ئەڵمانیا داعشێك دادگایی دەكات
رووداو- ئەڵمانیا
لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا دادگاییكردنی ئەندامێكی پێشووی داعش كە لە سووریاوە گەڕابووەوە دەستیپێكرد. ئەندامەكەی پێشووی داعش لەسەر ئەوە دادگایی دەكرێت كە لە ساڵی 2014 لە سووریا ماوەتەوە و لە ریزەكانی داعش بووە.
ئەندریاس ڤیتەك، گوتەبێژی دادگاكەی دوسڵدۆرف، رۆژی 9/7/2015 رایگەیاند" ناوی تۆمەتبارەكە نەزەت ئێس-ە و تەمەنی 22 ساڵە، ئەو ئەندامی داعش بووە و لە سووریا جگە لەوەی فێری بەكارهێنانی چەك بووە، بەشداری لە شەڕیشدا كردووە".
لە دانیشتنەكەی دادگادا كە رۆژی 9/7/2015 بەڕێوەچوو، نەزەت دانی بەوەدا ناوە كە بۆ شەڕ چووەتە سووریا و لەوێ داوای لێكراوە ببێتە داعش، بەڵام پاشئەوەی لە شەڕێكدا هەندێك دیمەنی ترسناكی بینیوە، ترساوە و گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا.
داواكاری گشتیی ئەڵمانیا متمانەی بە پەشیمانبوونەوەی نەزەت نییە و گومانی ئەوەی هەیە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی گەڕابێتەوە. دادگاش پشتڕاستیكردووەتەوە كە ئەو چیرۆكەی نەزەت دەیگێڕێتەوە و ئەوەی لەبارەی پەشیمانیی خۆیەوە باسیدەكات، رێی تێناچێت راستبێت.
لە كۆتایی ساڵی 2014 دا نەزەت-ی بەڕەچەڵەك ئەلبانی و بە رەگەزنامە ئەڵمانی، دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا، بەڵام یەكسەر دەستگیردەكرێت. لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا نێوبراو لە زینداندایە. تاوەكو ئێستاش دادگا 9 جار لەسەر دۆزی نەزەت دانیشتووە و داواكاری گشتیش داوای سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ دەكات.