دۆناڵد ترەمپ ئازادکردنی ئیلیزابێز تسوورکۆڤی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا ئازادکردنی ئێلیزابێز تسوورکۆڤی لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە راگەیاند؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشکەنجە دراوە.
رۆژی سێشەممە، 9-9-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ گوتی: "خۆشحاڵم ئاماژە بەوە بکەم کە ئیلیزابێز تسووکۆڤ، قوتابی زانکۆی پرینستن، کە خۆشکەکەی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، کەمێک لەمەوبەر لە لایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە ئازادکرا".
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هاووڵاتییە ئێستا لە باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە عێراق، "دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین مانگ ئەشکەنجە درابوو".
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ: "هەمیشە شەڕ بۆ دادپەروەری دەکەم و هیچ کاتێک کۆڵنادەم" و لە کۆتایشدا پەیامێک بۆ بزووتنەوەی حەماس دەنێرێ و دەڵێت: "حەماس، هەر ئێستا بارمتەکان ئازاد بکە".
هەر لەو بارەیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژمارەی ئێکسی خۆیدا بڵاویکردەوە: "دوای هەوڵی گەورەی دامودەزگا ئەمنییەکانمان، کە چەندین مانگ درێژەی کێشا، رایدەگەیێنین کە ئیلیزابێز تسوورکۆڤی هاووڵاتی رووسی ئازادکرا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "هەرگیز سازش ناکەین لە جێبەجێکردنی یاسا و بەرزڕاگرتنی سەروەریی دەوڵەت و رێگە بە هیچ کەسێک نادەین، ناوبانگی عێراق و عێراقییەکان ناشیرین بکات".
تسوورکۆڤ هاووڵاتییەکی رووسی - ئیسرائیلییە و خوێندکاری دکتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاداری ساڵی 2024 لە نێوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.