ئیتاڵییەکان بۆ رزگاربوون لە قەیران، چاویان لە 'سوپەر ماریۆ'یە

 
رووداو دیجیتاڵ

200 ملیار یۆرۆ، پارەی ئامادەکراوی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ ئیتاڵیا، کە بە قەیرانێکی ئابووری و سیاسیی گەورەدا تێدەپەڕێت، دەبێت بەم هاوکارییە پلانی هەستانەوەی وڵاتەکەی دابنێت کە پەتای کۆرۆنا بەسەریدا سەپاندووە.
 
حکومەتی ئیتاڵیا 14 رۆژە هەڵوەشاوەتەوە. ماریۆ دراگی، بەڕێوەبەری پێشووی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە بە پشتیوانیی زۆربەی پارتەکان و سەرۆک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستنیشان کراوە.
 
ماتیۆ سالڤینی، سەرکردەی پارتی کۆمکاری ئیتاڵیا دەڵێت "ئامانجی ئێمە بۆ ئیتاڵیا گەڕانەوەیە بۆئەوەی ببینەوە بە یەکێک لە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بەرژەوەندیی ئێمە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیتاڵیایە بە روانگەیەکی ئەوروپی و رۆحیەتێکی ئەوروپییانە".
 
ئیتاڵییەکان بە ماریۆ دراگی دەڵێن سوپەر ماریۆ و دەیانەوێت ببێتە رزگارکەری ئیتاڵیا.
 
ئیتاڵیا لە ساڵی 2020 یەکێک لە خراپترین ساڵەکانی بەڕێکرد، بەشێوەیەک کە رێژەی گەشتیاریی 99% دابەزی، هەروەها پیشەسازیی ئۆتۆمبێل 29%، بەرهەمی بیناسازی 68%، پیشەسازی بەگشتی 47% کەمیکرد و رێژەی بێکاری گەیشتە 11%.
 
ئیتاڵییەکان چاوەڕێن سوپەر ماریۆ لەو قەیرانە دەریان بهێنێت، چونکە سوپەر ماریۆ مێژوویەکی لە چارەسەرکردنی قەیرانە دارایی و ئابوورییەکاندا هەیە، ئەو کەسی یەکەم بوو لە رزگارکردنی ئەوروپا لە قەیرانی دارایی 2012.
 
سیلڤیۆ بیرلسکۆنی، سەرکردەی پارتی فۆرزا ئیتاڵیا ئاماژە بەوە دەکات "لەم پرسەدا رۆڵی خۆمان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بنیاتنەرانە دەگێڕین، دۆخەکە زۆر جیددییە و پێویستی بەوەیە هەمووان جیاوازییەکان بخەینە لاوە و وڵات لەپێش هەموو شت دابنێین، ئەگەر ئەمیش رووبدات من دڵنیام ئیتاڵیا هەڵدەستێتەوە و بەرەوپێش دەڕوات".
 
لەڕووی سیاسییەوە پشتیوانیی تەواوی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا دراگی پێوستی بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە.
 
ڤیتۆ کریمی، سەرکردی پارتی پێنج ئەستێرە ئەوەی خستووەتەڕوو "رێگە بە ئەندامەکانی خۆمان دەدەین قسە بکەن و پێمان بڵێن کە چ ئاراستەیەک بگرینەبەر، هەروەکو چۆن لە حکومەتەکانی پێشوودا هەر وامان کردووە. ئەمجارەش رێگە دەدەین کەسانی شارەزا لەپێناو بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان بڕیار بدەن".
 
حکومەتی داهاتووی ئیتاڵیا، کاری لەپێشینەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و ئابوورییە، دەشبێت لەسەر بنەمای ئەو 200 ملیار یۆرۆیەی ئەوروپا بۆی دابینکردووە، بەزووترین کات پلانی هەستانەوەی ئیتاڵیا دابنێت.