رەوەندی کوردی یاداشتێک دەداتە پەرلەمانی هۆڵەندا؛ "پارە بە حکومەتی سووریا مەدەن"
رووداو دیجیتاڵ
7 رێکخراوی رەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا یاداشتێکیان بە واژۆی سێ هەزار کەسەوە دایە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمان. داواکاریی سەرەکییان راگرتنی ئەو 620 ملیۆن یۆرۆیەیە کە یەکێتیی ئەورووپا وەک هاوکاری دەیداتە حکومەتی سووریا.
لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا، نوێنەرانی رێکخراوەکان بە درووشمی "نا بۆ جینۆسایدی گەلی کورد" داواکارییەکانیان خوێندەوە. ئەوان داوای راگرتنی کوشتنی ژن و منداڵ و پاراستنی مافەکانی کورد لە سووریا دەکەن، هاوکات داوا دەکەن لەبری حکومەت، کۆمەکی مرۆیی بۆ خەڵکی کۆبانێ بنێردرێت.
دۆن سیدەر، پەرلەمانتاری هۆڵەندی لە پارتی یەکێتیی کریستیانەکان بە رووداوی راگەیاند: "زۆر گرنگە کە دیاسپۆرای کوردی هانی پەرلەمان دەدات بۆ ئەوەی کرداری هەبێت. ئێمە گوشار دەخەینە سەر پەرلەمان و وەزیری دەرەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی مرۆیی پێشکەشی خەڵک بکەن و پارەدارکردنی رژێمی سووریا رابگرن، تاوەکو ئەو رژێمە دەیسەلمێنێت کە خەڵکی کورد پارێزراون."
بەرپرسانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەڵێنیان دا هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی ئەو داواکارییانە لە پەرلەمانی فیدراڵیی وڵاتەکە رێکبخەن.
سارا دۆبی، پەرلەمانتاری پارتی سۆشیالیست (SP) گوتی: "هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان گفتوگۆمان هەیە و وەزیرەکەمان دەچێتە ئەورووپا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سووریا. ئێمە وەک پەرلەمانتار دەتوانین پێشنیاز پێشکەش بکەین و بپرسین چۆن دەتوانین رێگری لە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بکەین."
دوای چەندین هەفتە لە خۆپیشاندان، ئێستا رەوەندی کوردستانی لە رێگەی لۆبی و پەرلەمانتارانی ئەورووپاوە هەوڵی گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی و پاراستنی گەلی کورد دەدەن.