادەبوونی شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن و کەسوکاری قوربانیان بەڕێوەچوو، تێیدا تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری قوربانییەکان دانرا.
لە گوتارێکیدا کە لە رێورەسمەکەدا پێشکەشیکرد، ئابێ داوای "جیهانێکی خاڵی لە چەکی ئەتۆمی" کرد و رایگەیاند، پێویستە هیرۆشیما و ناگاساکی ببنە هۆی ئەوەی رێگە نەدرێت چیدیکە رووداوی لەو جۆرە دووبارە ببێتە.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژینگەی ئاسایشی جیهانیی گرژبوونی زۆری بە خۆوە بینیوە و بۆشایی نێوان وڵاتان سەبارەت بە پرسەکانی چەکداماڵینی ئەتۆمی زیاتربووە.
رۆژی 9ـی ئابی 1945 ئەمریکا بە چەکی ئەتۆمی ناگاساکی بۆردومان کرد و بە هۆیەوە 70 هەزار کەس کوژران؛ بۆردومانی ئەتۆمیی ناگاساکی سێ رۆژ دوای بۆردومانی ئەتۆمی هیرۆشیما بوو کە بە هۆیەوە 140 هەزار کەس کوژران.