سوێد مافی مانەوە لەو کۆچبەرانە وەردەگرێتەوە "کە تاوان دەکەن"

رووداو دیجیتاڵ 

لە سوێد حکومەت پرۆژەیاسایەکی ئامادە کردووە بۆئەوەی دەستی ئاوەڵابێ بۆ لێسەندنەوەی مافی مانەوە (واتە ئیقامە) و پاسپۆرتی ئەوانەی مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی سوێد دروستدەکەن.  
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان پارتە راستئاژۆکانی سوێد کراوە هەوڵدەدرێ لە مانگی سێی ساڵی داهاتووەوە وابکرێ یاساکە لە پەرلەمان دەربچێ و کاری پێبکرێ. 
 
وەک لە راگەیەندراوی وەزارەتی دادی سوێدیدا دەردەکەوێت، یاسا نوێیەکە وادەکات تەنانەت ئەوانەی بەشدارییان لە چالاکییەکی گرێدراو بە تیرۆریزم یان سیخوڕی بەسەر دامەزراوە ئابوورییە دەوڵەتییەکانیشەوە هەیە مافی مانەوە و پاسپۆرتیان لێ بسەندرێتەوە. 
 
هێشتا دیار نییە ئەمە چەندە پەیوەندیی بەو گۆڕانکارییانەوە هەیە کە سوێد لەژێر گوشاری تورکیادا کردوونی بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ. 
حکومەتی ئێستای ئە وڵاتە بە پشتیوانیی راستئاژۆکان لەسەر کارە و پەرۆشییەکی زۆر هەیە کە سەبارەت بە کۆچبەران سیاسەتێکی تووندی هەبێت. 
 
لە فەرەنساش گەنگەشەیەکی گەرم لەنێو پەرلەمان هەیە لەسەر یاساکانی کۆچبەری. چاوەڕواندەکرێ کۆمەڵێک گۆڕانکاری ریشەیی رووبدەن. لەوانەش وادەکات ئاسانتر مافی مانەوە لەوانە بسەندرێتەوە کە تاوانێکیان لەسەر ساخدەبێتەوە. هەروەها وەرگرتنی یارمەتیی پزیشکی بۆ ئەوانەی بەڵگەنامەی فەرمییان پێنییە قورستر دەکات. رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) دەڵێت گۆڕانکارییەکان وادەکەن منداڵانی کۆچبەرانیش کەمتر لەوەی ئێستا لە فەرەنسا بپارێزرێن.