دەقی پەیماننامەی لۆزان دەکرێتە کوردی

رووداو دیجیتاڵ

وەرگێڕێکی کورد، دەقی پەیماننامەی لۆزان وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. وەگێڕ دەڵێت: "دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژەران و خوێندکاران و قوتابیان چونکە پێشتر لێرە و لەوێ چەند بەش و مادەیەکی پەیماننامەکە وەرگێڕدراوە، بەڵام هەمووی نەبووە."
 
رۆژی دووشەممە، 10-7-2023 بڕوا ستار، کە دەقی پەیماننامەکەی وەرگێراوە و لە دوو توێی کتێبێک بڵاوی کردووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبەکە 154 لاپەڕەیە و تەواوی 143 مادەکەی پەیماننامەی لۆزانی تێدایە، کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی، بڕیارە لە 24ـی ئەم مانگە لە شاری لۆزانی سویسرا بەبۆنەی 100 ساڵەی واژۆکردنی پەیماننامەکە کۆنفڕانسێک سازبکرێت و لەوێ دابەشبکرێت."
 
بڕوا ستار پێیوایە ئەو کتێبە سەرچاوەیەکی باشی مێژوویی و بەڵگەنامەییە بۆ توێژەران و خوێندکاران و قوتابیان و هەروەها هەوادارانی مێژوو، بڕیارە 10 رۆژی دیکە لە کتێبخانە و ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاوبکرێتەوە.
 
بڕوا ستار، لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبەکەوە گوتی "ئەوەی کتێبەکە دەخوێنێتەوە دەزانێت کە هەندێک بیروباوەڕی بڵاو لەبارەی رێککەوتنامەکەوە هەیە بە هەڵە هاتووە و پێویستیان بە راستکردنەوەیە، لەوانە بابەتی دیاریکردنی سنووری تورکیا و عێراق و کۆتاییهاتنی رێککەوتننامەکە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە وەکو دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا."
 
پەیماننامەی لۆزان لە 24ـی تەممووزی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆکرا. بەپێی پەیماننامەی لۆزان، سنووری دەوڵەتی توركیای نوێ دیاریکرا و پێداچوونەوە بە پەیماننامەی سیڤەردا کرا کە مافی چارەی خۆنووسینی بۆ کورد دەستبەرکردبوو. 
 
ئەمساڵ 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی ئەو پەیمانە تێپەڕدەبێت. تورکیا چەندین ساڵە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەو پەیمانە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی لە پڕۆژەی میساقی میللیدا بە خاکی دەوڵەتی عوسمانیی دیاریکراون، بەتایبەتیش لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان.