سوهەیلە قازی: وەسیەتی عەلی کاکم ئەوە بووە لە مهاباد بە خاک بسپێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە 10ی تەممووزی 2022 عەلی قازی، کوڕە تاقانەکەی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری بۆنی ئەڵمانیا لە تەمەنی 89 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، خوشکەکەی دەڵێت، براکەی وەسیەتی کردووە لە مهاباد بە خاکی بسپێرن، بەڵام "تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئێران رێگەیان نەداوە لە مهاباد پرسەی بۆ دابنرێت."
 
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا دەڵێت، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی قازی، کوڕە تاقانەکەی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری بۆنی ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد، ئێستا پرسەکەی لەنێو مزگەوتی ئاییندە لە شاری کۆڵن دانراوە، هاوژین و کوڕ و کچ و خوشکێکی و کەسوکارەکەی و خەڵکی رۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان ئامادەی پرسەکەین.
 
سوهەیلە قازی، خوشکی عەلی قازی و یەکێک لە کچەکانی پێشەوا قازی محەممەد بە رووداوی راگەیاند، "بەر لە دوو رۆژ دوای ئەوەی دۆخی تەندروستیی تێکچوو، برایە نەخۆشخانە، بڕیار بوو ئەمڕۆ بیهێننەوە ماڵەوە؛ بەڵام کاژێر 03:40 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دڵی وەستا و کۆچی دواییکرد، لە 9ی مانگی رابردووەوە نەخۆش کەوتبوو، لەسەر جێگە بوو نەیدەتوانی نە قسە بکات و نە گوێی لە [قسە] بێت."
 
لەبارەی دوایین وەسیەتی براکەی، سوهەیلە گوتی، "ئەوکاتەی لە نەخۆشخانە بوو دەیتوانی قسە بکات، بەڵام ئەو هەستەی نەبوو کە رۆژێک بێت و لەسەر جێگە بکەوێت و نەتوانێت قسە بکات یان نەتوانێت ببینێت و ببیستێت، هەمیشە کاکم دەیگوت ئەگەر من شتێکم لێ بەسەرهات ئارەزووم ئەوەیە و دەبێت ئەوەشم بۆ بکەن، بمبەنەوە بۆ مهاباد و لەوێ لای باوکم بەخاکم بسپێرن، ئەوە وەسیەتی بوو کە بە قسە بە ئێمەی دەگوت. ئارەزووی ئێمەش هەر ئەوەیە لە مهاباد بەخاک بسپێردرێت، چونکە باب و باپیرانم هەر لەوێ بەخاک سپێردراون."
 
بە گوتەی سوهەیلە، ئەوان حەوت خوشکن، ئەو تاقە برایەیان هەبوو، کە برا گەورەشیان بوو، "ئێستا سێ خوشک ماوین، من و دوو خوشکی دیکەم کە ئەوان لە مهاباد دەژین، منیش ماوەی 43 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیم."
 
لەبارەی رێوشوێنەکان بۆ گواستنەوەی تەرمی عەلی قازی بۆ ئێران، سوهەیلە قازی ئاماژەی بەوە کرد، "بەیانی بەنیازین سەردانی کۆنسوڵخانەی ئێران لە فرانکفۆرت بکەین، بۆئەوەی بزانین هەڵوێستیان چی دەبێت."
 
 
سوهەیلە قازی گوتیشی، لە ئێران و بە دیاریکراوی لە شاری مهاباد "رێگە نەدراوە لە مزگەوت پرسەی بۆ دابنرێت، تەنانەت لەو دادگەیەی کە هی باوکم بوو وەکو خۆی ماوەتەوە و پارێزگاری لێکراوە، لەوێش رێگەیان نەداوە پرسەی بۆ دابنرێت."
 
لەبارەی چۆنێتیی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسەکەش لە ئەڵمانیا، حاجی ئەحمەد جزیری، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی ئاییندە لە شاری کۆڵن، بە رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین تەرمەکەی لە نەخۆشخانە وەربگیرێتەوە، لە مزگەوت نوێژی لەسەر بکرێت، پاشان رێوشوێنەکانی گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ کوردستان دەستپێدەکرێت لەماوەی یەک دوو رۆژی دیکە بەدیار دەکەوێت کە کەی تەرمەکەی بۆ کوردستان دەگوازرێتەوە."
 
عەلی قازی محەممەد لە ساڵی 1933 لە شاری مهاباد  لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە؛ کاتی راگەیاندنی کۆماری کوردستان تەمەنی 13 ساڵ بووە، ماوەیەک سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
 
سەبارەت بە کاتی لەسێدارەدانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی، عەلی قازی محەممەد لەکاتی گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە ئاداری 2014 گوتی، حکومەتی ئێران دەیویست تەرمی پێشەوا و هەڤاڵانی چەند رۆژێک بە سێدارەوە بهێڵێتەوە، بەڵام بەهۆی دانیشتووانی مهابادەوە ئەو کارەی بۆ نەکرا.