ئەرمینیا و ئازەربایجان یەکدی بە شکاندنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

لە دوای دوو هەفتە لە شەڕ و پێکدادانی قورس کە لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا بە خراپترین سەرهەڵدانی دوژمنکارانە دادەنرێت لە هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ دا، دواجار ئەرمینیا و ئازەربایجان بە بڕیاری ئاگربەست رازیبوون کە لە نیوەڕۆی رۆژی شەممەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەو رێککەوتنە رۆژێک پاش ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەی دەکرد، سەربازەکانیان چوونەتە نێو گوندی تالیش لە ناگۆرنۆ-قەرەباخ. چەند خولەکێکیش دوای ئاگربەستەکە هەردوولا یەکدییان بە پێشێلکردنی تۆمەتبارکرد.
 
لە ڤیدیۆکەدا کەلوپەلی سەربازی کە بەسەر رێگەیەکدا بڵاوبووبوونەوە، خاڵەکانی پشکنین و سەربازگەی چۆڵکراو دەبینران.
 
شوشان ستێپانیان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، هێزەکانی ئازەربایجان هێرشیا کردووەتە سەر هێزەکانی وڵاتەکەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕ. ئەوەش تەنیا 5 خولەک دوای ئەوەی رێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، هێزەکانی ئەرمینیاش هێرشیان کردووەتە سەر بەرەکانی پێشەوەی شەڕ و دوو ناوچەیان بۆردوومانکردووە کە شوێنی نیشتەجێبوون بوون. "ئەرمینیا بەتەواوی پێشێلی ئاگربەستەکە دەکات". 
 
وەزیرانی دەرەوەی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی راگرتنی شەڕەوە دیلەکان ئاڵوگۆڕکراون و کوژراوەکانیش گەڕێندراونەوە بۆ شوێنی خۆیان. بەپێی ئامارە نیمچە فەرمییەکانیش، لە شەڕی ئەو دوو لایەنەدا، زیاتر لە 450 کەس لە هەردوولا کوژراون.
 
راگەیاندنی ئاگربەستەکە دوای 10 کاژێر لە قسەکردن لە مۆسکۆ هات، کە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەرپەرشتی دەکرد و راگەیێندراوێکیشی خوێندەوە. بەو شێوەیەی کە دانراوە ئاگربەستەکە پێویستە رێگە بۆ قسەکردن لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان خۆش بکات. 
 
ئەگەر شەڕ رابگیرێت، ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندبن بە ئاگربەستەکەوە، ئەوە دەبێتە دەستکەوتێکی دیپلۆماسیی گەورە بۆ رووسیا کە پەیمانێکی ئەمنی لەگەڵ ئەرمەنستان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی گەرمیشی لەگەڵ ئازەربایجاندا هەیە. 
 
ناگۆرنۆ قەرەباخ دەکەوێتە ئازەربایجانەوە، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێوخۆییە ئەرمەنییەکان بووە کە لەلایەن ئەرمینیاوە پشتگیریی دەکرێن.