شاژنی بەلجیکا بە شاندێکی 400 کەسییەوە سەردانی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاژن ماتیڵد، شاژنی بەلجیکا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی، سەردانێکی پێنج رۆژە بۆ تورکیا دەستپێدەکات. لەم سەردانەدا کە گەورەترین شاندی بازرگانیی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2012ـەوە یاوەری دەکەن، چەندین رێککەوتنی ستراتیژی لە بوارەکانی بەرگری،وزە و تەکنەلۆژیا واژۆ دەکرێن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، شاندەکەی بەلجیکا ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئایاری 2026 دەگاتە تورکیا و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 14ـی ئایار لە هەردوو شاری ئەنقەرە و ئیستەنبووڵ زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئاستبەرز دەکەن.
شاژن ماتیڵد لەم سەردانەدا تەنیا نییە؛ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی بەلجیکا یاوەری دەکەن، لەوانە ماکسیم پرێڤۆت، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە. تیۆ فرانکێن، وەزیری بەرگری و بازرگانیی دەرەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکانی (بروکسل، فلاندێرز و والۆنیا)، شاندێکی ئابووری کە لە زیاتر لە 400 نوێنەری کەرتی تایبەت پێکهاتووە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، بڕیارە لەم سەردانەدا چەندین بەڵگەنامە و رێککەوتنامە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێن. پیشەسازیی بەرگری، فڕۆکەوانی، وزە، تەندروستی و دیجیتاڵکردن، ئەو بوارە سەرەکییانەن کە ئەنقەرە و برۆکسل دەیانەوێت تێیدا هاوئاهەنگییەکانیان بگەیێننە ئاستی "هاوبەشیی ستراتیژی."
هەروەها بڕیارە "کۆڕبەندی ئابووریی تورکیا-بەلجیکا" رێکبخرێت بۆ رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی نوێ و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کۆمپانیاکانی هەردوو وڵات.
ئاستی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات
پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و بەلجیکا لە ساڵانی دواییدا گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە:
- قەبارەی بازرگانی لە ساڵی 2025: 9.2 ملیار دۆلار بووە.
- هەناردەی تورکیا بۆ بەلجیکا: 5 ملیار دۆلار.
- هەناردەی بەلجیکا بۆ تورکیا: 4.2 ملیار دۆلار.
- وەبەرهێنانی بەلجیکا لە تورکیا (2002-2026) 9.3 ملیار دۆلار.
ئەم سەردانەی شاژن ماتیڵد بە گرنگترین و فراوانترین سەردانی شاندێکی بەلجیکی بۆ تورکیا دادەندرێت لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا. دوایین سەردانی لەم شێوەیە لە ساڵی 2012 بوو، کاتێک شا فیلیپ (شای ئێستای بەلجیکا) کە ئەو کاتە شازادەی جێنشین بوو، سەردانی تورکیای کرد و شاژن ماتیڵدیش لەو گەشتەدا یاوەری بوو.