ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ بەوە نادات بەسەر سۆماڵییەکاندا دێت


رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی سۆماڵی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە زووترین کات هاریکاری پێشکێشی ئەو وڵاتە بکات کە رووبەڕووی "زریانێکی تەواو" لە وشکەساڵی بووەتەوە. باسیش لەوە دەکات، تەنیا 15٪ی ئەو بڕە پارەیەیان بەدەستگەیشتووە کە بۆ هاریکاریی سۆماڵ داوایانکردووە.
 
رۆژی سێشەممە، 11-4-2023، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە سۆماڵ. گۆتێرێز رایگەیاند، بۆ هاوسۆزیی خەڵکی قۆچی ئەفریقا سەردانی سۆماڵی کردووە کە زیاتر لە 5 ملیۆن هاووڵاتی لەوپەڕی ناسەقامگیریی خۆراکدا دەژین.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز رایگەیاند، "ئەم [دۆخەی لە سۆماڵ هەیە] تێکەڵەیەکە لە تیرۆر و وشکەساڵی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هاتووەتە ئاراوە؛ ئەمە زریانێکی بەهێزە بۆ خەڵکی سۆماڵ و پێویستی بە پاڵپشتییەکی زۆر گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."
 
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بە رۆژنامەڤانانی گوت، "خەڵکێکم بینی کە ئاژەڵە ماڵییەکانیان لەدەستداوە، موڵکەکانیان لەدەستداوە، هەموو شتێکیان لەدەستداوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆتێرێز باسی لەوە کرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ ئامادەییەکی بۆ پاڵپشتیکردنی سۆماڵ نیشان نەداوە. گوتیشی، داوایان کردووە 2 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار هاریکاریی مرۆیی بگەیێنرێتە سۆماڵ، بەڵام تەنیا 15٪ی ئەو بڕە پارەیە کۆکراوەتەوە.
 
نووسینگەی سەرۆکایەتیی سۆماڵ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەردانەکەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز بۆ هاوسۆزیی دەربڕینە بۆ حکومەت و پرۆسەی دیموکراسی لە سۆماڵ". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەردانە پابەندی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان "بۆ پاڵپشتیکردنی پلانەکانمان بۆ باشکردنی دەوڵەت و سەقامگیرکردنی وڵاتەکە نیشاندەدات".
 
نەبارین بۆ ماوەی 5 وەرزی لەسەریەک لە سۆماڵ، کینیا و ئەسیوپیا هۆکاری دروستبوونی خراپترین وشکەساڵییە لە 40 ساڵی رابردوودا کە بەهۆیەوە ئاژەڵە ماڵییەکان مردار دەبنەوە و دەخڵودان وشک بووە و یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتیش بەهۆی نەبوونی ئاو و خۆراکەوە ئاوارە بوون.
 
وشکەساڵی چەند ساڵی رابردوو لە سۆماڵ کاریگەری لەسەر 8 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی هەبووە. سۆماڵ تەنیا کاریگەریی وشکەساڵی نەچووەتە سەر. بەڵکو شەڕێکی نێوخۆیی لە نێوان حکومەتی سۆماڵ و گرووپی چەکداریی شەباب هەیە.