بۆ پاراستنی نەژادیان، ئەفریقای باشوور 30 کەرکەدەن دەنێرێتە رواندا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەفریقای باشوور، ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی 30 کەرکەدەنی سپی بۆ وڵاتی رواندا دەکرێت. ئەمە بە گەورەترین گواستنەوەی بە گرووپی کەرکەدەن لە مێژوودا دادەنرێت.
لە دوای گەشتێکی 3 هەزار و 400 کیلۆمەتری بە فڕۆکە، کەرکەدەنەکان بەرەو ژینگە نوێیەکەیان لە پارکی نیشتیمانیی ئەکاگێرای رواندا بەڕێکران. مەبەست لەم گواستنەوەیەش پاراستنی نەژاد و وەچەخستنەوەی زیاتری کەرکەدەنەکانە لە ئەفریقا.
جێس گرەنەر، بەڕێوبەری هەرێمیی پارکەکانی ئەفریقا دەڵێت، ژمارەی کەرکەدەنەکان لە سەرتاسەری کیشوەرەکەدا بە شێوەیەکی بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و بە بەردەوامی دەکوژرێن. نزیکەی 10 هەزار کەرکەدەنی سپی لە تەواوی جیهاندا ماون. ئەمە بە تایبەتی بۆ رواندا دەرخەری ئەوەیە کە تاوەکو چەند رواندا جەخت لە پاراستنی سرووشت دەکاتەوە. ئەمە پاڵپشتیی پیشەسازیی گەشتیاریش دەکات و بەهای پاراستنی سرووشتیش نیشاندەدات.
بەهۆی راوکردنیانەوە، کەرکەدەنی سپی هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە. بەگوێرەی وەزارەتی ژینگەی ئەفریقای باشوور، تەنیا لە ساڵی 2020 دا 394 کەرکەدەن لەو وڵاتەدا راوکراون.
لە رواندا تیمێکی سەربازیی تۆکمە و پزیشکی ئاژەڵان چاودێریی بارودۆخی کەرکەدەنەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە راوکردن و نەخۆشی بیانپارێزن.
سایمن نەیلەر، بەڕێوبەری ناوەندی پاراستنی ئاژەڵ دەڵێت، "گەورەترین هەڕەشە بۆ ئەم کەرکەدەنانە راوکردنە. بۆیە ئەگەر بتوانین لە راوکردن بیانپارێزین و لەوە دڵنیابین کە خەڵکی تەقەیان لێ ناکەن و راویان ناکەن بۆ ئەوەی شاخەکانیان بفرۆشن، دەتوانین بڵێین کە ئێرە شوێنێکی باشە. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ژمارەی ئەم 30 کەرکەدەنە بۆ 60، 150 و 200ـیش زیاد نەکات لە ساڵانی داهاتوودا."
بۆ ئەوەی کەرکەدەنەکان نەبنە ئامانجی راوچییەکان، شاخەکانیان کورتکراونەتەوە. هەرچەندە لە ساڵی 1977 یاسای نێودەوڵەتیی بۆ قەدەخەکردنی بازرگانیکردن بە شاخی کەرکەدەن دەرچووە، بە گوێرەی ئاژانسەکانی پاراستنی کەرکەدەن، هەر شاخێکی یەک کیلۆگرامیی کەرکەدەن بە 65 هەزار دۆلار لە بازاڕی رەشدا کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت و نرخەکەی تاوەکو 350 هەزار دۆلار بە گوێرەی قەبارە و جۆرەکەی بەرزدەبێتەوە.
بەشێک لە خەڵکی پێیانوایە کاتێک شاخی کەرکەدەن دەهاڕدرێت بۆ مەبەستی پزیشکی سوودی لێدەبیندرێت. بەشێکی دیکە بۆ جادوو و وەکو گەوهەریش بەکاریدەهێنن.