شەڕی کڕینی تیکتۆک دەکەوێتە نێوان مایکرۆسۆفت و تویتەر

 
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو دێت شەڕی کڕینی تیکتۆک لەنێوان کۆمپانیا زلهێزە ئەمریکییەکاندا گەرم دەبێت. تویتەر لەو کێبڕکێیەی سەریهەڵداوە پەیوندیی لەگەڵ کۆمپانیای بایتدانسدا خۆشکردووە کە خاوەنی تیکتۆکە و دەڵێت دەمانەوێت بەرنامەکەتان لێ بکڕین.
 
داهاتی گشتیی تویتەر 30 ملیار دۆلارە، بە نزیکەیی هێندەی نرخی پشکەکانی تیکتۆکە. دوو بەرپرسی ئەمریکی گومانیان لە توانای دارایی تویتەر هەیە کە بتوانێت کێبڕکێی مایکرۆسۆفت بکات کە ئێستا نرخەکەی لە بازاڕدا سەرووی تریلیۆنێک دۆلارە.
 
ئێریک گۆردۆن، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی مشیگان بە رۆیتەرزی راگەیاند، تویتەر بە تەنیا ناتوانێت تیکتۆک بکڕێت، دەبێت داوای پاڵپشتیی ماددی لە کۆمپانیای دیکە بکات.
 
کۆمپانیای سیلڤەر لەیک یەکێک لە هاوبەشی پشکەکانی تویتەر ئامادەیی نیشانداوە پاڵپشتیی دارایی تویتەر بکات.
 
تیکتۆک هیچ گوتەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام ئاپە چینییەکە سازشبکات یان نا رووبەڕووی گوشاری توندی ئەمریکا بووەتەوە.
 
 
قەدەخەی مامەڵە لەگەڵ تیکتۆک و ویچات
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریدا مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک و ویچات قەدەخە بکات و رایگەیاند، هەردوو ئەپلیکەیشنەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لەلایەن چینەوە بە خراپی بەکارهێنراون.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوو بڕیاری جێبەجێکاریی واژۆکرد و تێیاندا مامەڵەکردن لەگەڵ هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک و ویچاتی چینی لەدوای 45 رۆژ قەدەخە کردووە.
 
بە گوێرەی بڕیارە نوێیەکە، لەدوای 45 رۆژ هەموو جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ بەرپرسان و خاوەنی هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک و ویچات قەدەخە دەکرێت.
 
 
تیکتۆک هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا
 
کۆشکی سپی تیکتۆک بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا دەزانێت. ژمارەیەک کۆنگرێسمانی وڵاتەکە قسەیان کردووە کە گوایە تیکتۆک سیخوڕیی بەسەر دامودەزگاکانی وڵاتەکە و خەڵکەوە دەکات.
 
 
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، دەکرێت تیکتۆک لەلایەن پارتی کۆمەنیستی چینەوە بە خراپی بەکاربهێنرێت و دەبێت ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی رێکاری پێویست دژ بە خاوەنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە بگرێتەبەر.
 
لەبارەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ویچاتیشەوە ترەمپ رایگەیاند، "تۆڕەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی زانیاریی زۆر لەسەر بەکارهێنەرەکانی کۆدەکاتەوە و ئەوەش رێگە بە پارتی کۆمەنیستی چین دەدات دەستی بە زانیارییە تایبەتەکانی هاووڵاتییانی ئەمریکا بگات".
 
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، لەدوای 45 رۆژ هەر جۆرە مامەڵەکردنێکی دارایی لەگەڵ تیکتۆک و ویچات بە گوێرەی سیستەمی دادگایی ئەمریکا قەدەخەدەکرێت.
 
 
بەشێکی داهاتی فرۆشی تیکتۆک بۆ گەنجینەی ئەمریکا
 
ترەمپ دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی دەبێت رێژەیەکی بەرچاو لە داهاتی فرۆشی ئەپلیکەیشنی تیکتۆکی بەربکەوێت و هەڕەشەی راگرتنی خزمەتگوزارییەکانی ئەو ئەپلیکەیشنەیشی کرد ئەگەر تاوەکو ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول مامەڵەی نێوان مایکرۆسۆفت و کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک یەکلایی نەبێتەوە.
 
گەورە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ماوەی چەند هەفتەیەکە بۆ کڕینی تیکتۆک لەگەڵ کۆمپانیای بایتدانس سەرقاڵی دانوستاندنە. ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا داوای کردووە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چین لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بکڕدرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ کارمەندانی بواری تەکنەلۆژیی ئەمریکا لە واشنتن رایگەیاند، رۆژی 15ـی ئەیلوول دوایین وادەیە بۆ تیکتۆک بۆ ئەوەی خۆی بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی بفرۆشرێت.