بەهۆی توویتێک لەسەر منداڵەکەی شازادە هاری بی بی سی بێژەرێکی خۆی دەرکرد
رووداو-لەندەن
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی رادیۆی بی بی سی یەکێک لە بێژەرەکانی خۆی لەکارەکەی دووردەخاتەوە بەهۆی توویتێکی لەسەر منداڵەکەی شازادە هاری.
دانی بەیکەر وێنەیەکی توویت کردبوو کە تێیدا پیاوێک و ژنێک دەستی مەیموونێکیان گرتووە و لەسەری نووسیویەتی "منداڵەكەی شازادە لە نەخۆشخانە هاتە دەرەوە".
دوای ئەوەی هەواڵی دەرکردنەکەی پێگەیشتووە، دانی بەیکەر لە توویتێکی دیکەدا نووسیبووی "ئێستا لە کارەکەم دەرکرام". ئەمەش دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی جیهاندا هەبوو.
دانی بەیکەری تەمەن 61 ساڵ، پێشکەشکارێکی بەنێوبانگی رادیۆی بی بی سی ـیە و رۆژانی شەممە و لەکاتی بەیانیدا بەرنامەی لەو رادیۆیە پێشکەش دەکرد.
هەرچەندە دانی لە توویتێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو ئەو کارەی هەڵەیەکی گەمژانە بووە و بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام رادیۆی بی بی سی ئەوی بە گاڵتەکردن بە بنەماڵەی شاهانە تۆمەتبار کردووە و نووسیویەتی ئەو کارەی دانی دژی پرەنسیپەکانی ئێمەیە.
رۆژی دووشەممە، شازادە میگان مارکل، خێزانی پرێنس هاری، شازادەی بەریتانیا منداڵێکی کوڕی بوو و رۆژی چوارشەممە 8-5-2019 بۆ یەکەمجار وێنەی منداڵەکەیان بڵاوکردەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان