رۆبۆت پیاوێک دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە کارگەیەکی کۆریای باشوور، رۆبۆتێک کە کاری هەڵگرتن و گواستنەوەی سندووقە، سەری لێتێکدەچێت و لە بری سندووق کارمەندێک هەڵدەگرێت، دەیکێشێت بە دارودیواری شوێنەکەدا و دەیکوژێت.
رووداوەکە رۆژی چوارشەممە، 8-11-2023، لە شاری کیۆنگسانگ لە کۆریای باشوور روویداوە.
کارمەندەکە لە چلەکانی تەمەنیدا بووە و کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور Yonhap بڵاویکردەوە، ئەو پیاوە کاری پشکنینی رۆبۆتەکان بووە، زانیویەتی کێشەیەک لە رۆبۆتەکەدا هەیە، پشکنینی بۆ هەستەوەرەکەی کردووە و کتوپڕ رۆبۆتەکە کەوتووەتەوە کار، ئەوی لەبری سندووقەکان هەڵگرتووە و چەندین جار کێشاویەتی بەملاولادا، دەموچاو و سەر سنگی بە تووندی کێشاوە بە دیوارێکدا.
دوای گیانلەدەستدانی پیاوەکە، کۆمپانیای Donggoseong Export Agricultural Complex کە خاوەنی کارگەکەیە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە پاش ئەو رووداوە، سیستمێکی "ورد و سەلامەت" دادەمەزرێنن.
ئەمە دووەم رووداوی هاوشێوەیە لە ئەم ساڵدا لە کۆریای باشوور رووبدات، لە مانگی ئاداریش، پیاوێکی دیکە لە کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا بەهۆی رۆبۆتەوە بە سەختی بریندار بوو.