نیو سەدە بەسەر مردنی گیڤارا تێدەپەڕێت
رووداو - هەولێر
رۆژی 9ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، 50 ساڵ بەسەر مردنی شۆڕشگێڕی ناسراوی ئەمریکای لاتین و جیهانی کۆمیونیستی، ئەرنێستۆ چێ گیڤارادا تێپەڕی.
گیڤارا لە ئەرجەنتین لەدایکبوو و لە دارستانەکانی بۆلیڤیا کوژرا، بەڵام کوبا بووە وڵاتی ئەو و، ئێستاش کەسوکاری گیڤارا، لە کوبادا دەژین. ئەوان باس لە ژیانی خێزانیی و بیرەوەرییەکانی گیڤارا دەکەن.
خوان مارتین گیڤارا، برای چێ گیڤارا دەڵێ "ئێمە، خێزانێک بووین سەرچاوەی داهات و دارایی زۆر سنووردارمان هەبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا زۆر خوێندەوار، زۆر پەروەردەکراو و، لە رووی سیاسییەوە زۆر بەئاگابووین و زۆر بەهێزبووین لە وازهێنان لە بونیاتە دامەزراوەکان، بەڵام نەک بە رێگایەکی ئۆلیگارشی، بەڵکو تەواو پێچەوانە. ئێمە دژی بیرۆکەی ئۆلیگارشی و ئەریستۆکراسی بووین. لە ماڵەکەی مندا تەنها دوو شت هەبوون کە نەماندەتوانی پاڵپشتییان بکەین: کەنیسە و سوپا".
دوای ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەو هەموو گۆڕانکارییانە، هێشتا گوتە و ئامۆژگارییەکانی گیڤارا لە گوێی زۆر کەسدا دەزرنگێنەوە و رۆژانە دێنەوە بیر. ئالەیدا گیڤارا، کچی چێ گیڤارا دەڵێ "وەک چێ هەمیشە دەیگوت، ئێوە ناتوانن سانتیمەترێک بخەنە سەر ئیمپریالیزمی ئەمریکی، تەنانەت کەمێكیش ناتوانن. ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە لە سەری بەردەوام بین".
لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا، هێشتا ئەمریکا سەرمایەدارییە و کوبا کۆمیونیستییە؛ هاوکات لەم چەند ساڵەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە سەر ئاستێکی سنوورداری دیپلۆماسی و گەشتیاری دەستیان پێکردەوە.
ئێرنێستۆ گیڤارا، کوڕی چێ گیڤارا دەڵێ "بە دڵنیاییەوە ساڵانی دوایی باش بوون، کرانەوەیەک لە پەیوەندییەکان هەبوو و گەشتیاریی گەشەی کرد، ئەوە بۆ هەموومان باش بوو. ئێستا پەیوەندییەکان سەختتر بوون، جیهان زۆر ئاڵۆزتر بووە و گەشتیارییش هێواش بووە و ئێمەش ناڕەحەتین".
دوای نیو سەدە لە مردنی، هێشتا گیڤارا وەکو سیمبولێکی شۆڕشگێڕی لێی دەڕوانرێت و خەباتەکەی بووەتە نموونەیەکی باڵا بۆ زۆر خەباتی چەپڕەوانەی رزگاریخواز.
پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار