فڕۆکەیەکی تورکیش ئێرلاین لە نیپاڵ گڕی گرت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ( تورکیش ئێرلاین) لە کاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی سەرەکیی نیپاڵ ئاگری گرت، ئەمەش بووە هۆی داخرانی فڕۆکەخانەکە، بەڵام هیچ بریندارێکی لێنەکەوتەوە.
گەشتەکە لە ئیستەنبووڵەوە کرابوو، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "تریبوفان" لە کاتماندۆ نیشتەوە، بەڵام پێش ئەوەی سەرنیشەکانی دابەزن، ئاگر کەوتەوە و بە ناچاری سەرنشینانی فڕۆکەکە لە دەرگەی خزمەتگوزاری دابەزین.
بەگوێرەی بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتنە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد و سەرنشینەکان بە سەلامەتی گواسترانەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە فڕۆکەخانەکە بەهۆی ئەو رووداوەوە داخرا. 277 سەرنشین لەناو فڕۆکەکەدا بوون کە لە جۆری ئەیرباس 330 بوو.
فڕۆکەیەکی تورکیش ئێرلاینز لەکاتی نیشتەوەدا لە نیپاڵ ئاگری گرت و خەڵک لە دەرگەی فریاگوزاری دەچنە دەرەوە pic.twitter.com/BuxCFdGvN2
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 11, 2026
چەندین فڕۆکە کە بەرەو کاتماندۆ دەچوون راگیران، لەکاتێکدا بەرپرسان سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەوڵدان بوون بۆ پاککردنەوەی تاکە رێڕۆی نیشتنەوە و فڕین (Runway) کە لە فڕۆکەخانەکەدا بەردەستە.
نیپاڵ رووداوی کەوتنی فڕۆکەی زۆر تێدا روودەدات، چونکە ناوچە شاخاوییەکانی و کەشوهەوا ناجێگیرەکەی بارودۆخی فڕین سەخت دەکەن.
لە ساڵی 2015 دا، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی (تورکیش ئێرلاین) لە کاتی نیشتنەوەیدا لەناو تەمومژێکی چڕ لە کاتماندۆ، لە رێڕۆوێکی خلیسکاو لایدا و بەو هۆیەوە فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک داخرا. لەو رووداوەشدا هیچ بریندارێک نەبوو و، دواتر فڕۆکەکە لەناو فڕۆکەخانەکە راکێشرا و کرایە مۆزەخانە.