ترەمپ دوای دیداری نەتەنیاهوو: رێککەوتنم لەگەڵ ئێران پێ باشترە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا لە کۆشکی سپی دۆسیەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان تاوتوێ کرد. ترەمپ دوای کۆبوونەوەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی کردەوە کە هێشتا رێککەوتنی دیپلۆماسی خاڵی لەپێشینەیە، بەڵام هۆشداریی تووندیشی دایە تاران لە ئەگەری شکستی دانوستاندنەکان.
ئەمە 7ـەمین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرکردەیە لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە دەسەڵات. نەتەنیاهوو بە شێوەیەکی کتوپڕ و یەک هەفتە زووتر لە وادەی دیاریکراو گەیشتە واشنتن و لەرێگەی دەروازەیەکی لاوەکییەوە چووە ناو کۆشکی سپی بەبێ ئەوەی رێوڕەسمی پاسەوانی شانازی بۆ رێکبخرێت. هەرچەندە وێنەی تەوقەکردنیان بڵاوکرایەوە، بەڵام رۆژنامەڤانان رێگەیان پێنەدرا ئامادەی گفتوگۆکان بن.
ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە "زۆر باش" بووە و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە مەزنی بەردەوامن. ترەمپ گوتی: "من جەختم کردەوە کە دەبێت دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن تاوەکو بزانین رێککەوتن دەکرێت یان نا. ئەگەر بکرێت، ئەوە بژارەی پەسندکراوی من دەبێت."
ترەمپ نووسی: "نەگەیشتینە هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە، جگە لەوەی من جەختم کردەوە کە دەبێت دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانرێت رێککەوتنێک بکرێت یان نا."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی ئاراستەی تاران کرد و ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەوی بیرهێنانەوە کە تێیدا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025 ئەمریکا هێرشی کردە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران. ترەمپ گوتی: "جاری رابردوو ئێران بڕیاری دا رێککەوتن نەکات و بە چەکوشی نیوەشەو لێیاندرا، ئەوەش بۆ ئەوان باش نەبوو. هیوادارم ئەمجارە لۆژیکی و بەرپرسیارانە بن."
نەتەنیاهوو چی دەوێت؟
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە پێشتر لەگەڵ نێردەکانی ترەمپ (ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر) کۆبووەوە، دەیەوێت واشنتن هێڵێکی تووندتر بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر. نەتەنیاهوو داوا دەکات هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکرێت، دەبێت "سنووردارکردنی مووشەکە بالیستییەکان و بڕینی دەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران" لە ناوچەکەدا لەخۆ بگرێت.
ئەم گوشارانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک نوێدا لەگەڵ ئاژانسی ئەکسیۆس، رایگەیاندووە کە "بیری لەوە کردووەتەوە" گروپێکی دیکەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ زیادکردنی گوشارەکان."
ئەنجوومەنی ئاشتی و دۆخی ناوچەکە
جگە لە پرسی ئێران، نەتەنیاهوو لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە فەرمی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتیی ترەمپ. ئەم ئەنجوومەنە کە بڕیارە لە 19ـی شوبات لە واشنتن کۆببێتەوە، ئامانجی سەرەکیی چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززەیە، بەڵام ترەمپ دەیەوێت وەک رکابەرێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی بۆ دروست بکات.
ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا گەشبینیی خۆی دەربڕی و گوتی: "باسمان لەو پێشکەوتنە مەزنە کرد کە لە غەززە و ناوچەکە بەدەستهاتووە. بە راستی ئێستا ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئێران تاوەکو ئێستا رەتیدەکاتەوە باس لە دۆسیەی مووشەکی و گرووپەکان بکات و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاندووە وڵاتەکەی لە بەرامبەر "داواکارییە زیادەکان"دا سەر دانانوێنێت، هەرچەندە جەختی کردووەتەوە، بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێن.
دەقی پۆستەکەی ترەمپ
هەر ئێستا کۆبوونەوەم لەگەڵ نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ژمارەیەک لە نوێنەرەکانی کۆتایی پێهێنا. کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، پەیوەندییە مەزنەکەی نێوان هەردوو وڵاتەکەمان بەردەوامە. نەگەیشتینە هیچ شتێکی یەکلاکەرەوە، جگە لەوەی من جەختم کردەوە کە دەبێت دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بەردەوام بن بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانرێت رێککەوتنێک بکرێت یان نا. ئەگەر بکرێت، ئەوا بە سەرۆکوەزیرانم راگەیاند کە ئەوە بژاردەی دڵخواز (پەسەندکراو) دەبێت. ئەگەر نەشکرێت، ئەوا تەنیا دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین دەرەنجامەکە چی دەبێت. جاری رابردوو ئێران بڕیاریدا کە باشترە رێککەوتن نەکات و بە گورزی چەکوشی نیوەشەو لێیاندرا، ئەوەش ئەنجامێکی باشی بۆ ئەوان نەبوو. هیوادارم ئەمجارە لۆژیکیتر و بەرپرسیارتر بن. سەرەڕای ئەوەش، باسمان لەو پێشکەوتنە مەزنە کرد کە لە غەززە و ناوچەکە بە گشتی بەدەستهاتووە، بەڕاستی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە.