سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا: ئامادەین دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکەینەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نیکۆڵ پەشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەگەڵ ئازەربایجاندا دەست بە دانوستاندەکانی ئاشتی بکاتەوە.
 
ئەو گوتایەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا دوای ئەوەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بانگەشە بۆ کۆتاییهێنان بەو پێکدادانە سەربازییانە دەکرێت کە نزیکەی دوو هەفتەیە لە ناوچەکەدا بەردەوامە.
 
پەشینیان رۆژی هەینی لە یەریڤان لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیی ئابووری ئۆراسیا کە بریتین لە رووسیا، کازاخستان، بیلاڕووسیا، کیرگیزستان و ئەرمینیا گوتی، "ئێمە لەبارەی ململانێی قەرەباخەوە پابەندی سەقامگیریی ئاشتییانەین و ئامادەین دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکەینەوە."
 
ئەو قسانەی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا یەک رۆژ پاش ئەوە دێن کە رووسیا رایگەیاند، ئەوان ئامادەن سەرپەرشتیی گفتوگۆی ئاگربەستی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان بکەن.
 
میخایل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا رۆژی هەینی لە کاتی سەردانی بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نێوان حکومەتەکان لە یەریڤان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕی کە لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرۆکوەزیرانی رووسیا ئەوەشی گوت، رووسیا ئامادەیە ئاسانکاری بکات بۆ چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ئەو ململانێیە بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی مینسک-ئەمریکا و فەرەنسا.
 
دوایین هەڵکشانی شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە 27ـی ئەیلوولەوە دەستی پێکرد و گەورەترین هەڵکشانی ناکۆکیی دەیان ساڵەی لەسەر ناگۆرنۆ-قەرەباخ دروست کرد. ناوچەکە دەکەوێتە ئازەربایجانەوە، بەڵام لەدوای کۆتایی شەڕی جوداخوازی لە ساڵی 1994ەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێوخۆییە ئەرمەنییەکاندا بووە کە لەلایەن ئەرمینیاوە پشتگیری دەکرێن.